"خێزانەکان تەنها منداڵی کوڕیان دەوێت"

لە کاتێکدا هیچ هیوایەکیان بۆ بوونی منداڵ نییە، جگە لە ڕێگای بلوری، لەوکاتەشدا خێزانەکان تەنها بیر لە منداڵی کوڕ دەکەنەوە، پزیشکێک دەڵێت لە ماوەی ١٢ ساڵدا تەنها یەک خێزان داوای منداڵی کچیان کردووە، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش ئەمە بۆ مانەوەی ئەقڵیەتی کۆنی پیاوسالاری دەگەڕێنێتەوە. شنیار بایز

لە کاتێکدا هیچ هیوایەکیان بۆ بوونی منداڵ نییە، جگە لە ڕێگای بلوری، لەوکاتەشدا خێزانەکان تەنها بیر لە منداڵی کوڕ دەکەنەوە، پزیشکێک دەڵێت لە ماوەی ١٢ ساڵدا تەنها یەک خێزان داوای منداڵی کچیان کردووە، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش ئەمە بۆ مانەوەی ئەقڵیەتی کۆنی پیاوسالاری دەگەڕێنێتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەبوونی منداڵێک خەونی بەشێکی زۆری خێزانەکانە، بەڵام هەندێک جار، لەدوای ئەو هەوڵانەی خێزانەکان دەیدەن بەهۆی کێشەکەی تەندروستییەوە ئەو دوو هاوسەرە نابنە خاوەنی منداڵ، بۆ ئەمەش ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی زانستی پزیشکییەوە چارەسەر هەیە.

ئەو چارەسەرەش دانانی منداڵی بلورییە، منداڵی بلوری، پیتاندنی تۆ و هێلکەیە لە دەرەوەی لەشی دایک و پاشان لە ڕێگەی ئامێری تایبەت دەگەڕێندرێتەوە بۆناو لەشی دایک، دانانی منداڵی بلوری پێشکەوتنێکی زانستیە لە بواری وەچەخستنەوەدا.

 لە ٢٥ی تەمووزی ١٩٧٨ یەکەم مرۆڤ بە شێوازی بلوری لەدایک بوو بە ناوی "لویس جۆی براون" کە ڕەگەزی مێ بوو، لە دوای ئەو سەرکەوتنە چاندنی منداڵی بلوری پەرەی سەند، ماوەی ١٣ ساڵ دەبێت لە کوردستاندا ئەنجام دەدرێت.

 

کێن ئەوانەی دەبێت منداڵی بلوری دابنێن؟

دانانی منداڵی بلوری تەنها لە چەند دۆخێکی تایبەتدا دەبیت، جگە لەو چەند دۆخە دانانی منداڵی بلوری گونجاو نییە، ئەوانیش ئەگەر ژنەکە هەردوو بۆری منداڵادانی گیرابێت، ئەگەر ئەو ژنە هێلکەی نەبێت یاخود سوڕی مانگانەی نەبێت، دوو هاوسەرەی ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ هاوسەرگیرییان کردبێت و بەڵام نەبووبنە خاوەنی منداڵ.

دوای پشکنینیکی زۆر و لە ئەگەری دڵنیابوونەوە لە بوونی یەکیک لەم حاڵەتانەدا لە ژنەکە یاخود پیاوەکەدا، ئەوا پزیشک ڕێگاچارەی منداڵی بلوری بۆ ئەو خێزانانە پێشنیار دەکات.

بەڵام لە بارێکی تایبەتدا خێزانەکان ناتوانن تەنانەت منداڵی بلوریش دابنێن، ئەویش، ئەگەر ئەو ژنە هەر لە بنەڕەتدا منداڵدانی نەبێت، یاخود هێلکەدانی نەبێت، پیاوێک کە هیچ تۆوێکی نەبێت، لەم چەند بارەدا هیچ ئەگەرێک بۆ بوونی منداڵ نییە، تا ئێستاش زانستی پزیشکی هیچ چارەسەرێکی بۆ ئەم حاڵەتانە نەدۆزیووەتەوە.

 

تەمەن و کێشی گونجاو، مەرجن بۆ دانانی منداڵی بلوری

باشترین تەمەن بۆ دانانی منداڵی بلوری ١٨ بۆ ٣٥ ساڵە، پێش ١٨ ساڵی منداڵدانی ژن ئامادەنیە بۆ منداڵی بلوری، دوای ٣٥ ساڵیش ڕێژەی سەرکەوتنی دانانی منداڵی بلوری کەمدەبێتەوە، هەروەها تا ئەو ژنە کێشی کەمتربێت ئەگەر سەرکەوتنی پڕۆسەکە زیاتر دەبێت، ئەو ژنانەی کە کێشیان زۆربێت ناتواندرێت منداڵی بلورییان بۆ دابندرێت.

