ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ، بە کۆکردنەوەی گیای پزیشکی بژێوی ژیانی پەیدادەکات

دیوێریە سەرەڕای تەمەنی ژنێکی بەهێزە و بەردەوام ڕەگی ڕووەکەکان کۆدەکاتەوە و کاردەکات، باوەڕی وایە بەجوڵە و کارکردن هەست بە زیندووی دەکات. سۆرگوڵ شێخۆ

دیوێریە سەرەڕای تەمەنی ژنێکی بەهێزە و بەردەوام ڕەگی ڕووەکەکان کۆدەکاتەوە و کاردەکات، باوەڕی وایە بەجوڵە و کارکردن هەست بە زیندووی دەکات.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

ڕووەکی بەلەک "licorice" ، ڕەگەکەی لە سووریا و میسر و زۆر ناوچەی ئاسیا و ئەورووپادا گەشە دەکات، ڕەگی بەلەک بە یەکێک لە کۆنترین چارەسەری گیایی لە جیهاندا دادەنرێت، جۆرێکی تری ڕووەکی بەلەک لە ئەمریکا دەڕوێت و بۆ دروستکردنی چا بەکاردەهێنرێت، ڕەگی بەلەک بە ١٢ ڕەنگ و تامی جیاوازهەیە، کە جگە لە تامەکەی چەندین سوودی تەندروستیشی هەیە.

لەگەڵ هاتنی بەهاردا دیوێرییەی تەمەن ٥٠ ساڵ دەچێتە نزیک ڕووباری هابور بۆ کۆکردنەوەی ڕەگی ڕووەکەکە، دیوێرییە پێش ئاوارە بوونی لە گوندی ئومکەلف سەربە شارۆچکەی تەل تەمری شارۆچکەی حەسەکە دەژیا ئێستاش لەگەڵ کەسوکار و خێزانەکەی له گوندی تەلنەسر دەژی.

 

"لە چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشیدا بەسوودە"

دیوێریە لە کاتی شوشتنەوەی گیایی بەلەک باسی لە سوودەکانی ڕەگی ڕووەکەکە کرد،" ڕەگی بەلەک بۆ زۆر نەخۆشی سودی لێدەبینرێت، بەگشتی لە نزیک ڕووبارەکان و جۆگە و ناوچە شێدارەکاندا گەشە دەکات، پێویستی بە ئاوە بۆ گەشەکردنی ڕەگەکەی و پێگەشتنی، چەندێک بتوانم زۆر تر زەویەکە هەڵدەکەنم تا بتوانم ڕووەکی زیاتر کۆبکەمەوە ئەمەش زۆرتر ماندووم دەکات، ئەگەر سەیری دەستەکانم بکەیت، دەبینیت کە زەحمەتی و ماندوبوونی زۆری پێوە دیارە، ڕەگەکانی زۆر درێژن، دوای کۆکردنەوەیان بە بازرگانەکانی دەفرۆشم، بیست ساڵ پێش ئێستا دەستم بەکۆکردنەوەی ئەم رووەکە کردووە و بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی منداڵەکانم پشتم پێبەستووە بەم شێوەش منداڵەکانم پێگەیاند".

 

سوودەکانی ڕووەکی بەلەک

ڕووەکی بەلەک سوودی زۆرە، بۆ چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێت چارەسەری ئازاری قوڕگ و ئازاری سنگ و لابردنی دژە هەڵاوسان و ئازاری ماسولکە یارمەتی هەموو لەش دەدات، هەروەها لەگەڵ خانە شێرپەنجەییەکان شەڕ دەکات لە جەستەی ژندا کاریگەری هەیە بۆ هاوسەنگ کردنی هۆرمۆن، وەک هەر گیایەکی تر زیانیشی هەیە ئەگەر بە ڕێگەیەکی دروست بەکارنەهێنرێت بۆ نموونە لە کاتی دوو گیانیدا زیانی هەیە.

 

" زۆربەی شارەکان دەچم بۆ کۆکردنەوەی گیا"

دیوێریە، لە قسەکانی بەردەوامبوو و وتی "هەموو وەرزێک بۆ کۆکردنەوەی گیا جیاوازەکان دەچم بۆ زۆربەی شارەکانی تەل تەمر، زێرکان، حەسەکە، قامیشلۆ، هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم کارەکەمدا و ڕێگریم لێ بکات لە کۆکردنەوەی گیا جگە لە نەخۆشی چونکە کارەکەی خۆمم خۆشدەوێت، خەڵک لە هەموو شوێنێک ئەم کارە دەکەن تەنیا جیاوازی من و ئەوان ئەوەیە تەمەنم ٥٠ ساڵە بەڵام دەتوانم بە وزەیەکی زۆرەوە وەک گەنجێک کاربکەم و منداڵەکانیشم یارمەتیم دەدەن و ئەمەش زیاتر  دڵخۆشم دەکات".

 

"شیرینی بەلەک دروست دەکەم"

دیوێریە بۆ یەکەمجار شیرینی بەلەک بۆ مانگی ڕەمەزان دروست دەکات، لە باسی دروستکردنیدا وتی: " دوای شوشتنیان ، توێکڵەکەی لێدەکەمەوە . دەیخەمە ناو ئاوی کوڵاوەوە، پاشان دەیخەمە ناو سەلاجەوە  بەڵام پێویست ناکات هیچ شەکرێکی بۆ زیاد بکەیت چونکە ڕووەکەکە خۆی شیرینە"

"من ژنێکی بەهێزم و ماندوونەناسانە کار دەکەم"

دیوێریە پێی وتین، هەرچەندە تەمەنیشی زیاد بکات بەڵام هەرگیز واز لە سروشت و کۆکردنەوەی گیاکان ناهێنێت، بۆ ئاژانسی ژنها وتی "دەبێت کاربکەم پێویستە بجوڵێم من هەست بە زیندوویی ناکەم کاتێک کار نەکەم و نەجوڵێم، من ژنێکی بەهێزم کە ماندوونەناسانە کار دەکەم".