چالاکوانان داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی لە غەززە دەکەن

چالاکوانانی ڕێکخراوە فێمێنیستییە نێودەوڵەتی و عەلمانییە عەرەبییەکان نیگەرانییەکی قووڵیان دەربڕی سەبارەت بە بارودۆخی ٦ مانگی کەرتی غەززە و داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی و هاوکاری مرۆیی دەستبەجێ و گەڕانەوەی ئاوارەکان و بونیادنانەوەی ناوچە وێرانکراوە

بەیروت

 

چالاکوانانی ڕێکخراوە فێمێنیستی و عەلمانییەکانی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و نیگەرانییەکی قووڵیان دەربڕی سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی کە زیاتر لە ٦ مانگە لە غەززە ڕوویداوە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس کە ٧٠%یان ژن و منداڵن، هەروەها داوای ڕاگرتنی ئەو جینۆسایدە و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی دەکەن.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: وەک چالاکوانانی سەر بە ڕێکخراوە فێمێنیستییە عەلمانییەکان، نیگەرانی قووڵمان دەردەبڕین سەبارەت بە دۆخی سەختی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە غەززە کە لە لێواری برسێتی و کۆمەڵکوژی زیاتردان بەدەستی ئیسرائیل بە پشتیوانی تەواوی ئەمەریکا و چینی فەرمانڕەوای ڕۆژئاوا.

 

بەیاننامەکە ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکات کە غەززە بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ مانگە شایەتی دەدات، بووە هۆی کوژران و برینداربوون و بێسەروشوێن بوونی دەیان هەزار منداڵ، هەروەها داوا لە هەموو بزووتنەوە پێشکەوتووەکان و ڕێکخراوەکان کراوە کە داوای ئازادی و یەکسانی دەکەن لە جیهاندا، بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی ژنان، هەڵوێستێکی بەهێزیان هەبێت لەسەر لایەنی دادپەروەری و مرۆڤایەتی، هێشتنەوەی جیهان بە بێدەنگی مانای ئەوەیە کە لەگەڵ داگیرکەر و بکوژ و چەوسێنەردان.

 

تێیدا هاتووە: مافە مەدەنییەکان لەژێر هێرشێکی تونددان لەلایەن حکومەتەکانەوە، سانسۆرکردن و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان و قەدەغەکردنی خۆپیشاندان لە ڕۆژئاوادا بووەتە باو و بەرگریکردن لە دادپەروەری بە فراوانترین مانای زاراوەکە بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییە کە دەکەوێتە سەر شانی هەمووان.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکە داوا لە جیهان کراوە کە خەبات بکەن بۆ دادپەروەری بۆ خەڵکی فەلەستین، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ئیدانە بکەن بەهۆی دڕندەیی و پڕوپاگەندە و درۆکانیانەوە.