 

بەرزترین ڕێژەی سەرکەوتنی دانانی منداڵی بلوری ٪٥٠ تێپەڕناکات

ڕێژەی سەرکەوتنی دانانی مدناڵی بلوری و هاتنە ژیانەوە لە جیهاندا لە زۆربەی کاتدا ٪٢٦، لە هەندێک کاتیشدا و لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکاندا دەگاتە ٪٥٠، بۆیە پێویستە دایک و باوکان هۆشیاری ئەوەیان هەبێت ئەگەر بلوریان دانا چاوەڕێی ئەوەش ببن کە پڕۆسەکە سەرنەگرێت و منداڵ دروستنەبێت.

تا زووتر ئەو دوو هاوسەرە پشکنین بکەن و دەربکەوێت کە ناتوانن هیچ کات بە سروشتی ببنە خاوەنی منداڵ، تا تەمەنی دوو هاوسەرەکە گونجاوتربێت، کێشی ژنەکە کەمتربێت، قەبارەی تۆو و هێلکەکە گەورەتربێت، ڕێژەی سەرکەوتنی دانانی منداڵی بلورییەکەش زیاتر دەبێت.

د.ئامانج ڕەحیم پزیسکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی و چاندنی منداڵی بلوری، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها باس لە چۆنیەتی دانان و منداڵی بلوری دەکات.

بەپێی وتەکانی د.ئامانج جیاوازی لەنێوان دووگیانبوونی سروشتی و دووگیانبوون بە ڕێگای دانانی منداڵی بلوری ئەوەیە، کە تۆو وهێلکەکە لە دەرەوەی لەشی دایکەکە دەپیتێندرێن و دواتردەخرێتەوە ناو منداڵدانی دایکەکە، باس لەوەش دەکات کە زۆرجار دایکەکە هەمیشە لە خەمی ئەوەدایە کە منداڵەکەی لەبارنەچێت یاخود خێزانەکەی ناهێڵن بجوڵێت نەوەک لەباری بچێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەم دوو جۆرە سکپڕیدا نییە.

لەبارەی ئەگەری بوونی منداڵی دوانە، ئەوەدەخاتەڕوو کە پزیشکەکان هەمیشە  دوو تا چوار هێلکەی پیتێندراو دەخانە منداڵدانی دایکەکەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو هێلکە پیتێندراوەکان ببنە منداڵ، لەوانەتە دووانیان ببەنە منداڵ، یان یەکێکیان یاخود هیچیشیان.

دکتۆر ئامانج باس لەوە دەکات ژن هەیە، دەڵێت بە هیچ شێوەیەک خێزانەکەی ناهێڵن بجوڵێت، کە ئەمە زۆر هەڵەیە و نابێت بەو شێوەیە بێت، پێویست دەکات بەردەوامی بە ژیانی خۆی بات و تەنانەت ئەگەر کاری دەرەوەشی کرد بەردەوام بێت لەسەری، جا مامۆستا بێت یان فەرمانبەر و هەر پیشەیەکی دیکە.

 

"لە ماوەی ١٢ ساڵی کارکردنمدا تەنها یەک خێزان داوای منداڵی کچیان کرد"

 ئەو پزیشکە پسپۆڕە،باس لەوەدەکات کە خێزانەکان لە زۆرینەی دۆخەکاندا  پێیان شەرمە بڵێن منداڵی بلوریمان داناوە، وادەزانن کە منداڵی بلوری هی ئەو دایک و باوکە نییە، باس لەوەش دەکات، لە دانانی منداڵی بلوریدا لە کوردستاندا ڕێگەپێدراو نییە تۆو و هێلکەی کەسێک بۆ کەسێکی دیکە بەکار بێت.

بەپێی وتەکانی ئەو پزیشکە لە وڵاتانی دەرەوەدا ڕێگەپێنەدراوە ڕەگەزی منداڵ جیابکرێتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دایک و باوک ئەو کارە ڕێگەپێدراوە، ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە لە ماوەی ١٢ ساڵی کارکردنی ئەو پزیشکەدا تەنها یەک خێزان داوای منداڵی کچیان کردووە، ئەوانی دیکە سەرجەمیان داوای منداڵی کوڕیان کردووە.

دکتۆر ئامانج هۆکاری خواستنی خێزانەکانی لەسەر منداڵی بلوری گەڕاندووە بۆ ئەوەی، لە کۆمەڵگای کوردیدا زیاتر خەرجی منداڵی کوڕ دەکرێت، پێیان وایە کە منداڵی کوڕ دوای خۆیان ناویان هەڵدەگرێت، زۆرینەی جارەکانیش پیاوەکان یەکسەر منداڵی کوڕیان دەوێت، دەشڵێت "لە کۆمەڵگەی ئێمە بڕیار بە دەست پیاوە، لە ژنەکە دەپرسم دەڵێم بۆ کوڕ؟ دەڵێت خۆم دەمەوێت کوڕ بێت، لە کاتێکدا دەزانم بڕیاری پیاوەکەیە، خێزان هەیە پێنج منداڵی کوڕی هەیە بەڵام هێشتا هەر دەیەوێت منداڵەکەی کوڕی بێت".

