لە مانگی نیساندا ٣٢ ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون

بەگوێرەی ڕاپۆرتی مانگی نیسانی پلاتفۆڕمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕادەوەستێنین، ٣٢ ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون و ١٣ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕادەوەستێنین "KCDP" ڕاپۆرتی مانگی نیسانی ڕاگەیاند, بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی نیساندا ٣٢ ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون و ١٣ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ١٠ ژن بەهۆی ئەوەی ویستوویانە لە هاوژینەکانیان جیا ببنەوە و هاوسەرگیری کردن و دروستبوونی پەیوەندییان ڕەتکردووەتەوە کوژراون، ژنێک بەهۆی ئەوەی دایک و باوکی ناکۆک بوون، یەکێک بە بیانووی ئەوەی منداڵەکەی بەردی فڕێداوە، یەکێک بەهۆی هۆکاری ئابوورییەوە کوژراون، ١٨ ژنیش بیانووی کوشتنەکەیان دیاری نەکراوە.