زاد، ڕێکخراوێک لە هەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشە هەژارەکاندا

کۆمەڵێک پزیشک و خۆبەخش لە ڕێکخراوێکدا کار دەکەن لەپێناو خزمەتکردن بەو هاوڵاتیانەی نەخۆشن و توانای چارەسەرکردنی خۆیان نییە، لەکاتێکدا حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هاوکارییان ناکات بەڵکو لەلایەن خێرخوازانەوە پێداویستییەکان دابین دەکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕێکخراوی زاد، ڕێکخراوێکی تەندروستی بێلایەنە، کاردەکات بۆ خزمەتکردن و هاوکاریکردنی ئەوکەسانەی لە ڕووی داراییەوە دۆخیان خراپە و نەخۆشن، یاخود پێیویستیان بە نەشتەرگەری هەیە بەڵام ناتوانن چارەسەری بۆ خۆیان دابینبکەن.

 

زاد وەک ڕێکخراوێکی خێرخوازی لە ٨ی ئابی ٢٠١٨ دامەزراوە و لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ دەستبەکاربووە، لە چەند شار و ناوچەیەک لقیان هەیە و خەرجی نەشتەرگەری و چاکبوونەوەی نەخۆشەکان لە ئەستۆ دەگرن.

 

نوها نازم، لێپرسراوی بەشی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی زاد، دەربارەی کاری ڕێکخراوەکەیان وتی: فکرەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەند پزیشکێک لەدوای هەستکردنیان بەوەی بەشێکی هاوڵاتیان توانای چارەسەرکردنی خۆیان نییە، بۆیە هەڵدەستن بە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی لەم شێوەیە کەلە دوو لیژنە پێکدێت، لیژنەی بەدواداچوون و لیژنەی پزیشکی، لەماوەی ئەم سێ ساڵەی کارکردنمان توانیومانە زیاتر لە دوو هەزار نەشتەرگەری ئەنجام بدەین.

 

هەرکاتێک نەخۆشێک یاخود کەسێک سەردانیان دەکات بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن لەلایەن لیژنەی بەدواداچوون و لیژنەی پزیشکییەوە لێکۆڵینەوە دەکرێت و دواتر بەپێی پێویستی هاوکارییەکان پێشکەشدەکرێن.

 

"ئەندامانی ناو ڕێکخراوەکە خۆبەخشانە کاردەکەن"

ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٢ ئەندام بە شێوەیەکی خۆبەخشانە لە لقی سەرەکی ڕێکخراوەکەدا کاردەکەن، کە زۆرینەیان ژنن، جگە لە لقە لاوەکی و سەرەکییەکانی شاری سلێمانی، لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی وەک، کەرکوک، گەرمیان، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و هەولێر لقیان هەیە،  کە هەرکات نەخۆش سەردانی لقەکانی دیکە بکات ڕەوانەی دەکەن بۆ لقی سەرەکی لە شاری سلێمانی.

 

زۆرینەی ئەندامانی ڕێکخراوی زاد ژنن، نوها هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونیەتی ژنان کە هەمیشە حەز بە ئەنجامدانی کاری خێرخوازی دەکەن و حەز بە هاوکاریکردنی کەسانێک دەکەن بەبێ وەرگرتنی بەرامبەرێک، تەنها لەپێناو باشترکردنی دۆخی ئەو کەسە، جا دەروونی و تەندروستی بێت یاخود لایەنی دیکە، دەشڵێت: "ژنان هەمیشە هەوڵیانداوە دۆخی کۆمەڵگا بە گشتی و تاک بە تاکی کۆمەڵگا بەتایبەت بەرەو باشتر بەرن و جیاوازی چینایەتی نەهێڵن، یەکسانی لە هەموو کایەکاندا دروستبکەن، بێگوێدانە قورساییەکانی سەر ژیانی".