 

"هەمیشە ژنان تاوانباردەکرێن"

دکتۆر ئامانج ئەوەدەخاتەڕوو هەرچەندە بوونی منداڵی کچ یاخود کوڕ بەهۆی کرۆمۆسۆمەکانی پیاوەوەیە، بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەم هۆشیارییە نییە، هەمیشە تاوانەکە دەخرێتە ئەستۆ ژنەکە، دەڵێت " لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەگەر ژنێک تەنها منداڵی کچی ببێت ئەوا هاوسەرەکەی ژنی بەسەردا دەهێنێت، ژن هەبووە بە گریانەوە هاتووە بۆ لام دەڵێت ئەگەر منداڵەکەم کوڕ نەبێت هاوسەرەکەم یان لێم جیابێتەوە یاخود ژنم بەسەر دەهێنێت".  

 

خواستی کۆمەڵگە ڕەگەزی نێرە

ڤیان ڕەحیم توێژەری کۆمەڵایەتی، باس لە ویستی کۆمەڵگا دەکات بۆ ڕەگەزی نێر و دەڵێت "ئێمە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارمان هەیە بۆیە دایکوباوک مەبەستیانە زیاتر منداڵەکانیان کوڕ بێ کە ئەمە هەڵەیەکە دایک و باوک دەرهەق بە منداڵەکانی خۆیانی دەکەن".

لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە کۆنەوە و سیستمی دەسەڵاتی پیاوسالاری وای کردووە ڕەگەزی نێر یەکەم ڕەگەز بێت، چونکە پێیان وایە دەسەڵاتی زیاترە لە ڕەگەزی مێ هەروەها وەک میراتگری خۆیان تەماشای دەکەن، ئەمانەش هەمووی هەڵەی کۆمەڵگان کە ڕەگەزی نێری بەرزتر کردووە بەسەر ڕەگەزی مێدا، ڤیان ڕەحیم پێی وایە ئەوە دایک و باوک نییە کە دەیانەوێت منداڵەکەیان کوڕ بێت بەڵکو کۆمەڵگا فشاری خستۆتە سەریان تا بڕیارێکی لەو شێوەیە بدەن.

لەپاڵ ئەقڵیەتی کۆمەڵگا پیاوانیش بەردەوام لە بیر و فکری ئەوەدان کە ئەگەر لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا منداڵیان نەبێت بێگومان هۆکار ژنەکەیەتی کە لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە، ڤیان باس لەوە دەکات، تا ئێستا پیاو هەیە کە منداڵی نابێت ئامادەیی ئەوەی تیا نیە بچێت پشکنین بکات بەڵکو بەردەوام ژنەکەی خەتابار دەکات کە منداڵیان نابێت.

 

"کوڕ لە منداڵیەوە هەقی زیاتری پێدەدرێت وەک لە کچ"

لە منداڵیەوە جیاوازی لەنێوان کوڕان و کچاندا دەکرێت بە شێوەیەک لە ڕووی پەروەردە، تەندروستی و کول و پەل کڕین، کوڕان زیاتر مافیان پێ دەدرێت وەک لە کچان، ڤیان باس لەوە دەکات لە هەندێک وڵاتدا وەک هندستان، لە دوای سۆنەرکردن بۆ دایکەکە ئەگەر بزانرێت منداڵەکە کچە پێی لەباردەبەن، ئەگەر پێشی لەبار نەبەن زۆر ناهەقی لێدەکەن و توندوتیژی زۆر بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.

ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەگەر دایک و باوکێک بە سروشتی خۆیان منداڵیان دەبێت، لە پێناو بەدەست هێنانی ڕەگەزی نێر پێویست ناکا، منداڵی بلوری دابنێن، ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتیە پێی وایە دەبێت یاسایەک هەبێت تا ڕێگری لەم کردارە بکات و دانانی منداڵی بلوری تەنها بۆ ئەو خێزانانە بێت کە منداڵیان بە شێوەی سروشتی نابێت، نەک بۆ دیاری کردنی ڕەگەز منداڵ دایبنێن.

هۆکاری سەرەکی دانانی منداڵی بلوری بۆ بەدەستهێنانی کوڕ، پیاوانن کە ئاڕاستەی ژنەکانیان دەکەن ئەگەر منداڵی کوڕیان نەبێت ژنی دووەمی بەسەر ئەهێنێت، ڤیان ڕەحیم پێی وایە چارەسەر بۆ دۆخی لەم شێوەیە، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە بە گشتی و دایک و باوک بە تایبەتی کە چیتر جیاوازی لە نێوان منداڵەکانیاندا نەکەن، لە منداڵیەوە پەروەردەی کوڕ بە شێوەیەک بدرێت لە گەورەبونیدا هەستی بوون بە ڕەگەزی یەکەمی نەبێت.  

 

زانیارییەکان ئەوەدەخانە ڕوو، هەرچەندە لە جیهاندا دانانی منداڵی بلوری بۆ پێدانی هیوایەکە بە خێزانەکان کە ببنە خاوەنی منداڵ، بەڵام لە کۆمەڵگای کوریدا ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەبەر ئەو هیوایەشدا کراوە، تەنها ڕەگەزی نێر پەسەند کراوە، ئەم ئاقڵیەتەش تەواو کاریگەری لەسەر سەرجەم کۆمەڵگا داناوە.