ژنان بۆ بەردەوامبوونی ژیان ئەندامانی جەستەیان دەبەخشن

بەخشینی ئەندامانی جەستە یەکێکە لە دیاردە جیهانیەکان لە ئێستادا، لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ٧٠٠ کەس ناویان لە ڕێکخراوی جەستە بەخشانی کوردستان تۆمار کردووە کە زۆرینەیان ژنن.

ناوەندی هەواڵ

 

هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە لە دوای مردنیش ببیتە ڕزگارکەری ژیانی کەسێکی دیکە؟ لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە دوای مردنیان ئەندامەکانی جەستەیان ببخەشن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێکی دیکە لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش ڕوو لە زیاد بوون دەکات، هەتا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە شاری سلێمانی ناوی خۆیان لە ڕێکخراوی جەستە بەخشانی کوردستان تۆمار کردووە، بۆ ئەوەی لە دوای مردنیان ئەو ئەندامانەی سودیان لێوەردەگیرێت ببەخشنە کەسانی دیکە، لەو ژمارەیەش ٪٦٠یان ژنن.

بەپێی توێژینەوە پزیشیکییەکان مرۆڤ دەتوانێت بەر لە مردنیشی ئەندامەکانی "گورچیلە، خوێن، مۆخی ئێسک و بەشێک لە ئێسکی ببەخشێت، ژمارەیەک لەو کەسانەی ناوی خۆیان لە ڕێکخراوی جەستە بەخشانی کوردستان تۆمار کردووە، ئامادەن پێش مردنیان ئەو ئەندامانەی جەستەیان ببخەشن، ئەو ئەندامانەی لە دوای مردن دەتوانیت بیان بەخشیت ٧ ئەندامن و بریتن لە " هەردوو گورچیلە، سیەکان، گلێنەی چاو و دڵ".

 ڤییەنا کەمال ڕاگەیەندکار و چالاکوان لە شاری سلێمانی یەکێکە لەو ژنانەی بڕیاریداوە لە دوای گیان لەدەستدانی ئەندامەکانی جەستەی ببەخشێت، سەبارەت بەوەی چی وایکردووە ئەندامانی جەستەی ببەخشێت، ڤییەنا دەڵێت کاتێک دەمرم پێویستم بە ئەوە نییە دڵ یاخود چاوم هەبێت، شتانێکن ئیتر پێویست نین، بەڵام لەوانەیە خێزانێک هەبێت پێویستیان بەوە بێت ژیان بۆ منداڵەکانیان یان دایک و باوکیان بگەڕێتەوە، دەشڵێت کەسانێک هەن پێش ئەوەی بمرن داوا دەکەن خێر و خیراتیان بۆ بکەن بەڵام ئەمە گەرەترین خێری دنیایە، کەسێک ئەژیەنیتەوە.

ڤییەنا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە دوای مردنی دڵخۆش دەبێت، چونکە کەسێک بە هۆی منەوە دڵی هێشتا لێ ئەدات، دەشڵێت شتێکی تریش کاتێک بیری لێدەکەمەوە ئەوەیە هێشتا من بەردەوامم لە جەستەی کەسێکی تردا.

ئەم خۆبەخشە باس لەوە دەکات هۆکاری ئەوەی ژنان زیاتر ئەندامی جەستەیان دەبەخشن ئەوەیە ژن حەزی لە ژیانە، حەز بە بەردەوامی ژیان دەکەن و بەسۆزترن، منیش کاتێک بڕیاری بەخشینی ئەندامانی جەستەمدا سەرەتا بیرم لەوە کردەوە دڵی دایکێک خۆش دەکەم.

ئیلهام کەمال دانیشتووی شاری سلێمانییە، وتی زۆر حەزدەکەم لە دوای مردنم ئەندامەکانی جەستەم ببخەشم بۆ ئەوەی کەسێکی تریش بتوانێت ژیانی پێ نوێ بێتەوە، ئیلهام وتیشی هەبوونی رێکخراوێک بۆ ئەوەی بتوانی ئەندامێکی جەستەت ببەخشیت زۆر باشە، هیوا دەخوازێت ببێتە کلتورێک لەناو کوردا، لەبەر ئەوەی بەخشینی ئەندامی جەستە سودی دەبێت بۆ کەسێک و لە هەمان کاتیشدا خێرە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەتا ئێستا هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت نییە بۆ وەرگرتنی ئەندامانی جەستە و چاندنەوەیان، بەڕێوبەری ڕێکخراوی جەستە بەخشانی کوردستانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تاکو ئێستا چەندین ئەندامیان مردون بەڵام بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت نەتوانراوە سود لە ئەندامەکانیان وەربگیرێت.

هەروەها بەشێک لە هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن بەخشینی ئەندامانی جەستە گوناحە، بەڵام لیژنەی فتوای هەرێمی کوردستان ئەوەیان ڕەتکردۆتەوە، چەندین مامۆستای ئاینیش ناویان لەو ڕێکخراوەدا تۆمار کردووە.

 

ت.پ