 

نوها لە بارەی هاوکاریکردنی دەسەڵات و خەڵکی بۆ ڕێکخراوەکەیان بە نوژنهای ڕاگەیاند: لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنی ڕێکخراوەکەدا حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە ڕووی مادییەوە هاوکاری ڕێکخراوەکە نەبوون، تەنها بە چەند هاوکاریەکی کەمی وەک ئاسانکردنی کار و چالاکییەکان هاوکارییان کردووین، ئەو هاوکارییانەی دەست زاد دەکەوێت لەلایەن خێرخواز و کەسانی ناو کۆمەڵگەوە بووە.

 

هەموو نەخۆشەکان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە چارەسەریان بۆ ئەنجام دەدرێت

شەنگە نەریمان، ئەندامی لیژنەی پزیشکی لە ڕێکخراوی زاد، باسی لەوەکرد لیژنە پزیشکییەکە لە پێنج ئەندام پێکهاتووە کە دوو پزیشکی تێدایە، وەک لقی سەرەکی ڕێکخراوەکە نەخۆشیان لە لقەکانی دیکەوە بۆ دەچێت پاش لێکۆڵینەوە لە دۆخی تەندروستی و باری دارای نەخۆشەکە و دڵنیابوون لە پێویستبوونی بە هاوکاری لەلایەن پزیشکەکانەوە، پێداویستییەکانی بۆ دیاری دەکرێت و پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێت، لەلایەن ئەو پزیشکانەی هاوکاری ڕێکخراوی زادن چارەسەر وەردەگرن، ئەگەر ئەو پزیشکانەش نەبوو دەینێرنە پزیشکی تایبەتمەندی دیکە و ڕێکخراوەکە بەرپرسیارێتی نەخۆشەکە دەگرێتە ئەستۆ.

 

ئاماژەی بەوەشدا "نزیکەی ٧٠ پزیشک هاوکاری ڕێکخراوی زاد دەکات و بێ بەرامبەر چارەسەر بۆ نەخۆشەکان ئەنجامدەدەن، لە سەرەتادا کەمێک بۆ ئەوان ئاستەنگ بوو، بەهۆی ئەوەی نەخۆش زۆر سەردانیان دەکات و دەڵێن توانامان نییە، واتە جۆرە بێ متمانییەکیان هەبوو، بەڵام دواتر شارەزای کاری ڕێکخراوەکە بوون خۆیان هاوکاری زیاتریان دەکرد".

 

"هەندێک نەخۆش دۆخیان زۆر خراپە"

شەنگە دەڵێت: "لە ڕێکخراو هەموو جۆرە نەخۆشێک ڕوومان تێدەکات، بەڵام زۆرینەیان ئەوانەن کە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، بەشی زۆری ئەو نەخۆشانەی سەردانی زاد دەکەن لە ڕووی باری ئابوورییەوە دۆخیان خراپە، ناتوانن تەنانەت کرێی هاتوچۆکەشیان بدەن، لە کاتێکدا زۆرینەیان نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە".

 

جگە لە چارەسەرکردنی نەخۆش زاد چیدیکە دەکات؟

لە وەڵامدا شەنگە ڕوونیکردەوە زاد بە دروشمی "زاد بۆ ژیانەوەی ئادەمیزاد" دامەزراوە، بۆیە جگە لە چارەسەکردنی نەخۆش کاردەکەن لەسەر هۆشیارکردنەوەی تەندروستی هاوڵاتیان لە ڕێگای سیمینار و کۆرسەوە، هەروەها بێ بەرامبەر کۆرس بۆ خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان دەکەنەوە و فێرکاری تەندروستیان پێدەڵێن بەهۆی ئەوەی لەم دووساڵەی ڕابردوودا خوێندن و زانکۆکان بەهۆی کۆرۆناوە پەکخرابوون.

 

ڕێکخراوی زاد لە پلانیدایە لە داهاتوودا نەخۆشخانەیەکی تایبەت دابمەزرێنێت و تیایدا خزمەت بکات.

 

ت.پ