زاهیە تارشی وێنای ئازار و سەختی و هێزی ژنانی تونسی دەکات
زاهیە تارشی وێنەکێش، هونەر تەنیا وەک داهێنەری بیندراو پێناسە ناکات، بەڵکو وەک ئامرازێکی قووڵ بۆ گەیاندنی ئازار و ڕۆشنکردنەوەی هیوا دەیبینێت، ولەم بارەیەوە وتی: لە تابلۆکانمدا خەبات و سەختی و هیوا و هێزی ژن وێنا دەکەم.

ئیخلاس حەمروونی
تونس – وێنەکێشی تەنها میدیایەکی داهێنەرانە نییە بۆ دروستکردنی جوانی کە دڵی چاو دڵخۆش دەکات، زمانێکی بەهێزە کە هەڵگری پەیامی قووڵە و گوزارشت لە پرسی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی ژنان دەکات لە بەرامبەر توندوتیژی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا، دەبێتە مایەی ئیلهام و هێز بۆ مرۆڤەکان، ئەم هونەرە لە ڕێگەی وێنە و ڕەنگەکانییەوە، خەباتی ژنان و هەروەها هێز و ئیرادەیان لە بەرامبەر ئاڵەنگارییەکاندا وێنا دەکات.
زاهیە تارشی هونەرمەندی تونسی، یەکێکە لەو مۆدێلە ئیلهامبەخشانەی کە توانیویەتی لە بەرامبەر ئاڵەنگاری کۆمەڵایەتی و کولتووریدا هەڵبستێت و ببێتە دەنگێکی بەهێز و لە ڕێگەی تابلۆکانییەوە گوزارشت لە پرسی ژنان بکات، هەر لە منداڵییەوە ئارەزوومەندی هونەرە، چونکە هونەری وەک شوێنێکی دەربڕین دەبینی کە سنووری وشەکانی تێدەپەڕاند، هەروەها زاهیە تارشی ویستویەتی لە ڕووی ئەکادیمییەوە خۆی باشتر بکات، بۆیە بڕوانامەی داهێنانی هونەری لە پەیمانگەی باڵای هونەر و پیشەسازی لە شاری قەسرین وەرگرتووە.
"وێنەکێشی پەیام و ئامرازێکە بۆ گۆڕانکاری"
زاهیە تارشی ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک چووەتە بواری هونەرەوە، سەرەتا ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەتەوە و وتی: سەرەتا زۆر سەخت بوو، لەبەر ئەوەی من ژنم، ڕووبەڕووی تێڕوانینە سووکایەتیپێکردنەکان بوومەوە، بەڵام باوەڕم بە دەسەڵاتی خۆم هەبوو بۆ شکاندنی ئەم چەقبەستووییە ڕەق و دواکەوتووانە، هەمیشە بەخۆمم دەگوت کە هونەر تەنها پیشەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیامێکە و ئامرازێکە بۆ گۆڕانکاری، نامەوێت تابلۆکانم تەنها وێنەکێشانی جوان بن، ئەوانەهەڵگری مانای قووڵن کە هەرکەسێک دەیانبینێت هەست دەکات بەشێکە لە ئازار، سەختی، هیوا، بەرخۆدان و هێزی ژنان لە تابلۆکاندا کە من دایاندەنێم.
"وێنەکان دەبنە دەنگی ئەو کەسانەی کە ناتوانن قسە بکەن"
زاهیە تارشی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕێگەی تابلۆکانییەوە ژن وەک هێمای هێز و بەرخۆدان نیشان دەدات نەک وەک قوربانی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە تابلۆکانمدا ژنم وێنا کردووە، چونکە وێنەیەک ئازار و هیوای تێدایە، چونکە ژن هەوێنی کۆمەڵگە و پارێزەری دەسەڵاتییەتی، لە ڕێگەی تابلۆکانەوە خەباتی ژنان لە دژی ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری نیشان دەدەم، لە هەمانکاتدا سەرنج بۆ ڕۆڵی ژن لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا ڕادەکێشم، هەندێک جار تابلۆکان دەبنە دەنگی ئەو کەسانەی کە ناتوانن قسە بکەن و پەیامی گۆڕانکاری بگەیەنن.
"ئەو ژنە تونسییە بە داهێنەرییەکەی سەرکەوتوو بوو"
زاهیە ڕوونی کردەوە کە هونەر پەنجەرەیەکی فراوانە کە ژن لە ڕێگەیەوە دەتوانێت خۆی و دەنگی ئەو سەختییانەی لە کۆمەڵگەدا دەیبینێت دەرببڕێت، هونەر جگە لە تیشک خستنە سەر کێشەکانی توندوتیژی دژی ژنان، دەتوانێ سەرنج بۆ دۆزی فەلەستین و سەختییەکانی منداڵانی غەززە لە نێو شەڕدا ڕابکێشێت، ئەم سەختییانە لە تابلۆکانیدا بەرجەستە دەکات، لە ڕێگەی بەکارهێنانی هونەرەوە، ژنە هونەرمەندەکان باس لەو پرسانە دەکەن کە پەیوەندییان بە هەموو جیهانەوە هەیە، ژنانی تونس توانیان سەرکەوتنی گەورە لە بواری هونەردا بەدەست بهێنن، زاهیە لە بەرامبەر هەموو سەختییەکدا خۆڕاگر بوو، ئەو بە داهێنەری بەهێز و ئیرادەی سەرکەوتنی بەسەر هەموو سەختییەکاندا زاڵ بوو، ئەو ژنە تونسییە توانی لە ڕێگەی تابلۆکانییەوە وێنەیەکی ژنان لە جوانی و بەرخۆدانیاندا بکێشێت.
"'لەبەرامبەر سەختیدا ملکەچبوون قبوڵ مەکە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، زاهیە تارشی پەیامێکی بۆ ژنان نارد و وتی: هیچ شتێک بە ئاسانی نایەت، بەتایبەتی نیگارکێشان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و سەختی دەبێتەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو ئاستەنگانەدا، ژنان نابێت ڕادەست بوون قبوڵ بکەن و دەبێت خەونەکانیان بەدیبهێنن، پێویستە ژنە هونەرمەندان سەرەتا خۆیان لە زنجیرەکانی کۆیلایەتی ڕزگار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە بانگهێشتەکانیان بکەنە ڕاستی.