"ڕێژەی ژنانی ڕۆژنامەنووس لەهەرێمی کوردستان پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیووە"
هانا شوان، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنان دەڵێت: ژنان تەنها بۆ ئەوە ناچنە ناو ڕاگەیاندن هەر ژنبن لەوێ، بەڵکو بۆئەوە دەچن کە دەنگی کۆمەڵگە بگەیەنن و خەمخۆری بۆ کۆمەڵگە بنوێنن.

هێرۆ عەلی
سلێمانی- لە ٢٢ی نیسان ١٢٧ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان تێپەڕی، لە باشووری کوردستانیش ژنان لەو کاتەوە تا ئێستا بەڕێژەی بەرچاو هاتوونەتە ناو کاری ڕۆژنامەنووسی و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا کار دەکەن، بەڵام تا ئێستاش ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی و هەراسانکردن دەبنەوەو پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت.
لە ١٥ی نیسان ڕێکخراوی جاسەنە و سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسیی مافی مرۆڤ لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا سەبارەت بە بەهێزکردنی تواناکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس و هاوبەشیپێکردنی ژنان لە جومگەکانی بەڕێوەبردندا، ئاشکرایان کرد، لە کۆی ١٧٠٠ دەزگای میدیایی و چاپ، ژمارەی ژنە سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازەکان لە ١٠ ژن تێناپەڕێت، هەروەها زۆرینەی ژنانی میدیاکار بە ڕێژەی لە ٣٠.٦٪ ڕووبەڕووی هەراسانکردنی سێکسیی بوونەتەوە، کەواتە لە هەر سێ ژنی میدیاکار یەک ژن گێچەڵی سێکسیی پێ کراوە، کە پشکی شێر لە هەراسانکردنی ڕاگەیاندکارانی ژن، بەر ڕاگەیاندکاران و بەڕێوەبەر و سەرپەریشتیار و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەکەوێت.
" لەهەرێمی کوردستاندا ڕێژەی ژنانی ڕۆژنامەنووس لەم دووساڵەی کۆتایدا پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیوە"
لەم بارەیەوە هانا شوان، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنان، باسی هەراسانکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووسی کرد، ڕایگەیاند: لەهەرێمی کوردستاندا ڕێژەی ژنانی ڕۆژنامەنووس بەتایبەتی لەم دووساڵەی کۆتایدا پاشەکشەی بەخۆیەوە بینیەوە، چ لە ڕووی ژمارەوە، چ لەڕووی بونیان لە ناو ژوورە جیاوازەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەتایبەتی بۆردەکانی بەڕێوەبردن و بڕیاردان و بۆردەکانی دانانی پلان، لەمانە هەمووی دەبینین ژنان ڕێژەیەکی زۆرکەمن، ئەمەش جێگەی مەترسیە، چونکە ژنان تەنها بۆ ئەوە ناچنە ناو ڕاگەیاندن هەرژنبن لەوێ، بەڵکو بۆئەوە دەچن کە دەنگی کۆمەڵگە بگەیەنن و خەمخۆری بۆ کۆمەڵگە بنوێنن، دەبینین لە زۆربەی پرسە کۆمەڵایەتیەکاندا ژنان دەتوانن باشترو وردبینانەترڕماڵ بکەن، بۆیە دەبینین هەندێک پرس هەیە کەدێتە ناو میدیاوە و پرسی زۆر ناشرینن، هیچ کاتێک لەلایەن میدیاکارە ژنەکانەوە ئەو پرسانە باس ناکرێن بەشێوەیەک کە کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت، بۆیە ئەم پاشەکشەیەی ژنان هۆکاری زۆری هەیە، لەوانە "جیاکاری، فشاردروستکردن، هەژمارنەکردنی کارەکانیان وەکو هاوکارە پیاوەکانیان.
لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: بارودۆخی کۆمەڵگەی ئێمە بەشێوازێکە زۆرجار ژنانی ڕۆژنامەنووس ناوێرن یاخود دەستپێشخەری ئەوە ناکەن کە سکاڵای یاسایی تۆماربکەن، چونکە کاریگەری نەرێنی دەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و خێزانیەوە، بۆیە سکاڵاکان کەمن، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئەوەیە زۆرجار دەتوانن بە شێوەیەکی نهێنی سکاڵا تۆماربکەن، بەبێ ئەوەی ئاشکرابکرێت، تاوەکو بتوانن سکاڵاکانیان بگەیەننە شوێنێک کە سزای تاوانبارەکە بدرێت.
هانا شوان، باسی ڕۆڵی ژنانی ڕۆژنامەنووسی لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا کردو ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆڵێکی کاریگەر و زۆر ئەرێنیان هەیە، زۆربەی ئەو پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەکۆمەڵگەی کوردیەوە، بەشێوەیەکی جوانتر و باشتر ڕوماڵ دەکرێت، بەڵام هێشتا پێویستامان بە ڕێژەیەکی بەرزتری ژنانی ڕۆژنامەنووسە بۆ گەیاندنی دەنگی کۆمەڵگە و قسەکردن لەسەر پرسە هەستیاریەکانی تایبەت بەکۆمەڵگە.`
"هەماهەنگیەکی باشتر پێویستە لەنێوان دەزگا یاساییەکان و دەزگا ڕێکخراوەییەکان سەبارەی بە مافە یاسایەکانی ژنان"
دواتر باسی چارەسەرییەکانی بۆ کەمکردنەوەی هەراسانکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس کردو وتی: هەماهەنگیەکی باشتر پێویستە لەنێوان دەزگا یاسایی و ڕێکخراوەییەکان و ئەو شوێن و سەنتەرانەی تایبەتن بەکاری ڕۆژنامەوانی یاخود بەکاری ژنانەوە، هەروەها هۆشیاریەکی زیاتر لە میدیاکانەوە بدەن سەبارەی بە مافە یاسایەکانی ژنان.
"ژنانی ڕۆژنامەنووس لە یەکەم بڕیاریانەوە کە وەکو ڕۆژنامەنووس کاربکەن بڕیارێکی بوێرانە بدەن"
لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامی خۆی بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕاگەیاندو وتی: ژنانی ڕۆژنامەنووس لە یەکەم بڕیاریانەوە کە وەکو ڕۆژنامەنووس کاربکەن بڕیارێکی بوێرانەدەدەن، کەواتە ژنێکی ئازایە، بۆیە پێویست دەکات ئەم ئازایەتەی زیاتر ئاو بدرێت بە خۆبەتواناکردن، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕوماڵەکان بە کۆاڵێتی جیاواز و باشتربکرێت.