دیارییەک بۆ ٨ی ئادار: کلیپی "ژنی سووریی"

ناوەندی هیلالی زێڕین بەناوی "ژنی سووریی" کلیپێک سەبارەت بە خەبات و بەرخۆدانی ژنانی سووریا ئامادە دەکات. هەروەها ئەم کلیپە لە ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان پێشکەش دەکرێت.

نور حەمید

 

ڕەققە-بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ناوەندی هیلالی زێڕین ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی کلیپێک بە ناوی 'ژنی سووریی'. کلیپەکە لە کانتۆنی تەبقا لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا وێنەگیراوە و نزیکەی مانگێک لە ناوەندی سەردم لە کانتۆنی حەسەکە تۆمارکراوە، کلیپەکە بە بەشداری ٢٨ ئەندامی ژن بەرهەمهێندراوە. هەروەها گروپی هەڵپەڕکێ و گۆرانی و زەرب لەخۆدەگرێت. کلیپەکە تیشک دەخاتە سەر خەبات و بەرخۆدانی ژنانی سووریا، هاوکات پەیامێکە بۆ هەموو ژنێک کە خەبات دەکات بۆ داهاتوویەکی باشتر.

 

دەرهێنەر و ئەندامانی هیلالی زێڕین قسەیان لەگەڵ ئاژانسەکەمان کرد سەبارەت بە کلیپی "'ژنی سووریی'" و ئامادەکارییەکانی.

 

 "کلیپەکە دەنگی ژنانی سووریا دەبێت"

میدیا سلێمان، سەرپەرشتیری تیمی تەکنیکی هیلالی زێڕین لە بارەی دروستکردنی کلیپەکە و ئامادەکارییەکانی وتی: سووریا لەم دواییانەدا شاهیدی گۆڕانکاری سیاسی زۆر بووە، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر واقیعی ژنانیش هەیە، بیرۆکەی کلیپەکەش هەر لەو گۆڕانکارییەوە هاتۆتە ئاراوە، ئامانجمان ئەوەیە کە ئەو پەیامە بگەیەنین کە 'ژن دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە بواری هونەردا' بە جیهان. جگە لەوەش دەمانەوێت ئەزموون و دەستکەوتەکانی ژنان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ سووریای نوێ لە ڕێگەی ئەم کلیپە بگەیەنین.

 

کلیپەکە لە ٨ی ئادار بڵاودەکرێتەوە

میدیا سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو جلوبەرگانەی لە کلیپەکەدا پۆشراون، هەموو کولتوورەکانی سووریا لەخۆدەگرێت و وتی:  ئەو جلوبەرگە فۆلکلۆرییەی کەلەبەردەکرێت نوێنەرایەتی کولتووری هەر پێکهاتەیەکن و ڕەنگی پێکهاتەکانی ناوچەکە وەک مۆزایک نیشان دەدات، قەڵای جەبار بۆ وێنەگرتنی کلیپەکە هەڵبژێردرا، چونکە شوێنێکیمێژووییەو ڕەنگدانەوەی کولتووری ناوچەکەیە، ئەم گۆرانییە تایبەت بەهەموو ژنانی تێکۆشەرو بەرخۆدیری سووریایە، بەتایبەت ژنانی ڕۆژئاوا کە لە ئێستادا خەریکی نووسینی بەرخۆدانێکی مێژوویین لە بەنداوی تشرین ئەم گۆرانیە لە ٨ی ئادار پێشکەش دەکرێت و بەرخۆدانی ژنانی سووریا بە جیهان دەگێڕدرێتەوە هونەر پەیامێکە بۆ گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ژنان هیوادارین ئەم کلیپە بگاتە ئامانجەکانی.

"گۆرانییەکە چیرۆکی ژنێکی سووری دەگێڕێتەوە"

ئیلاڤ شێخ محەمەد، ئەندامی گروپی گۆرانی ئاماژەی بەوەکرد، دەیەوێت جێپەنجەی هونەری خۆی لەم کلیپەدا بەجێبهێڵێت و وتی: ویستم جێپەنجەی خۆم لەسەر ئەم کارە هەبێت و ئەزموونی خۆم بخەمەڕوو، مێژووی ژنانی سووریا و ڕاستییەکەی و هەموو وردەکارییەکانی لەم گۆرانییەدا گێڕدراوەتەوە، لە هەمانکاتدا سەرنجی خەڵک بۆ خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە دژی سەختییەکان ڕادەکێشێت، بوونی ژنان و بەشداریکردنیان لە هونەردا زۆر گرنگە، سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییانەی کە لە وێنەگرتنی کلیپەکەدا ڕووبەڕووی بووینەوە، هەوڵماندا ئەم ئەرکە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەین هیوادارین ئەم گۆرانییە ببێتە دەنگی ژنانی سووریا بۆ جیهان.

"دەیانەوێت لە ڕێگەی گۆرانییەوە دەنگی ژنانی سووریا ببیستن"

میدیا ئیبراهیم ئەندامی گروپی ئەلداف گرنگی ئەم کلیپەی دەربڕی و وتی: ئامادەکردنی کلیپێکی لەم شێوەیە لە ناوچەکەدا زۆر جیاوازە. چونکە ڕەققە لە کاتی پڕۆسەی داعشدا ئازار و مەینەتی و پێشێلکارییەکی زۆری بەسەردا هات، هەروەها داب و نەریتە دواکەوتووەکان ڕێگەیان بە ژنان دەدا لە ماڵەوە بمێننەوە و بەشداری نەکەن لە بواری هونەریدا، بۆیە ئێمە ویستمان لە ڕێگەی ئەم ئاستە هونەریەوە دەنگی ژنانی ناوچەکە و ئەم ئاستە هونەرییانە بگەیەنین.

'هیوادارم ئەم کلیپە ببێتە پاڵپشتی ژنان"

جەیلان سلێمان، ئەندامی گروپی هەڵپەڕکێ سەبارەت بە بەشداریکردنی لە کلیپەکەدا وتی: بەڕاستی بیرۆکەی شێوازی کلیپەکەم بەدڵ بوو، هەر بۆیە ویستم ئامادەیی خۆم لەم کلیپەدا بسەلمێنم، بە هەڵپەڕکێ بەشداریمان لە کلیپەکەدا کرد، دەمانەوێت ئەم کلیپە و کارەکانمان ببێتە پشتیوانی بۆ ژنانی گەنج بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە هونەردا بگێڕن، پێویستە هەموو ژنێکی گەنج کە ئامادەبوونی خۆی لە هونەردا بدۆزێتەوە، پێویستە بەشداری لە ناوەندی هیلالی زێڕین بکات.