“ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هەڵگری چەکەکانیان بونەتە سومبوولی ئازادی کوردستان”

ئارا ڕۆژبەیانی دەڵێت: بەرخۆدان و ئیرادەی رۆژئاوای کوردستان مۆدێلیکی تەواو ئازادیخوازانەی خۆبەڕیوەبەریی لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت، پێویستە کوردانی باشوور پشتیوانیان بکەن.

هێلین ئەحمەد 

 

سلێمانی_ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە، لە ناوچە خۆ بەڕێوەبەرییەکان دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرشە درۆنییەکان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، لە لایەن قەسەدە و گەلەوە بەرخۆدانی دژ بە هێرشەکان ئەنجام دەدرێت، گەل لە بەنداوی تشرین وەستاون، لە ئاکامدا تەواوی کوردان لە هەر پارچەیەکی کوردستاندابن هاوکاری و پشتیوانی خۆیان دوپات دەکەنەوە، سەرەڕای ڕێگرییەکانی دەسەڵاتداران کوردانی باشووری کوردستان، لە ڕێگەی چالاکی و گردبوونەوە و کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بەردەوام پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دوپاتکردۆتەوە، لەئێستادا ماوەیڤ ٢٦ ڕۆژە گەلی کورد لە بەنداوی تشرین سەرەڕای هێرشەکان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان درێژە بە بەرخۆدانەکانیان دەدەن، بە گوێرەی ئامارەکان ٢٢ شەهید و ٢١٧ ی لە ماوەی ٢٥ ڕۆژدا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا تۆمار کراوە.

 

"پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە پشتیوانی تەواوی کوردان هەیە"

ئارا رۆژبەیانی، توێژەری کۆمەلایەتی ئاماژەی بەوەکرد، بەرخۆدان و ئیرادەی رۆژئاوای کوردستان مۆدێلیکی تەواو ئازادیخوازانەی خۆبەڕیوەبەریی لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت وتی: بەرخۆدانەکانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان جێگای شانازی هەر تاکێکی کوردە، لە مۆدێلێکی ئیدارەدان و خۆبەریوەبەریدا خۆی دەبینێتەوە، لەو شۆڕشەدا ڕۆڵی ژنان تێیدا بەرجەستە کراوە، خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تەواوی جیهانی پشتڕاستکردەوە کە ژنان لە وڵآتی ئێمەدا کائینێکی لاوازنین، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان هەردەم بە پلە دوو تەماشا دەکرێن، لە ڕێگەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشڕەوی ژنانی ئازادیخواز و وڵاتت پارێز، ڕۆڵی ژنانیان تێدا وەک کەسێکی پلە یەک بەرجەستە کردووە، ژنان لە ئێستەدا لە تەواوی پارچەکانی کوردستان خەباتگێڕە، بەردەوام لە ڕێگەی چالاکی و هەڵگرتنی چەکەکانیان دژ بە دوژمن هەبوونی خۆیان پشانی تەواوی جیهان دەدەن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا کارێکی مێژوویی گرنگە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوود وەرگرتن لە هەڵە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەبێتە سەرکەوتن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، وتیشی: ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەنجامنەدانی ئەو هەڵە سیاسییانەی لە باشووری کوردستاندا ئەنجامدرا، دەستکەوتی مێژوویی و سیاسیی بەدەستهێنا، پێویستە تەواوی کوردان لە باشووری کوردستان بەردەوام پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، پەیوەندییەکانی گەلی باشووری کوردستان بۆ بەرخۆدانیان لە ئاستێکی باشدان، بەردەوام پشتیوانی و هاوکاری بۆ کوردان ئەنجامداوە، بەڵام سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان بەردەوام دژی هاوکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندان، لە ڕێگەی داخستنی سنورەکان و نەبوونی پشتیوانییەکان بەردەوام ئاستەنگی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەکەن.

 

 ئارا ڕۆژبەیانی لە کۆتاییدا وتی: یەکڕیزی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەردەوامبوونی دەستکەوتەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان کارێکی گرنگە بۆ تەواوی کوردان، چارەسەری تەواوی کێشەکانی کورد دەکات، لە ڕێگەی پشتیوانی و بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانین ڕوبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ببینەوە، کە بەرخۆدانی و پشتیوانی گەل باشترین دەستکەوتەکان دەبن.