ئاژەڵەکان دەبنە قوربانی تاقیکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکان

ساڵانە نیو ملیۆن ئاژەڵ کوێر دەکرێن یان بە بێ بەزییانەترین شێوە ئازار دەدرێن و ژیانیان لێدەسەندرێتەوە. بەشێکی زۆری خەڵك زانیاریان لەسەر چۆنیەتی تاقیکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکان لەسەر ئاژەڵان نییە، لە ئێستاشدا ٤٠ وڵاتی ئەوروپا قەدەغەی بەکارهێنانی ئاژەڵی لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە.

 

بێریڤان کەمال

سلێمانی- زیاتر لە نیو سەدەیە ئاژەڵان بەکاردەهێنرێن بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی بەرهەمە جوانکارییەکان، بەشێوەیەک لە ساڵی ١٩٢٠دا دەستکرا بە تاقیکردنەوەی ماددە کیمیاییەکان لەسەر ئاژەڵان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرزییەوە، ساڵی ١٩٤٠ لە ڕێگەی دەرزییەوە تاقیکردنەوە لەسەر چاو و پێستی کەروێشک کرا، هەروەها لە ساڵی ١٩٥٠دا تاقیکردنەوەی هەستیاری پێستی بەراز دەستیپێکرد،

 

لە ئێستاشدا بە ملیۆنان مشک، جرج، کەروێشک، پشیلە، سەگ و ئاژەڵی دیکە لە ناو قەفەزدا لە تاقیگەکانی سەرانسەری جیهاندا بەند کراون، هەتا شوێنێکی ساغ لە جەستەیاندا بمێنێت تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت، تا لە ئازار و تەنیاییدا چاوەڕێن ژیانیان کۆتایی پێبێت.

 

ملیۆنان ئاژەڵ لە تاقیکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکاندا ژیانیان کۆتایی دێت

ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن ئاژەڵ لە ڕاهێنان و تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا لە زانکۆ و تاقیگەکانی تاقیکردنەوەی ماددەی کیمیایی، دەرمان، خواردن و بەرهەمەکانی جوانکاریدا تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت و ئازار دەدرێن تا مردنیان.

 

نموونەی ئەو تاقیکردنەوانەی لەسەر ئاژەڵان ئەنجامدەدرێن، بریتییە لە بەکارهێنانی دەرزی کیمیایی، لە پەلخستنی ئاژەڵان، ناچارکردنی مشک و جرجەکان بۆ هەڵمژینی دوکەڵی بەرهەمە دەستکردەکان، زۆرکردن لە سەگ بۆ خواردنی ماددەی نوێ بەرهەم هاتوو، خستنی ماددە کیمیاییەکان بۆ ناو چاوی کەروێشک و تاقیکردنەوە لەسەریان کە هەندێکجار ئەم تاقیکردنەوەیە کوێریان دەکات و دەکرێت هەریەکێک لەو ماددانەی لەسەر ئەو ئاژەڵانە تاقیدەکرێتەوە ژەهراوی بن.

 

هەرچەندە ئەم تاقیکردنەوانە دڵنیایی تەواوی سەلامەتییان نییە، تەنانەت ئەگەر بەرهەمێک زیان بە ئاژەڵەکان بگەیەنێت، ڕەنگە لە بازاڕەکاندا بە بەکارهێنەرانی بفرۆشرێت، هەروەها دەکرێت ئەو بەرهەمە لەسەر ئاژەڵێک بێ زیان بێت بەڵام ئەمە ناکاتە ئەو واتایەی بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤیشەوە بێ زیان و سەلامەتە.

 

بۆچی ئاژەڵ لە تاقیکردنەوەی زانستیدا بەکاردەهێنرێت؟

کۆمپانیاکانی جوانکاری بەپێی یاسا لەپێناو پاراستنی بەکارهێنەرانی بەرهەمەکانیان، دەبێت بیسەلمێنن بەرهەمەکانیان ژەهراوی نین یاخود مەترسیدار نین، چونکە هیچ کەسێک ئامادە نییە بەرهەمێک بەکاربهێنێت لێی دڵنیا نەبێت.

یاساکان لە نێوان وڵاتەکاندا جیاوازییان هەیە، لە هەندێک وڵاتدا بەکارهێنانی ئاژەڵان کراوە بە یاسا، بەڵام لە هەندێک وڵاتی تردا بەو جۆرە نییە، وڵاتێکی وەک چین، بۆ دڵنیابوونەوە و سەلماندنی سەلامەتی بەرهەمەکانیان، پشکنین لەسەر ئاژەڵەکان پێویست و ناچارییە، بەڵام لە ٣ی تەمموز/٧ی ساڵی ٢٠٢٠ بە یاسا قەدەغەی بەکارهێنانی ئاژەڵی کرد لە تاقیکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکاندا.

لە ئەمریکادا  بە شێوەیەکی تایبەت پێویستییان بە پشکنینی ئاژەڵ نییە، بەڵام زۆربەی ئەو تاقیکردنەوەیەی کە ئەوان وەک بەڵگەی سەلامەتی بۆ بەرهەمەکانیان قبوڵی دەکەن پێویستە تاقیکردنەوەی ئاژەڵی بێت.

بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠١٧ی ڕێکخراوی مافی ئاژەڵان - PETA ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن ئاژەڵ دەکرێتە قوربانی.

 

کۆمپانیاکان بانگەشە دەکەن بەرهەمەکانیان لەسەر ئاژەڵ تاقی ناکەنەوە

کۆمپانیاکانی جوانکاری بانگەشەی ئەوە دەکەن بەرهەمەکانیان لەسەر ئاژەڵ تاقی نەکردووەتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کۆمپانیاکان گرێبەست لەگەڵ لایەنێکی دیکەی دابینکەری پێکهاتەکان دەکەن کە لەسەر ئاژەڵەکان پێکهاتەکانیان تاقی دەکەنەوە، لە بەرهەمەکانی جوانکاریدا ئەگەر هەموو پێکهاتەکان سەلامەت بن دواتر پێویست ناکات بەرهەمە تەواوبووەکە تاقی بکەیتەوە، کەواتە لەکاتێکدا ئەو شامپۆ یان لۆشنەی کە بەکاردەهێنرێت لەسەر ئاژەڵ تاقی نەکراوەتەوە، بەڵام پێکهاتە بنەڕەتییەکانی تاقیکراوەتەوە.

 

جێگرەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئاژەڵ

 لەم لایەنەوە دوو بۆچوون هەیە، توێژەران کار لەسەر دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی نوێی تاقیکردنەوەی ئاژەڵ دەکەن، وەک بەکارهێنانی مۆدێلی کۆمپیوتەری و چاندنی شانەی خانەیی، بەڵام هێشتا لە هەندێک حاڵەتدا ئەم ڕێگەچارانە وەک بەڵگەی پێویست قبوڵ ناکرێت، هەرچەندە پێشکەوتنێکی زۆریشی بەخۆیەوە بینیووە.

چالاکوانانی مافی ئاژەڵان دەڵێن کە شوێنگرەوەی ئاژەڵان لەبەردەستدایە کە مافی ئاژەڵان تیایدا پارێزراوە و لە هەمانکاتدا تێچووشی کەمترە و ڕێگایەکی ئاسانتریشە.

 

کەمپەین دژی بەکارهێنانی ئاژەڵەکان لە تاقیکردنەوەی بەرهەمە جوانکارییەکان

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بە ناوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی لە سەرتاسەری جیهاندا کاردەکات بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵ، ڕزگارکردن، پاراستنی سەگ و پشیلەکان و باشترکردنی ژیانی ئاژەڵەکان کە مافەکانیان تێیدا پارێزراو بێت.

 

لە ساڵی ٢٠١٢دا بە ناوی "BeCruetlyfree" واتە ئازادی تەواو بۆ ئاژەڵەکان، کەمپەینێک ڕاگەیەندرا، دژی بێبەزیی و ئازاردان و زەوتکردنی ژیانی ئاژەڵەکان لە تاقیکردنەوەی بەرهەمەکانی جوانکاری لە وڵاتانی جیهاندا تێدەکۆشان.

 

ئەم کەمپەینە لە چەند لایەنێکەوە کاری کردووە بۆ باشترکردنی ژیانی ئاژەڵەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاساییان، هەروەها هانی وڵاتەکانی دەدا بۆ دەرکردنی یاساییەک بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاژەڵەکان لە تاقیکردنەوەی بەرهەمەکاندا، هۆشیاریشی لەناو خەڵکدا بڵاودەکردەوە تا بەرهەمی ئەو کۆمپانیایانە بەکاربهێننکە مافی ئاژەڵانیان پاراستووە و تاقیکردنەوەیان لەسەر ناکەن.

یەکێتی ئەوروپا لە دوای ساڵی ٢٠١٣  هەنگاوی ناوە بۆ قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵەکان و نزیکەی ٤٠ وڵاتیش جێبەجێیان کردووە.

 

زیادبوونی نا پێویستی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی جوانکاریی

لەهەندێک بارودۆخی تایبەتدا تاقیکردنەوەی ئاژەڵی تاکە ڕێگایە بۆ سەلماندنی سەلامەتی بەرهەمەکان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەکارهێنانی ئاژەڵەکان بۆ تاقیکردنەوەی زانستی بەرهەمە جوانکارییەکان کارێکە دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، تاقیکردنەوەش لەسەر ئاژەڵان و نەپاراستنی مافەکانیان شکاندنی بەهای مرۆڤایەتییە، چونکە ئاژەڵانیش مافی ژیانیان هەیە و هاوسەنگی ژیان و گەردووننیان لەسەر بەندە.

 

لەم ساڵانەی دواییدا زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی بەرهەمە جوانکارییەکان لە جیهاندا دەستیپێکرد، لەڕێگەی ڕاگەیاندنی چاڵێنج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەکارهێنان و بەفێرۆدانی بەرهەمەکانی جوانکاری و میکیاژ بانگەشە دەکرێت، بێگوێدانە ئەوەی زیادبوونی بەکارهێنەران هۆکاری زەوتکردنی ژیان و ئازاردانی زۆرتری ئاژەڵانە، جوانتر دەرکەوتنی کاتی مرۆڤەکان بووەتە مۆتەکەی ژیانی ئاژەڵان و دوورخستنەوەیان لە شێوازی ژیانی سرووشتییان.

 

ت.پ