شۆخە کامەران نامیلکەی مرواری پێشکەش بە منداڵان دەکات
لە مەراسیمێکدا ناساندن بۆ پەرتوکی هۆنراوەی شۆخە كامەران کرا و نووسەر دەڵێت: هۆنراوەم بۆ منداڵان و گەورانیش نووسیوە، بەڵام خۆم لە نووسینی بواری منداڵان دەبینمەوە.

شیا کۆیی
کۆیە- لە هۆڵی کتێبخانە گشتییەکانی شاری کۆیە ناساندن بۆ پەرتوکی مرواری كرا كە كۆمەڵە هۆنراوەیەکە بۆ منداڵان و كرا بە دیاری بۆ ئامادەبووان، هەروەها شۆخە جگە لە نووسین لەبواری مندألان لەبواری هۆنراوەی گەورانیش دەنووسێت.
هەرچەندە بابەتی منداڵان هەیە، بەڵام زۆر كەمن ئەوانەی لە بواری منداڵان دەنووسن و گرنگی بە ئەدەب و رۆشنبیری منداڵان دەدەن، شۆخە كامەران لە شاری كۆیە لەدایكبووە و هەر لە كۆیەش خوێندنی تەواو كردووە، هەرچەندە خۆی كۆلیژی ئەندازیاری تەواو كردووە، بەڵام نەبووەتە ڕێگر لەوەی هەستی نووسینی بپوكێتەوە و هەر زوو دەستی بە نووسینی هۆنراوە كردووە لە بواری منداڵان و گەوران، ئێستا خاوەن دوو بەرهەمە بەناوی (ئەوشەوانەی بەدەم نەی تەواو بوون-مرواری).
شۆخە كامەران باسی كاری نووسینی بۆ نوژنها دەكات و دەڵێت: پیشەی سەرەكیم ئەندازیارییە لەپاڵ ئەوەشدا خەریكی نووسینم، بەرهەمەكەم كە ناساندنی بۆ كراوە ناوی مرواریە و تایبەتە بە منداڵان، هیوادارم منداڵان سودی لێببینن.
شۆخە كامەران وتیشی من لە منداڵیەوە خۆم لەبورای نووسینی مندالان دەبینی و زوو دەستم بەنووسین كرد و پەرتوکێكی دیكەشم هەیە بە ناوی "ئەو شەوانەی بەدەم نەی تەواو دەبوون".
پەرژین جەلال، مامۆستای شێوەكارە و دەڵێت: خۆشحاڵبووم كە ئەمرۆ لە شاری كۆیە بەشداربووم لە ڕێوڕەسمی ناساندنی نامیلكەی شۆخە، ناساندن و كۆرە هۆنراوەیەی ئەمرۆ شۆخە كامەران پیشكەشی كرد زۆر تایبەت و جوان بوو، هزر و ئایدیای شۆخە لەناو نووسینەكانی ڕەنگی دەدایەوە و شۆخە توانیویەتی بەو هەموو بەربەستەی هەیبوو خۆی پێبگەیەنێت.
پەرژین وتیشی: ژن واتە ژیانەوە بۆ هەموو لایەنەكانی ژیان، چونكە هەر ژنە ڕۆڵی هەمو لایەنەكان پێدەگەیەنێت بەتایبەت ئەو ژنانەی بەهێزن و بەرەنگاری بەربەستەكان دەبێتەوە و پەروەردەی منداڵیش دەگەڕێتەوە بۆ دایك و شۆخە بە جوانی ئەو رۆڵەی دەرخستووە.