لە ڕۆژی تەندروستی قوتابخانەکان داوا کرا گرنگی بە خواردنی خۆماڵی بدرێت

کۆمەڵگای پەروەردەی هاوچەرخی هەڵەبجە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەڵەبجە، ڕۆژی جیهانی تەندروستی قوتابخانەکانی بەرز ڕاگرت.

کۆمەڵگای پەروەردەی هاوچەرخی هەڵەبجە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەڵەبجە، ڕۆژی جیهانی تەندروستی قوتابخانەکانی بەرز ڕاگرت.

هەڵەبجە

 

 

کۆمەڵگای پەروەردەی هاوچەرخی هەڵەبجە مەراسیمیان بە مەبەستی ناساندنی خواردنی تەندروست و ناتەندروستەکان و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە بەکارهێنانی خواردنی تەندروست و خۆماڵی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی قوتابخانەکان دوێنێ، ١٥ی تشرینی دووەم، بە دروشمی "تەندروستی ئامانجمانە" ڕێکخست.

 

خەرمان عەبدوڵا، لە هۆبەی تەندروستی قوتابخانەکان، باسی لەوەکرد لە پێشانگاکەیاندا چەندین خواردنی تەندروست و ناتەندروست بە شێوەی کردەیی نمایشکران تا زیاتر ئاشنا ببن پێی.

 

"خواردنی تەندروست کاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ هەیە"

سەبارەت بەوەی بۆچی لە قوتابخانەکان زیاتر گرنگی بەم رۆژە دەدریت، خەرمان وتی: چونکە لە تەمەنێکی منداڵدا خواردنی تەندروست کاریگەری لەسەر تەندروستی و گەشەی مێشک و جەستە هەیە، ،منداڵان وزەیەکی زیاتریان پێویستە بۆیە دەبێت گرنگی بە خواردنە تەندروستەکان بدرێت.

شێنا ئادەم، مامۆستا لە کۆمەڵگای پەروەردەی هاوچەرخ، باس لەوەدەکات کە پێویستە منداڵان هۆشیار بکەینەوە لە خواردی خۆراکە تەندروستەکان و ڕایان بهێنین لەسەر خواردنی تەندروست، هەرچەندە قورسترە کە گەورەکان لەگەڵ خواردنی تەندروستدا ڕابهێنین، بۆیە ئەمە لە منداڵانەوە دەستپێدەکەین.

 

پێویستە حکومەت ڕێگە بگرێت لە هێنانی بەروبوومی دەرەکی

مامۆستا شێنا داوا لە لە حکومەتی هەرێم دەکات کە کەلوپەلی خۆماڵی بەکاربهێنن و ڕێگە لە هێنانی بەروبوومی دەرەکی بگیرێت، چونکە بەرهەمەکان بێ کوالێتین و نابێت بهێنرێتە ناو هەرێم.

 

ت.پ