سۆزی دەروونی، لانەی ژنانی ماندووی دەستی توندوتیژی

توندوتیژییەکان تەنها لە جەستەیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو زۆرکات لە ڕێی توندوتیژی دەروونییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان جێدەمێنێت، بژار شەهابەدین، توێژەر لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، دەڵێت: "زۆرینەی ژنانی ناو نەخۆشخانەکە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە".

 

 

لاڤە کوردە

سلێمانی - لە ھەر شوێنێک ژن ھەبێت توندوتیژییش ھەیە، چ بە شێوەی نھێنی یاخود ئاشکرا بێت، توندوتیژی سنووری نییە، ژنان لە ماڵەوە یان دەرەوە، خاوەن کار و ئابوری خۆیان بن یاخود نا، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە لایەن پیاوانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی دەبنەوە.

 

لە کۆمەڵگەدا، لەلایەن باوک، برا، ھاوژین و کەسوکارەوە توندوتیژی ئەنجامدەدرێت، بە پێی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی تەندروستی توندوتیژی دژی ژنان کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی ژنان هەیە بە ڕادەیەک دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرجار ژنەکە بەرەو ناتەواوی باری دەروونی بڕوات.

 

توندوتیژی جەستەیی

ھەر جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ژنان وەک لێدان، سوتان، بریندارکردن، کوشتن کە ئاسەواری توندوتیژی بە تەواوی جەستەی کەسی لێدراوەوە دەردەکەوێت، ژنان لەبەر ترس یاخود شەرم و ئابڕووی خۆیان بە شاراوەیی دەیهێڵنەوە و بێدەنگی ھەڵدەبژێرن.

 

توندوتیژی دەروونی

ئەم جۆرە توندوتیژییە ھیچ نیشانەیەکی دەرەکی نییە و دەروونییە و زیاتر لە شێوەی سووکایەتی پێکردن، تانەوتەشەر، جنێودان، بەکارھێنانی زمانی رەق و ھەڕەشە-دایە، ئەم جۆرە توندوتیژییە کاریگەری قوڵتر و مەترسیدارتری بەدواوەیە، کەسێک ڕووبەڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە ببێتەوە زیاتر گۆشەگیر و بێزار و خەمۆک دەبێت و بەپێی وتەی پزیشکانی دەروونی جیهانی "ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە".

 

کاتێک ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی دەبێتەوە، کاردەکاتە سەر باری دەروونیان و پێویستییان بە چارەسەریی و پزیشک دەبێت، زۆرێک لەو ژنانەش دەگەنە ئاستێک کەلە خێزان و ماڵ دووربکەونەوە و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە دەرونییەکان.

 

ئاژانسی نوژنها سەردانی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی کرد کە لە ئێستادا ٤٠ ژن لەو نەخۆشخانەیە لە ژێر چارەسەرییدان.

 

ژنانی ناو سۆزی دەروونی توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵگەییان بەرامبەر کراوە

بژار شەهابەدین، توێژەری کۆمەڵایەتی لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، دەربارەی باری دەروونی ژنانی ناو نەخۆشخانەکە، ئاماژەی بەوەدا کە نەخۆشەکان دوو جۆرن، "شیزۆفرینیا و تێکچوونی لایەنی دەروونی"، وتیشی: "کاتێک نەخۆش لێرە تۆمار دەکرێت ئەگەر توندوتیژی جەستەیی بەرامبەری کرابێت ئێمە هەستی پێدەکەین، بەڵام ئەگەر توندوتیژییەکە دەروونی یاخود کۆمەڵایەتی بێت دوای تۆمارکردن و قسە کردن لەگەڵ خۆی و خێزانەکەی پێی دەزانین، چونکە کەسێک تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت بەرکەوتنی لەگەڵ کۆمەڵگە دەبێت و دەچێتە دەرەوەی ماڵ هەستی پێدەکرێت لەلایەن کۆمەڵگەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت.

 

ئەو توێژەرە باسی لەوەشکرد کە ژنان کاتێک دەچنە سۆزی دەروونی بەداخەوە لە دوا قۆناغی تووشبوون لە نەخۆشیەکەدان "ئێمە وەک توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی بە درێژایی چارەسەر و دەرمان پێدان لەگەڵ نەخۆشەکان هەست بە دۆخەکەیان دەکەین کە ڕووبەڕووی چ جۆرە توندوتیژییەک بوونەتەوە.

ژنان لە سۆزی دەروونی چۆن چارەسەر دەکرێن؟

بژار شەهابەدین دەربارەی چارەسەرییەکان ئاماژەی بەوەدا کاتێک نەخۆشێک تۆمار دەکرێت، کۆرسی دەرمانی بۆ دادەنرێت و لەلایەن پزیشک و کارمەند و توێژەرەکانەوە وەک تیم کاری لەسەر دەکرێت، "دەرمان چەند کاریگەری هەیە پشتگیری خێزان و کۆمەڵگەش دوو ئەوەندە دەوری هەیە، چونکە ئەگەر بەس دەرمان بدرێت بەو نەخۆشە و لە کەسوکار داببڕێت واتە هیچ چارەسەرییەکت نەکردووە، دواجار ئەو کەیسە دەچێتەوە ناو خێزانەکەی ئەگەر توندوتیژییەک لە خێزانەکەیدا هەبێت بینێریتەوە ناو ئەو ژینگەیە نەخۆشەکە هەروەک خۆی لێدێتەوە، بۆیە پێش گەڕاندنەوەی نەخۆشەکە سەردانی ماڵەوە دەکەین و زانیاریان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکرد پێدەدەین".

 

ئەو توێژەرە باسی لەوەشکرد کە خێزانەکان ناتوانن هەمان بەرپرسیارەتی ستافی نەخۆشخانەکەیان هەبێت و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشانی دەروونیدا بکەن، بۆیە نەخۆشەکان دەیانەوێت لە نەخۆشخانە بمێننەوە، "ژن هەیە لە ساڵی ٢٠٠٩ کە ئێرە دامەزراوە لێرەیە و کەسوکاری کەسوکاری لێی ناپرسنەوە، ئامادە نین سەردانیشی بکەن، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئێمە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونیەوە خزمەتگوزاری پێشکەش بە کەیسەکە دەکەین".

 

"بووین بە دایک و خوشکیان"

کوردستان ئەمین، پەرستار لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی وتی: "ئێمە ٢٤ کاتژمێر لەگەڵ ئەم ژنانە داین، بووین بە دایک و خوشکیان، هەم لە ڕووی پزیشکیەوە هەم لە ڕووی پێداویستی ڕۆژانەوە، بەیانیان لەخەو خەبەریان دەکەینەوە و پاکوخاوێنیان دەکەین، دواتر دەچنە ژووری کاری دەستی و بەشەکانی وەک وەرزش و میوزیک و سەیرکردنی فیلم، هەندێکجار باری دەروونیان تێکدەچێت ئێمە بە قسەکردن لەگەڵیان ئارامیان دەکەینەوە، وەک خوشکی خۆمان، تا باس لە کێشە و گرفتەکانی خۆی دەکات، بەوەش متمانە دروست دەکات".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا کوردستان وتی: "زۆربەی ئەو ژنانە لە لایەن باوک و برایانەوە لێیان دراوە، چونکە لە دۆخەکەیان تێناگەن و پەنا دەبەن بۆ توندوتیژیی و لێدان".

 

ت.پ