دەوڵەت نییە و گەل بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی لە ژێر بیناکاندان داوای هاوکاری دەکەن

لە زۆرێک لە شارەکانی چوکرۆڤا کە دوای بوومەلەرزەکە وێران بووە، تیمەکانی هاوکاری و ڕزگارکردن نەنێردراون و خەڵک هەوڵ دەدەن ئەو کەسانە ڕزگار بکەن کە لە ژێر خۆڵ و خاشاکدا ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەکە کە چەقەکەی مەرەش و دیلۆکە، لە زۆربەی شارەکان کارەسات و وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە و گەڕان و ڕزگارکردنی خەڵک بەردەوامە، بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و فریاکەوتن "AFAD" ڕایگەیاندووە، کە لە بوومەلەرزەکە سێ هەزار و ٣٨١ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٢٠ هەزار و ٤٢٦ کەسی دیکەش برینداربوون،  ٧ هەزار و ٨٤٠ کەسیش بە زیندوویی ڕزگارکراون.

 

"ئافاد و دەوڵەت ئامادەی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان نین"

هاتای یەکێکە لەو شارانەی کە وێرانکاریی تێدا ڕوویداوە تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن هێشتا نەچوونەتە زۆر ناوچەی هاتای، دەوترێت هەزاران کەس لە هاتای لە ژێر بینا ڕوخاوەکاندا ماونەتەوە و دەیان هەزار کەسیش شەویان لە دەرەوە بەسەربرد، زەکیی یگیتباشی، سەرۆکی شارەوانی پێشووی شارەوانی شاری هاتای لە پەخشێکی تەلەفزیۆنیدا بەشداری کرد و ڕایگەیاند "لە شوێنێکی نیشتەجیبوونی ١٠ بلۆکی شارەکە ڕووخاوە و هەزاران کەس ژیانیان لەدەستداوە و وەک هەمیشە وازیان لێهێنراوە، نە ئافاد و نە دەوڵەت هیچ کەسێک نییە هاوکارییان بکات".

 

لە ئەسکەندەرون تیمێکی کەم هەیە

چەند تیمێک گەیشتوونەتە شارۆچکەی ئەسکەندەرون و کار لەسەر سێ بینای ڕووخاو دەکەن و نزیکەی ٢٤ کاتژمێر دواتر چوار کەس کە منداڵێکیان تێدایە و بریندارن ڕزگاکران، کاتژمێر ٣:٣٥ لە بینای ڕەشیت دوو برا بە ناوەکانی مەحمەت و هاکان یەڵماز چاگان ڕزگارکران و تیمەکانی ڕزگارکردن لە بینای یاڵم کە ٥ نهۆمە، کوبیلای ئۆزەری تەمەن ٢٦ ساڵ و نەجلە بایگوڵ لە بینای ئاکگوڵ دەرکران لە هەمان کاتدا.

 

خەڵکی ئەدەنە شەوەکەیان لە دەرەوە بەسەربرد

لە ئەدەنە ١١ بینا زیانیان پێگەیشتووە تا ئێستا ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی ئەدەنە شەویان لە دەرەوە بەسەربرد، حەسەن ئاکسونگور، سەرۆکی ژووری ئەندازیارانی بیناسازی لقی ئەدەنە ڕایگەیاند کە پێویستە دەسەڵاتەکان کاری خێراتر بکەن و دەست بەکارەکانی نوێکردنەوە بکەن.

 

ئەحمەد ئونجو، سکرتێری دەستەی هەماهەنگی شارەکە و یەکێتی ژووری ئەندازیاری و بیناسازیی تورکیا لە ئەدەنە ئەوەی خستەڕوو، کە پێویستە ئەو پێشنیارە لەلایەن سەرۆکایەتی بەشی بوومەلەرزەوە دابمەزرێت، پێشنیارەکەیان لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی شارەوانیی ئاکەپە و مەهەپە ڕەتکرایەوە، و وتی: "گوناهی گەل لە دەستی ئاکەپە – مەهەپەیە".

 

چەندین تیم لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هاتنە ئەدەنە و چوونە ناوچەی بوومەلەرزەکە.

 

لە عوسمانییە ١٣١ کەس گیانیان لەدەستدا

یەکێک لە شارەکانی ژێر کاریگەری بوومەلەرزەکە عوسمانییەیە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەم دواییەی پارێزگای عوسمانی، ١٣١ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان بینایش لەناوچوون، لە هەڵمەتەکانی گەڕان و ڕزگارکردندا کە هاوڵاتیان بە ژمارەیەکی دیاریکراوی تیمەوە ئەنجامیان داوە، پاش نزیکەی ٢٦ کاتژمێر کەسێک لەبن داروپەردووی باڵەخانەیەک دەرهێندرا و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

 

میتحەت سەنجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی ئەدەنە دەچێتە ناوچەی بوومەلەرزەکە.

 

لە ناوچەی ئیسڵاحییەی دیلۆک، تا دێت ئاماری بومەلەرزەکە بەرز دەبێتەوە و دەوترێت ٪٨٠ی شارۆچکەکە وێران بووە و زیانی بەرکەوتووە، تیمەکانی ڕزگارکردنیش هێشتا نەگەیشتوونەتە ناوچەکە و هاوڵاتیان خۆیان بەردەوامن لە گەڕان و ڕزگارکردن.