نووسەرێکی مەغریبی لە ڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە ڕاستی ژنان و ئازارەکانیان بەرجەستە دەکات

ئەسما ئەلمەسلوحی بە یەکێک لەو دەنگە ژنانە دادەنرێت کە خۆی سەپاندووە لە دونیای گێڕانەوەدا، بەو پێیەی ژنی لە پەراوێزەوە وەک پاڵەوان بۆ بەرهەمەکانی هەڵبژاردووە، هەوڵی گەیاندنی ئازار و هاوارەکانیان دەدات.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- ئەسما ئەلمەسلوحی مەغریبی لە ڕەنگی ئەو ئازارانەی کە لە ناو ژنانی گەڕەکی مەلاح لە شاری تیتوان لە مەغریبدا بینیویەتی دەنووسێت، کە دوایین بڵاوکراوەی بریتییە لە " رماد الأزمنة‫… يوميات امرأة في الأربعين"، ڕۆمانێک کە باس لە یاخیبوونی ژنێک دەکات لە نەریت و کۆمەڵگەی پیاوسالاری.

 

قارەمانەکانی ئەو دەق و ڕۆمانانەی کە نووسەری مەغریبی ئەسما ئەلمەسلوحی نووسیویەتی، ئەو ژنانەن کە دووچاری وەدەرنان و گۆشەگیری بوون، و لە هەموو دەرفەتە بەردەستەکان بێبەش کراون بۆ ژیان لە ئازادی و کەرامەتدا، بەڵام ڕۆحی یاخیبوون و خواستی سەرکەوتن بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی هەمیشە ئەو بڵێسەیە بووە کە ڕێگاکانیان ڕۆشن دەکاتەوە و دەنگ و هاواریان دەبیسترێت و دەنگ دەداتەوە.

 

ئەسما ئەلموسلوحی، نووسەرو هۆنەری مەغریبی ڕوونیکردەوە کە ڕۆمانی "رماد الأزمنة‫… يوميات امرأة في الأربعين" هاوار و یاخیبوونە لە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپەرست کە دان بە مافە مرۆڤییەکانی ژنان یان تواناکانیاندا نانێت، بەو پێیەی ڕووداوەکانی لە شاری تێتوان لە باکووری مەغریب ڕوودەدەن و ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگای ئەوێ بە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپەرست و داخراو ناسراوە، بە تایبەت لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا پابەندە بەو نەریت و داب و نەریتانەی کە ڕێگەیان پێنەدرابوو پێشێل بکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵەوانی ڕۆمانەکە نەیتوانی یاخی و ناڕەزایەتی دەرببڕێت و هاوارەکەی دواخرا تا گەیشتە تەمەنی ٤٠ ساڵی، لەو کاتەدا هەموو ئەو شتانەی لە ناوەوەیدا تووڕە بوون ئازاد کرد و توانی ناڕەزایەتی و یاخیبوونی خۆی دەرببڕێت بەرامبەر بەو داب و نەریتەی کە ئازادییەکەی سنووردار کرد و وای لێکرد نەتوانێت ئارەزووەکانی خۆی دەرببڕێت، هەروەها ئازادی هەڵبژاردنی لێ زەوت کرد.

 

سەبارەت بە پەرتوکی " صرخات وردية‫… حكايا نساء من الملاح "، ئەسما ئەلمەسلوحی ئاماژەی بەوەدا کە لە گەڕەکی مەلاح لە شاری تیتوان گەورە بووە، کە گەڕەکێکی بەناوبانگە و کەسانێک نیشتەجێی دەکەن کە لە پەراوێزەوە هاتوون، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە لە شارەکانی دیکەوە هاتوون.

 

وتی: کاتێک منداڵ بووم، ئاگاداری چیرۆکی ژنان بووم کە لەلایەن ئەوانەی لە شارەکانەوە دێن بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا لە تێتوان، یان چاوەڕێی پەڕینەوە بوون بۆ ئەودیو. ئەم چیرۆکانە جۆرێک لە کنجکاوییان لە مندا وروژاند بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ وردەکاری و کارەساتەکانیان بکەم، ئەو چیرۆکانەشم هێشتەوە، کە هەندێکیان لە پاڵەوانەکانەوە بیستبووم، هەندێکی دیکەشیان لەلایەن ژنانی دیکەوە بیستبووم.