شاشەی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی چاوکزی منداڵ

ڕۆژانە خێزانەکان منداڵەکانیان دەبەن بۆ لای پزیشکانی چاو بۆ ئەوەی هۆکاری کێشەی چاوی منداڵەکانیان بزانن، وەک دەرکەوتووە تەماشاکردنی شاشەکانی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی نەخۆشییەکانی چاو و کزی چاو.

 

شنیار بایز

سلێمانی- منداڵان لە ئێستادا بە ڕێژەیەکی زۆر کێشەی نەخۆشییەکانی چاو بە گشتی و کزی چاویان بە تایبەتی هەیە، هۆکاری ئەمەش بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان و شاشەی ئایپاد و مۆبایلەکانە کە کاریگەری خراپ لەسەر چاو و خەستەی منداڵەكە دروستدەکات و چەندین نەخۆشی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە.

 

خێزانەکان بە ڕێگەدانی منداڵەکانیان بۆ زیاد بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان ڕێگەیان خۆشکردووە بۆ توشبوونی منداڵەکانیان بە چەندین جۆری نەخۆشی، وەک قەڵەوی، چاوکزی، زیانەکانی مل و شان، تەمبەڵی لە جوڵەی منداڵ.

 

پزیشک تارا مەحمود، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، دەربارەی کێشەکانی چاوی منداڵ بۆ ئاژانسی نوژنها دووا.

 

هەندێک منداڵ لە سکی دایکیانەوە کێشەکانی چاویان هەیە

ئەو پزیشکە دەڵێت: منداڵ لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە ئەگەری هەیە بە شێوەی زگماکی چاوی کز بێت ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە یەکێک لەوانە هەڵەی شکاندنەوە و کورت بینین و درێژ بینینە کە باوترین هۆکارن، لەوانەیە لە سکی دایکییەوە هەیبێت کە وا منداڵەکە پیشان دەدات خێل بێت و دواجار بە چاویلکە چارەسەری بۆ دەکرێت.

 

هۆکاری دیکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی کێشە لەناو دەمارەکانی چاودا، تۆڕی چاو، یاخود گلێنەی چاوی سپی دەبێت بەهۆی هەبوونی نەخۆشی لە سکی دایکەکەدا جگە لەمانە منداڵ هەیە ئاوی ڕەش و سپی هەیە بە زگماکی کە هۆکارەکەی بۆماوەییە یاخود بوونی ئیلتیهاباتی سکی دایکەکەیە.

 

شەو کوێریش بە یەکێکی دیکەیە لەو نەخۆشیانەی چاو دادەنێت لە ڕێگای بۆماوەوە دەگوازرێتەوە، دکتۆر تارا ئاماژەی بەوەدا ئەو نەخۆشیانەی چاو کە لە ڕێگای بۆماوەوە دەگوازرێنەوە بۆ منداڵ سەرەتا لە منداڵەکەدا دەرناکەوێت، بەڵکو لە دوای تەمەنی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی دەردەکەوێت.

 

هەروەها وتی: "کورتبینی زۆر کە -١٠ تێپەڕ بکات هۆکارەکەی بۆماوەییە".

 

"سەرەتا منداڵ لەدایک دەبێت دووربینە، بەڵام هاوێنەی چاوی دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دووربینییەکە بکات چونکە بچوکە و ئەگەر منداڵەکە نەیتوانی کۆنتڕۆڵی بکات لە ڕێگای چاویلکەوە کۆنتڕۆڵی دوربینییەکەی دەکرێت، بەڵام لە دوای چوار ساڵی دووربینی نامێنێت، لە تەمەنی ١٠ ساڵ بۆ ٢٠ ساڵ چاو گەشە دەکات و گلێنەی چاو فراوان دەبێت تیایدا کورتبینی چاو دەستپێدەکات کە باوترین نەخۆشی چاوی منداڵە، هەروەها لە تەمەنی ٤٠ ساڵی بەدواوە دووبارە دووربینین دەستپێدەکاتەوە."

 

سەیرکردنی بەردەوامی شاشەی مۆبایل و ئایپاد هۆکارە بۆ زیادبوونی کورتبینی

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا ئەو منداڵانەی ڕۆژانە کاتێکی زۆر بەسەر دەبەن بە سەیرکردنی شاشەی مۆبایل و ئایپادەوە زیاتر ڕووبەڕووی کورتبینی چاو دەبنەوە و تیایاندا زیاد دەکات جگە لەمە زۆر بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە دەبیتە هۆی  هیلاک بوون و سووربوونەوەی چاو، دروستبوونی حەساسێت و خوران، هەروەها ئاوی چاو دروست دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خەوی منداڵ.

