بە ژمارە؛ لە ٢٠٢٤دا ٦٩ ژن کوژراون یاخود توندوتیژییان بەرامبەر کراوە
ئاژانسی نوژنها ساڵانە ئاماری کوشتنی ژنان و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە و ئەوەی جێی تێبینییە، کە کوشتنەکان زیاتر هۆڤانە دەبێت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و هەڕەشە بووەتە هۆکارێک ژنان کردەی خۆکوژی ئەنجام بدەن.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- کوشتنی ژنان، تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و لە جیهاندا لەلایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە ئەنجام دەدرێت، ئەگەرچی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بانگەشەی کۆتاییهێنان بە کوشتنی ژنان دەکەن، بەڵام تا دێت ئەو سیستمەی کە جیهان بەڕێوە دەبات، زیاتر کۆمەڵگەکان پەلکێشی ناو قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەکات و تاکی کۆمەڵگە و بە تایبەت پیاوان لەسەر کوشتنی ژنان ڕادەهێنێت، بە پێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ١٠ خولەکێکێکدا ژنێک بە بێ بیانوو دەکوژرێت، ئەمەش بە ڕوونی لە باشووری کوردستان دەبینرێت، کە ژنان ڕووبەڕووی کوشتن، هەراسانکرد، توندوتیژی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە و بە قەیرانەکان کارتێکراون.
بە پێی مانگەکان ئاژانسی نوژنها ئاماری کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان بڵاودەکاتەوە، کە لە میدیاکاندا ڕاگەیەندراون، ئەم ئامارانە ڕاستەقینە نین و ئاستی توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان بەرزترن و دەسەڵات بە شاراوەیی دەیانهێڵێتەوە و زیاتر لە چوار ساڵیشە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماری کوشتن و توندوتیژییەکان بڵاو ناکەتەوە.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا؛
٢٩ ژن کوژراون، یاخود سووتێنراون.
٢٧ ژن، ناچار بە خۆکوشتن کراون، یاخود بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە و بکەرانی ئاشکرا نەکراون.
١٣ ژن بە هۆی هێرشی چەقۆ و فیشەکەوە بریندار کراون یان بە شێوازی جیاواز ئەشکەنجە دراون.
ڕووداوەکانیش بەم شێوازانە بوون؛
مانگی کانوونی دووەم/١
-٨ی کانوونی دووەم بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە ماڵێکی سنووری کەسنەزان لە هەولێر ستی نزیک جووت سایدی لاوان کەوتەوە و ژنێكی بە ڕەگەز عەرەب گیانى لەدەستداوە.
-١١ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر ژنێکی ٤٠ ساڵ، کە دایکی دوو منداڵە، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە تێزاب سووتێندرا و بەهۆیەوە ٢٠%ی لەشی سووتا، بە وتەی کەسە نزیکەکانی ژنەکە، گومان لێکراوی سەرەکی ئەو تاوانە هاوژینەکەیەتی، کە خۆی یاخود لە ڕێگەی کەسێکەوە ئەنجامی دابێت.
-١٥ی کانوونی دووەم، لە دواناوەندی ڕوئیای کچان لە گەڕەکی نەدای شاری کەرکوک، خوێندکارێکی کچ دوای ئەوەی لەلایەن هاوپۆلەکانییەوە بێ ڕێزی پێدەكرێت، ڕووبەڕووی لێدان و سوکایەتی کردن دەبێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەر و چەند مامۆستایەكی خوێندنگەکەوە، کە خوێن بە جلەکانییەوەیە دەردەکەوێت و ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لەلایەن خەڵک و چالاکوانانەوە بەدوایدا هات، کە وەزارەتی پەروەردەی ناچار کرد، بێتە دەنگ و بەڕێوەبەرەکەش لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
-لە ٢٣ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی جامیعەی شاری کۆیە، ژنێكی تەمەن ٧٨ ساڵ لە ماڵەکەیدا کوژرا، دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە و پاش گەیشتنى تیمەکان دەرکەوتووە ئەو ژنە بە تەنها ژیاوە و ٢٠ شوێنەواری لێدانی چەقۆ بە لەشیەوە هەبووە.
