"من بەبێ هیچ پشتیوانییەکی حکومەتی ئێران ژمارەی پێوانەیی جیهانیی گینسم شکاند"

بەهار غوڵام وەیسی جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە تاکە ژنە لە ئێران کە ژمارەی پێوانەیی جیهانیی گینس بشکێنێت، بەڵام هیچ پشتیوانییەکی نەبووە تا بتوانێت بەردەوام بێت.

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- ژنانی بەهێز و بوێر هەن کە سەرەڕای ئەو سەختییانەی لە کۆمەڵگەکەیاندا ڕوبەڕووی دەبنەوە، توانیان سەرکەوتنی خۆیان نیشان بدەن، یەکێک لەو ژنانەش بەهار غوڵام وەیسییە، تەمەنی ٤٢ ساڵە و خەڵکی گوندی بێسارانی شاری سنەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهار یاریزانی لەشجوانی و خاوەن ڕیکۆردی جیهانیی گینسە.

 

بەهار غوڵام وەیسی دەڵێت: ١٥ ساڵە وەرزش دەکەم و ١٠ ساڵە مەشقی لەشجوانیم کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥ پلەی یەکەمم لە پێشبڕکێکانی زۆرانبازیدا بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٦شدا ژمارەی پێوانەیی جیهانیی گینسم شکاند لە سکواتکردن بە کێشی ٣٠٠ کیلۆ، هەرچەندە من تاکە ژنی ئێران بووم و ژمارەی پێوانەییم شکاند، بەڵام ئەنجومەنی وەرزش هیچ پشتیوانییەکی بۆ نەکردم، بۆیە ناتوانم درێژە بەو پێشبڕکێیانە بدەم.

 

بەهار ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای ئەو هەموو سەختییانەی ڕووبەڕووم بوونەتەوە، هەوڵمدا بەردەوام بم لە وەرزش و لەسەر پێی خۆم بوەستم"، داوای لە هەموو ژنان کرد کە وەرزش بکەن و ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، چونکە ماسولکەکان لەگەڵ تەمەندا لاواز دەبن، وتیشی: هیوادارم ژنان بتوانن بگەنە ئەو شوێنەی ئێستام و پاڵپشتی بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن ڕکابەری بکەن، ئێمە زۆر ژنمان لە ئێران هەیە کە هێز و توانای جەستەیی زۆریان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ پشتیوانییەک نییە و هیچیان بۆ ناکرێ، دەستبەرداری هەموو شتێک دەبن.

 

بەهار غوڵام وەیسی ڕوونیکردەوە، "کاتێک چوومە ئەنجومەنی وەرزش، چەکێکی یەک ملیۆن تمەنیان پێدام وەک خەڵات و گوتیان ئەمە خەڵاتی تۆیە، کاتێک چەکەکەم بینی پێکەنیم و وتم، من تاکە کەس بووم ژنێکی خەڵکی ئێران کە ئەم ژمارەی پێوانەیی شکاندووە، ئایا ئەمە شایەنی منە؟، چەکەکەم بەجێهێشت و لەوێ ڕۆیشتم، لە کاتێکدا هەموو کەس پێیان وایە پشتگیریان لێکردوم، بەڵام ئەم کارانە وایان لێکردم هەست بە ساردی بکەم بەرامبەر بە کێبڕکێکان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بەهار غوڵام وەیسی وتی: ژیانێکی زۆر سەختم بەسەر بردووە، وە بارودۆخەکانم بە هیچ شێوەیەک باش نەبوون، کەسیشم نەبوو پشتیوانیم بکات، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییانە منداڵەکانم پەروەردە کرد و بەردەوام بووم لە وەرزش و ڕاهێنان لە لە هۆڵەکانی وەرزش، لە ساڵانی ڕابردوودا، کاتێک لە شاری سنە دەژیام، لە تاران پێشبڕکێیەک هەبوو بەڵام پارەی کرێی ئۆتۆمبێلم نەبوو بۆ ئەوەی بچم و بەشداری بکەم، بۆیە دەبێت ژنان باوەڕ بە خۆیان بکەن و لە سەختترین بارودۆخدا بەردەوام بن لە کارەکانیان.