بۆ داخستنی ڕێگا لاوەکییەکانی گۆرستانی ئایچی سەقز بەنداوی چراغ وەیس کرایەوە

هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێگا لاوەکییەکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی سەقز کە شوێنی ناشتنی ژینا ئەمینییە، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بە کردنەوەی دەروازەکانی ڕارەوی ئاوی بەنداوی چراغ وەیس گیران.

سەقز

 

ڕۆژی شەممە، ١٤ ئەیلوول، دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی بە کردنەوەی ئاوی بەنداوی چراغ وەیس بۆ ڕووباری سەقز، ڕێگا لاوەکییەکانی چوون بەرەو گۆڕستانی ئایچی سەقزیان داخست. ئەم کارە بە مەبەستی ڕێگریکردنی خەڵک لە چوونە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی و ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی، گیراوەتەبەر.

 

دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی بە کردنەوەی دەروازەی ڕاڕەوەکانی ئاوی بەنداوی چراغ وەیس، بە ئەنقەست ئاوی ڕووباری سەقزیان بە شێوەیەک لادا کە ڕێگای لاوەکی بۆ گۆڕستانی ئایچی، شوێنی ناشتنی ژینا ئەمینی بگرێت، هەروەها جووتیاران و باخەوانانی ناوچەکە ئاگادارکرانەوە کە بزوێنەری ئاوەکانیان لە بنی ڕووبارەکە دەربهێنن و بیگوازنەوە بۆ شوێنی دیکە بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات.

 

ئەم کردەوەیە لەکاتێکدا ڕوویدا کە لە ماوەی ڕابردوودا و بەتایبەت لە یادی چلەی ژینا ئەمینیدا خەڵکی ناڕازی بۆ گەیشتن بە گۆڕستانی ئایچی ئەم ڕێگایانەیان بەکارهێنا. دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەم جۆرە ڕێوشوێنانە هەوڵ دەدەن پێشی لە کۆبوونەوەی گشتی لەم شوێنە بگرن.

 

گۆڕستانی ئایچی بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی ناڕەزایەتی خەڵک لە دژی حکومەت و ساڵانە خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەم شوێنە دەکەن بۆ ڕێزلێنان لە یادی ژینا ئەمینی. هاوکات داخستنی ئەم ڕێگایانە وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی کۆنترۆڵ کردن و ئەمنی حکومەت لێکدەدرێتەوە.