-٢٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکوک، ژنێک بە ناوی "ر. م. ح" دوای برینداربوونی بە گولـلە گیانی لەدەستدا و وترا کە منداڵە ٧ ساڵانەکەی لەکاتی یاریکردن بە دەمانچەکەی باوکی، گولـلەیەکی ناوە بە دایکیەوە. دوای لێکۆڵینەوە، بکوژ کە هاوژینی ژنەکەیە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە تەقەی لە هاوژینەکەی کردووە و تاوانەکەشی خستووەتە سەر منداڵە تەمەن ٧ ساڵانەکەی.
شوبات/٢
-لانە عومەر جەوهەر، تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێ لە هەرێمی ڕاپەڕین، کە خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی بازرگانی کۆلێژی یاسا و کارگێڕی لە زانکۆی هەڵەبجە بوو و بە هۆی خوێندنەکەیەوە لە بەشە ناوخۆیی کچانی زانکۆکە دەمایەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی شەوی ٢٥ی کانوونی دووەم کەوتە خوارەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ١ی شوبات گیانی لەدەستدا.
-٣ی شوبات، لە شاری سلێمانى ژنێک بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە کە ناوی "پەریزاد محەمەد"ە خەڵکی شارەدێی ئاشتیی سنووری شارۆچکەی کۆیەیە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دانیشتووی گەڕەکی زێڕینۆکی شاری سلێمانی بووە، بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستداوە، بۆیە هاوژینەکەی دەستگیر کرا.
-١٧ی شوبات، لە شاری هەولێر چوار کەس بە تۆمەتی ڕفاندنی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ و دەستدرێژی کردنەسەری، دەستگیرکراون، بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتباران لەدوای ڕفاندنی ژنە گەنجەکە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە شوقەیەک دەستبەسەریان کردوە و دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەری.
-١٩ی شوبات، تهرمی ژنێک لە بەنداوی دهۆک دۆزرایەوە، به گوێرهی زانیاریه سهرهتاییهكان ئهو ژنه خەڵکی شنگالە و لە کامپی دۆمیز لە شاری دهۆک ژیاوە.
-٢٠ی شوبات، لە شارۆچکەی خانەقین، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، کە دایکی دوو منداڵە، گیانی لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس خێزانی ژنەکە ئاماژەیان بەوەداوە، کردەکە خۆکوژی بووە و نەوتی بە خۆیدا کردووە و خۆی سووتاندووە.
مانگی ئادار
-٣ی ئادار، تەرمی کچە فێرخوازێک بەناوی " د، ا، ع "، تەمەن ١٤ ساڵ، براوەتە پزشکی دادی کەلار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدابوو، بە پێی زانیارییەکان، کچەکە لەگەڵ دایکی لە ماڵەوە بووە، بە دەمانچەکەی باوکی کە خانەنشینی پێشمەرگەیە فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.
-٤ی ئادار، لە بەردەم دادگای هەولێر ژنێک بە میدیاکانی ڕایگەیاند، لەلایەن باوک و براکانییەوە ئەشکەنجە دراوە و بەهۆیەوە چاوێکی لەدەستداوە، بۆیە سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێک لە براکانی لە کەرتی پۆلیسدا کار دەکات، ڕێگریی لە سکاڵاکەی دەکرێت بچێتە دادگا و هەوڵدەدەن لەژێر فشاری هەڕەشەی کوشتندا دەستبەرداری سکاڵاکەی بێت، ئەو ژنە دایکی دوو منداڵە، لەبارەی هۆکاری ئەشکەنجەدانەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، باوک و براکانی دەیانەوێت لەو خانووەی پاش کۆچی دوایی هاوژینی یەکەمی بۆی ماوەتەوە دەری بکەن و دەستبگرن بەسەر ئەو موڵکەدا.