 

پزیشک تارا باسی لەوەشکرد، دایک و باوک لە منداڵییەوە ئەو شاشانە دەداتە دەستی منداڵەکەی بۆ ئەوەی کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، کە سەرەتا تەنها نیو کاتژمێر دەیداتە منداڵەکەی بەڵام دواتر کۆنتڕۆڵی منداڵەکەی پێناکرێت لە بەرامبەردا منداڵەکە بە مەرجی سەیرکردنی ئەو ئامێرانە نانەکەی دەخوات، بە جۆرێک منداڵەکە ڕۆژانە ٦ بۆ ٨ کاتژمێر ئامێرەکان بەکاردەهێنێت ئەم حاڵەتەش پێی دەوترێت "ئالودەبون".

 

"نابێت منداڵ لە کاتژمێرێک زیاتر ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان بەکار بهێنێت"

بە پێی نوێترین توێژینەوە دەرکەوتووە منداڵ ئەگەر لە کاتی دەوامدا بوو نابێت لە کاتژمێرێک زیاتر مۆبایل و ئایپاد بەکاربهێنێت وە ئەگەر کاتی پشووی بوو نابێت لە دوو کاتژمێر زیاتر بێت، تاراش دەڵێت: "چونکە ئەو تیشکە شینانەی لە شاشەکانەوە دەردەچێت "blue light"، لە داهاتوودا کاریگەری خراپ لەسەر شەبەکەی چاو دروستدەکات، جگە لەم نەخۆشیانە کار دەکاتە سەر ماسولکە و بڕبڕەی پشتی منداڵ چونکە بەردەوام ملی بۆ خوارەوەیە، هەروەها دەبێتە هۆی قەڵەوبوونی چونکە بەردەوام دادەنیشێت و ناجوڵێت."

 

پزیشک تارا مەحمود وتی "ئەو خێزانانەی سەردانم دەکەن سەرەکیترین کێشەیان کۆنتڕۆڵ نەکردنی منداڵەکانیانە بۆ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان".

 

دەبێت منداڵ یاری دیکە بکات نەک تەنها ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان

پێویستە منداڵ فێری یاری دیکە بکرێت و ئەو یاریانە بکات کە بەشێوەیەک جەستەی بجوڵێت وەک پاسکیل سواری، ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە نوێیە بۆ منداڵ بۆیە زۆر لێکۆڵینەوە هەیە کە پێویستە دەکات بکرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە جگە لە نەخۆشی چاو منداڵ توشی تووڕەی و بێ سەبری، کەم خەوی دەکات، ئەو دکتۆرە پێی باشە منداڵ زیاتر تەماشای تەلەفیزۆن بکات چونکە دوورترە و کاریگەری کەمتر دروستدەکات.

 

چۆن چارەسەری کێشەی چاوی منداڵ بکرێت

پزیشک تارا دەڵێت: کاتێک منداڵێک لە چوار ساڵ زیاترە و کێشە لە چاویدا دروستدەبێت پێوستە سەرەتا پشکنینی بۆ بکرێت و هۆکارەکەی دیاریبکرێت، ئەگەر کێشەی دووربینی و نزیکبینینی هەبوو بە چاویلکە چارەسەر دەکرێت و پێویستە شەش مانگ جارێک پشکنینی بۆ بکرێتەوە و شاشەی چاویلکەکەی بۆ بگۆڕدرێت، دەشبێت هەمیشە چاویلکەکە بەکاربهێنێت تا چارەسەر دەبێت.

 

"باشترین تەمەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چاوی منداڵ دەکەوێتە سەر ئەو کاتەی کێشەکە دیاریدەکرێت، چونکە کاتێک منداڵێک چاوی کز دەبێت و دایک و باوک هۆشیارانە هەستی پێدەکەن ئەوا زووتر چارەسەر دەکرێت بەڵام تا درەنگتربێت چاوەکە تەمەڵتر دەبێت."

 

پزیشک تارا مەحمود، لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا "پێویستە دایک و باوک هۆشیار بن و سەرنجی چاوی منداڵەکانیان بدەن، هەمیشە جیاوازی نێوان دوو چاوەکە بکەن و درک بەو نەخۆشیانە بکەن کە تیایاندایە، ئەو منداڵانەی تەمەنیان کەمە چەندین نیشانە هەیە دەریدەخات کێشەی چاوی هەیە وەک خێل بوون، جیاوازی لە قەبارەی چاودا یاخود کەوتنی منداڵەکەی بە ڕێژەیەکی زۆر".

 

ت.پ