هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بوومەلەرزەکە دەدرێن

ئەندامانی مانگی سووری کوردی ڕایانگەیاند، ڕێوشوێنی خۆپارێزی بەرامبەر بوومەلەرزەکە دەگیرێتەبەر و داوا لە خەڵک دەکەن کاتێک هەستیان بە بوومەلەرزە کرد، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٦ی شوبات کاتژمێر ٤:١٤ خولەکی بەیانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤، ٧.٧ و ٦.٤ پلە لە ناحیەی بازارجەی شاری مەڕەش ڕوویدا و زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریای گرتەوە.

 

مانگی سووری کوردی و بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکدا خستیانەڕوو، ئامادەی هاوکاری و پێشوازیکردن لە قوربانیانی کارەساتی بوومەلەرزەکەن، هاوکات لە شاری قامیشلۆ و تل تەمری سەر بە کانتۆنی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ڕێگریکردن لە لێکەوتە نەرێنییەکانی بوومەلەرزە کامپیان دانا و ڕۆژانە خەڵک هۆشیار دەکەنەوە.

 

بۆ بوومەلەرزەکە لە شاری قامیشلۆ کامپ دانران

مانگی سووری کورد بە هەماهەنگیی ئیدارەی خۆسەر، شارەوانی گەل، ئەنجومەن و پێکهاتەکان لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پاراستنی گەل لە یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئازار کامپیان دانا و پێداویستییەکانی ژیانیان لەناو چادرەکاندا ئامادە کرد.

 

نەسرین حسێن، ئەندامی مانگی سووری کوردی شاری قامیشلۆ، سەبارەت بەو ئامادەکارییانەی کە بۆ بوومەلەرزەکە کردوویانە وتی: ئێمە وەک مانگی سووری کوردی ڕێکاری گرنگ و بەپەلەمان گرتەبەر، لە شاری قامیشلۆ کامپمان دانا و پێداویستی پزیشکیمان بۆ چادرەکان دابینکردووە، جگە لە پێداویستی خزمەتگوزاری وەک گەرمکەرەوە و بەتانی و ئیسفەنج، بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی کارمەندانی پزیشکی شەوانە ئامادە دەبن بۆ پاراستنی خەڵکی شارەکە.

 

نەسرین حەسەنی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی هاوکارییان ناردووە بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی حەلەب و داوای لە خەڵک کرد بە وریاییەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی لە هەر دەرئەنجامێکی نەرێنی بوومەلەرزەکە دووربن کە ئەگەری ڕوودانی هەبێت.

 

"پێویستە خەڵک بە وریاییەوە مامەڵە بکەن بەرامبەر بە بوومەلەرزەکە"

لە ناوچەی تل تەمر لەبەردەم چوارڕیانی شەهید قەندیل کە لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی M4 ە، دەستدەکرێت بە هەڵدانی چادر بۆ پێشوازیکردن لەو کەسانەی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە.

 

حەنوف ئیبراهیم، ئەندامی مانگی سووری کوردی لە ناوچەی تل تەمر، ڕایگەیاند، دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو بوومەلەرزەیە کە ڕەنگە دووبارە ببێتەوە، گەل دەتوانێت خۆی لە شەڕ بپارێزێت، پێویستە خۆیان لە بوومەلەرزەکەش بپارێزن و وتی: گەل دەتوانێت خۆی بپارێزێت و بەهێزتر بێت لە بەرامبەر ئەو شەڕەی کە ١١ ساڵە لە ناوچەکەدا بەردەوامە، بەڵام پێویستە خەڵک بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و لە کاتی بوومەلەرزەدا زیاتر وریا بن، خەڵک لە باڵەخانە بەرزەکان دوور بکەونەوە و بچنە پارک و شوێنی چۆڵ و گۆڕەپانی قوتابخانەکان، گەلەکەمان کە ئەوەندە شەڕی بینیوە، لە مەترسییەکە تێدەگات، بۆیە پێویستە وریا بن و یارمەتی خۆیان بدەن، ئەمە تۆپ و فڕۆکە نییە، بوومەلەرزەیە، دەبێت بەپێی توندییەکەی مامەڵە بکەن و خۆتان بپارێزن.