-١٢ی ئادار، پیاوێک لە شاری هەولێر دەستڕێژی گولەی لە دوو کەس کرد و برینداری کردن، یەکێک لە بریندارەکان هاوژینی تەقەکەرەکەیە و بریندارەکەی دیکەش خاڵی ژنەکەیە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکراونەتەوە، پیاوە تەقەکەرەکە بۆ چوارەم جار هاوسەرگیری کردووەتەوە و بەو هۆیەوە هاوژینەکەی بەجێی هێشتووە، بۆیە هەڕەشەی لێکردووە و دواجار دەستڕێژی گولـلەی لێکرد و برینداری کرد.
-١٩ی ئادار، تۆمەتبارێک دەستگیر کرا كە هەڕەشەی لە ژنێک کردبوو، تۆمەتبار م. ت. ف لەدایكبووی ٢٠٠٥، پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، سکاڵاکە لەلایەن باوکی کچەکەوە تۆمار کراوە، بەوەی کەسێک بە هەڕەشە و فشار داوای بڕی هەزار دۆلاری لە کچەکەی کردووە.
مانگی نیسان/٤
-٣ی نیسان، لە نزیک شوقەکانی پارک ڤیو لە شاری هەولێر، پیاوێک بە ناوی "ج. م. س" تەقەی لە هاوژینەکەی کرد و کوشتی.
-٧ی نیسان، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناوی فاتم ڕەسو، دایکی چوار منداڵ، لە گوندی زوورکانی شارەدێی سەنگەسەر لە شارۆچکەی پشدەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، بە گولـلەی دەمانچە بە گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
-ئەو ژنەی لە ١٨ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە ناوی "فەیروز ئازاد"، لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکان لە هەولێر لەلایەن دوو کوڕەوە فڕێدرایە خوارەوە، بەرواری ١٧ی نیسان، لە شارەدێی دارەتووی شاری هەولێر بە گولـلە کوژرا. بەپێی وتەی دایکی فەیروز، کچەکەی لەلایەن باوکی، کە ناوی "ئازاد قادر عەبدوڵا"یە و برایەکی بەناوی "عەبدولکەریم ئازاد" و خاڵ و خاڵۆزاو پورزاییەوە کوژراوە، لە پاشان پۆلیسی هەولێر لە هەمان ڕۆژدا، توانیویانە بكوژ و تۆمهتباری سهرهكیی، کە براکەیەتی دەستگیر بکەن.
-٢٤ی نیسان، لە شاری سلێمانی ژنێکی گەنج لەسەر پردی "خاڵە شیهاب" نزیک فامیلی مۆڵ کەوتووەتە خوارەوە، بەپێی وتەی لایەنی پەیوەندیدار لە ژیاندا ماوە.
-٢٥ی نیسان، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، لە گوندی تەرکەلانی سەر بە شارەدێی تۆپزاوا لە کەرکوک، ژنێک بەناوی "س. ع. م" لەلایەن کوڕەکەی بە سەختی بریندار کرا، بەهۆی ئەوەی گولـلەکە بەر سینگی ژنەکە كهوتووه و برینەكەی سەخت بووە، بۆیە لە پاش كەمێک لە ڕووداوەکە گیانی لهدهستداوە.
-٢٩ی نیسان، ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵان لە گەڕەكی كەلاری كۆن كە بەهۆی بەركەوتنی بە تەزووی كارەبا بریندار بووبوو گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار و گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام لە ڕێگەدا گیانی لەدەستدا.
ئایار/٥
-٥ی ئایار، لە گوندێکی سنوری شارۆچکەی ئاکرێ ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵان، بەناوی 'لەمیس فەهد' دانیشتوی گوندی دۆبێ لە سنوری شارۆچکەی ئاکرێ سووتا، بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویەکەی گیانی لەدەستدا.
-١٢ی ئایار، لە شارەدێی دەرکار سەر بە ئیدارەی زاخۆ، پیاوێک بە دەستڕێژی گوللـە خوشکێکی خۆی کوشت، تۆمەتبارەکە ناوی (ب.م.ع)ـە، بەپێی مادەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە.
-٢٠ی ئایار، کچێکی گەنج لەلایەن باوکییەوە بە چەقۆ کوژرا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بە پێی زانیارییەکان تۆمەتبار "ع. ع. م" لەدایكبووی ساڵی ١٩٧١ە.
