"لە حەلەب و شەهبا ماڵی پەنابەران وێران بوو"

ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین- شەهبا، سەبارەت بە پێشوازیکردن لە هاوڵاتیانی حەلەب کە بەهۆی بوومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتووە، لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی پێشکەشکرد.

شەهبا

 

بوومەلەرزەیەک، کە دوێنێ کاتژمێر ٠٤:١٧ لە مەڕەش بە گوڕی ٧.٤ ڕوویدا، زیانێکی زۆری بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لێکەوتەوە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە لە کانتۆنی شەهبا ١٠ کەس برینداربوون و لە حەلەبیش ٦ کەسی گیانیان لەدەستداو و ٤٣ کەسیش برینداربوون، هاوکات لە کانتۆنی عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە، زیانی گیانی و ماددیی زۆری لێکەوتووەتەوە کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە تا ئێستا چارەنووسی چەندین کەس لەژێر بینا وێرانکراوەکان نەزانراوە.

 

گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب زیانی زۆریان پێگەیشتووە و لە دوێنێوە هەزاران کەس بەرەو کانتۆنی شەهبا بەڕێکەوتن و لە ژێر چادری کۆچبەران نیشتەجێ بوون و ماڵ و حاڵیان وێران بووە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێم دەرگای بە ڕووی خەڵکی حەلەبدا کردەوە و پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچەکە دابین دەکات.

 

ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین- شەهبا، سەبارەت بە ڕووداوەکە لە کامپی سەردەم لە ناوچەی ئەحداسی کانتۆنی شەهبا لێدوانێکی زارەکی دا دانیشتوانی هەرێمەکەش بەشدارییان لەو بەیاننامەیە کردووە، لێدوانەکە لە لایەن جەمال ڕەشید، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین- شەهبا خوێندرایەوە.

 

بوومەلەرزەکە زیانی زۆری لێکەوتەوە

لە سەرەتای لێدوانەکەدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرا کە گیانیان لەدەستداوەو داوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران کرا، وتی: "لە دواین بوومەلەرزەدا، لە ناوچەکانی سوریادا داڕوخانی زۆر ڕوویداو زیانێکی زۆر بە هاوڵاتیان گەیشت، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەدا سەدان کەس گیانیان لەدەستداو بە هەزاران کەسیش برینداربوون، ئەو بینایانەی کە خەڵک تێیدا دەژیان هەڵوەشان، کانتۆنی شەهبا یەکێکە لەو ناوچانەی کە زیانی گیانیی و مادیی لێکەوتووەتەوە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکانی شەهبادا ١٠ برینداری لێکەوتەوە و ماڵی کۆچبەران هەڵوەشان، لە حەلەبیش زیان بە گەلەکەمان گەیشت و بیناکان هەڵوەشان، بۆیە ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەرگاکانمان بەڕووی خەڵکی حەلەبدا کردەوە و خەڵکەکەمان لە شەهبا و کەمپەکان نیشتەجێ کرد، ماوەیەک لەمەوبەر بینایەک لە حەلەب ڕووخا و لە ئەنجامی ئەو تێکشکانەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و تا ئێستا برینەکانیان لەبیر نەکراون".

 

پێویستەهاوکاری دانیشتوانی مەدەنی دابینبکرێت

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەوان بەو دەرفەتانەی لەدەستیاندایە یارمەتی گەلەکەیان دەدەن و وتیان: "ئێمە پێشوازی لەو کەسانە دەکەین کە لە حەلەبەوە بەرەو شەهبا بەڕێکەوتوون و سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی کە لە هەرێمەکەدا دەکرێت، هاوکاریان دەکەین بۆ دابینکردنی خۆراک و شوێنە پارێزراوەکان و پێداویستییەکانی ژیان پێکەوە بەم قەیرانەدا تێدەپەڕین، پێویستە هەموو ڕێکخراوە مرۆییەکان یارمەتی خەڵکی مەدەنی بدەن و پێداویستییە مرۆییەکانیان بۆ دابین بکەن، ئێمە ئامادەین دەرگاکانمان بۆ هەمووان بکەینەوە و پێداویستییەکانیان جێبەجێ بکەین".