شێرپەنجەی گەدە درەنگ نیشانەکانی دەردەکەوێت

شێرپەنجەی گەدە یەکێکە لەو شێرپەنجانەی ماوەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی لە کەسی توشبوودا، زیاتر لە بەتەمەنەکاندا دەردەکەوێت، تەنها چارەسەری ئەم نەخۆشیە خۆپاراستنە لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە

ناوەندی هەواڵ

 

گەدە ئەندامێکی ماسولکەیە کە دەکەوێتە لای چەپی سکەوە، وەک دەفرێکی بەتاڵ وایە شوێنی هەوڵگرتنی خۆراکە، لەوکاتەی خۆراک دەچێتە گەدەوە خانەکانی ناو گەدە ئەنزیم و ترش دەردەدەن لەپێناو تێکشکاندنی خۆراک بۆ شێوازێکی شیاو و هەرسکردنیان.

 

لە چوار بەشی سەرەکی پێک دێت "ناوچەی دڵ، سندوق، لەش و ئەتریەم"، ماسولکەکانی گەدە توانای کشان و چونەوەیەکیان هەیە بەپێی ئەو بڕە خۆراکەی تێیدەکرێت، هەروەها لە سێ چینی جیاواز پێکدێت چینێکی درێژی دەرەکی، چینێکی بازنەیی ناوەڕاست و چینێکی ناوەوەی تەمبەڵ.

 

گەدە لە ڕێگای چوار کردارەوە کرداری هەرسکردن ئەنجامدەدات کە بریتییە لە کۆکردنەوەی خۆراک وەک خەزێنەیەک، چاودێریکردنی پاش کۆکردنەوەی هەروەها دەردانی ئەنزیم و ترشی گەدە پاشان جوڵەپێکردنی بە شێوەیەکی گونجاو، لەکاتێکدا گەدە نەتوانێت بە ڕێگایەکی تەندروست خۆراک هەرس بکات دەینێرێت بۆ ڕیخۆڵە بچوک.

 

شێرپەنجەی گەدە

شێرپەنجەی گەدە گەشەیەکی نائاسایی خانە شێرپەنجەییەکانە کە لە گەدەدا دەستپێدەکات، ئەم جۆرە شێرپەنجەیە بە زەحمەت دەستنیشان دەکرێت چونکە زۆربەی خەڵک بە شێوەیەکی ئاسایی نیشانەکانیان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا تێدا دەرناکەوێت، زۆرکات تەنها لەکاتی بڵاوبوونەوە بە هەموو بەشەکانی جەستەدا دەردەکەوێت و دۆخی نەخۆشەکە بەرەو خراپتر دەبات، ئەم شێرپەنجەیە ڕێژەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ڕوولەزیادبوونە و ڕێژەکەی بەرزبووەتەوە بۆ ٪١.٧ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە.

 

ئەوەی ئەم شێرپەنجەیە جیادەکاتەوە لە شێرپەنجەکانی دیکە، قورسی دیاریکردنیەتی، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ زیاتر مەترسیداربوونی ئەم نەخۆشییە.

 

چی دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجەی گەدە

هۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە بۆماوەی خێزانە، لە پاش بۆماوە جگەرە کێشانە، کە دەبێتە هۆی گۆڕانی خانە تەندروستەکان بۆ خانەی ناتەندروست، ماوەیەکی زۆر پێدەچێت تا گەشە دەکات هەندێک کات ماوەی گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکانی گەدە ماوەی چەندین ساڵ دەخایەنێت.

 

ئەم نەخۆشییە زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا ڕوودەدات واتە لە ٥٥ ساڵ بەرەو ژوور، زۆرینەی ئەوکەسانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن تەمەنیان لە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵیدایە، لە کەسانی گەنجیشدا دەردەکەوێت بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، هەندێک لە خۆراک و سەوزەواتەکان ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاد دەکەن وەک، برنج، گۆشتی سور، پەتاتە و چای ڕەش.

 

نیشانەکانی شێرپەنجەی گەدە

کێشی کەمی جەستە زیاد لە سروشتی خۆی یاخود دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی ناتەندروستانە، هەبوونی ئازار ناوسک بەتایبەتی بەشی سەروو ناوک، هەستکردن بە تێربوون لەدوای خواردنی بڕێکی کەم خواردن، قەلەقبوونی بەردەوامی، ڕشانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و هەندێک کات خوێن هەبوون، هەبوونی خوێن لەناو پیسایی، زوو شەکەت بوون و هەست بە هیلاکبوون و کەمی خوێن، یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی شێرپەنجەی گەدە زەردبوونی سپێنەی چاوە لەگەڵ زەردبوونی پێست، بەڵام لە کاتێکدا ئەمە ڕوودەدات کە شێرپەنجەکە بڵاوبووبێتەوە بە جگەردا.

 

ڕێگاکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی گەدە

هیچ ڕێگایەک نییە بۆ بنبڕکردنی شێرپەنجەی گەدە، بەڵام هەندێک هۆکار هەن مەترسی شێرپەنجە کەمدەکەنەوە، لەوانە کەمکردنەوەی کێشێکی زۆر بۆ کێشێکی تەندروستانە، ڕێکخستنی چالاکی جەستەی ڕۆژانە، خواردنی هەندێک میوەی ترشی وەک پڕتەقاڵ و لیمۆ، خواردنی هەمەچەشنەیی خۆراک واتە ڕۆژانە ئەو ژەمانی دەخورێت هەمە چەشنە بن و ڕێژەیەکی کەم گۆشتی سور و شیرینیان تێدابێت.

 

ئەو هۆکارانەی باسمان کرد مەترسی شێرپەنجەی گەدە کەمدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی ماددە کحولییەکان مەترسی شێرپەنجەی گەدە زیاد دەکەن، هەروەها کێشانی جگەرە مەترسی لەسەر دروستبوونی شێرپەنجەی گەدە و چەندین شێرپەنجەی دیکە دروستدەکات.

 

ت.پ