-٣١ی ئایارا، ژنێکی فەڵەستینی بەناوی ئیسرا یوسف، تەمەنی ٤۱ ساڵ کە لە دهۆک کاری دەکرد، بە شێوەیەکی گوماناوی سووتا و لە دوای مانەوەی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
حوزەیران/٦
-١ی حوزەیران، تهرمی ژنێکی گەنج له نزیک خوێندنگەی شیرینی كچان و پاركی ئازادی شاری سلێمانی دۆزرایەوە، کە لە باڵەخانەیەکی تەواو نەکراوەوە خۆی فڕیدابووە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
-٦ی حوزەیران، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئاڤان، کە دووگیان بوو بە منداڵی دووانە، بە سووتاوی گەیەندرایە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی و بە وتەی باوکی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت، پێش سووتانەکەشی تاوانبار برۆ و قژی تاشیوە و پاشان لە گەرماوی ماڵەکەیاندا نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی، بەو هۆیەشەوە ٨٥٪ی گیانی سووتاوە و کۆرپەلەکانیشی کە دووگیانبووە پێیان لەدەستداوە، دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە و لە ١٢ی حوزەیراندا، ئاڤان بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
-لە ١٥ی حوزەیراندا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوو تومەتباری هەڕەشەی ژنانیان دەستگیرکرد، یەکێک لە تۆمەتباران ناوی "ف، ق، م" لەدایكبووی ١٩٧٦ بەپێی ماددەی حەوت لە یاسای توندوتیژی خێزانیی، و تۆمەتبارەکەی دیکە "م، م" بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسی سزدانی عێراقی کە تایبەتە بە تاوانی فێڵکردن دەستگیرکراون.
-١٦ـی حوزەیران، لە شارۆچکەی سیمێل لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی ژنێکی ٦٠ ساڵ لە باڵەخانەیەکدا دۆزرایەوە، بەڵام هیچ لەبارەی هۆکار و شێوازی گیان لەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکرا.
-٢٠ی حوزەیران، ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گروپێکیان دەستگیرکردووە کە ١٥٠ تاوانی ئەکترۆنییان ئەنجامداوە، لە ڕێگەی گروپی تەلەگرامەوە نزیکەی ٥٠٠ ڤیدیۆ و وێنەی کچان و کوڕانی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردووەتەوە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تایبەتیان لە چەندین ژن کردووە و تۆمەتبارن بە خۆکوشتنی چەندین ژن.
-٢١ـی حوزەیران لە شاری هەولێر هەوڵی سەربڕینی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵان درا، دواتر دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و بە ١٢٠ تەقەڵ برینەکەی دەدوورێتەوە.
-٢٢ی حوزەیران لە گوندی عەوڵاقوتی سەر بە شارەدێی سەرقەڵا لە گەرمیان، تەرمی ژنێکی لەدایکبوونی ١٩٦٠ بە ناوی "گ.د.ب"، براوەتە پزیشکی دادوەری شارۆچکەی کەلار، کە بەهۆی خنکانەوە بەپەت گیانی لەدەستدابوو.
-٢٥ی حوزەیران، لە گەڕەکی مالتا لە ناوەندی شاری دهۆک، پیاوێک ئەشکەنجەیەکی جەستەیی زۆری خوشکەکەی، بە ناوی کوڤان نوریی ٣٠ ساڵ، داوە و دواتریش ئاگری تێبەرداوە و سووتاندوویەتی، ژنەکە دایکی سێ منداڵە و ٨٠%ی جەستەی سووتا و لە ٣٠ی حوزەیران بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
م
تەموز/٧
-٤ی تەمووز تەرمی ژنێک بەناوی "قەدەم خێر عەزیز" لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر دۆزراوەیەوە و پاش ٦ ڕۆژ بکوژەکەی دەستگیرکرا.
-١٠ی تەمووز، لە شاری هەولێر ژنێک بە ناوی ڤیان جاف، کە ڕۆژنامەنووس بوو، بە گوماناوی لە نهۆمی پێنجەمی باڵەخانەیەکی بانک سیتی کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
-١٥ی تەمووز، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵان بە ناوی 'هـ.ئ.م'ە دانیشتووی گەڕەکی شەهیدان و خوێندکاری ئامادەیی، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاویەکەوە گیانی لەدەستدا.
-٢٠ی تەمووز، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٣ ساڵ لە ڕانیە بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، ژنەکە ناوی (لا، هـ، ع) لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠١ ە.
-٢٠ی تەمووز، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی پارێزگای هەڵەبجە، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ بەناوی "چ. س. ک"، کە ژنی ماڵەوە بووە، بە گوماناوی سووتا و بەهۆی بەرزی ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی سلێمانی کراوە و دواتر گیانی لەدەستدا.
- ٢٢ی تەمووز، لە یەکێک لە کۆمەڵگەکانی نێشتەجێبوون لە شارەدێی کەسنەزان کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی کۆیە – هەولێر، ژنێک و منداڵێک بە گوماناوی لە نهۆمی هەشتەمی باڵەخانەیەکەوە کەوتنە خوارەوە و گیانیان لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ژنەکە عەرەبە و منداڵەکە هی خۆی بووە.
-٢٣ی تەمووز، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، ڕایگەیاند، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی ژ.م.م بەهۆی خنکانەوە بە گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
-٢٣ی تەمووز، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە له سنووری پارێزگای دهۆک، ژنێک بە ناوی "ج.ج.م." لە شارۆچکەی سێمێل کوژرا، هێزەكانی پۆلیسی مسێریک و سێمێڵ بكوژەکەیان دەستگیر كرد.
-٣١ی تەمووز، لە سەنتەری شارۆچکەی ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، برایەک بە ناوی ج،ت،ع تەمەنی ٣٥ ساڵ، خوشکەکەی خۆی بە ناوی پ،ت،ع تەمەنی ٣٨ ساڵ خنکاندووە، لەدوای ڕووداوەکە براکەیان دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
ئاب/٨
-١٦ی ئاب لە سۆران لە سنوورى هەولێر ڕۆژان ئیدریس عومەر، کە خوێندکاری پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بووە، لە ماڵەکەی خۆیاندا بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هاتووە.
-٢٣ی ئاب، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، ڕۆژنامەنووس لە کۆمپانیای چەتر، لە کاتێکدا لەناو ئەرکی ڕۆژنامەنووسیدا بوون، لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە لەسەر ڕێگای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کرانە ئامانج و گیانیان بەختکرد.
-٢٣ی ئاب لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان تەرمی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە شارەدێی ڕزگاری بە سووتان گیانی لەدەستدا.
ئەیلوول/٩
-٨ی ئەیلوول، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە خەرەندی ڕەواندز سەر بە پارێزگای هەولێر بە گوماناوی خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
-٢١ی ئەیلوول، لە گەڕەکی یەکی حوزەیرانی شاری کەرکووک لەسەر “کێشەی منداڵ” شەڕ و ناکۆکی لەنێوان دوو دراوسێدا روویدا و ژنێک بە فیشەک گیانی لەدەستدا و منداڵێکیش بە چەقۆ بریندار بوو.
-٢٣ی ئەیلوول، ژنێک، کە تەمەنى لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵدایە لە گەڕەکى سیمى خاتوناواى هەولێر لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە چەند فیشەکێک کوژرا و کچێکیش بریندار بوو.
-٢٨ی ئەیلوول، لە شارەدێی مانگیشک سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەوە کوژرا و سێ منداڵەکەی بریندار کرد.
-٣٠ی ئەیلوول، لە گەڕەكی ڕووناكی لە سەنتەری شارۆچکەی ئاكرێ ژنێكی ٤٠ ساڵان بە ناوی "ن. ح. ش" كوژراوە، كەسێكی دیكەی تەمەن ٥٠ ساڵان بە ناوی “ع. أ. ر.” كە هاوسەری ژنە كوژراوەكەیە بریندار كراوە.
تشرینی یەکەم/١٠
-ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە میدیاکانەوە ئاشکرا نەکران، جگە لە دوو ڕووداو.
-٥ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەكی ئیمام قاسم لە كەركوك، برایەك بە دەستڕێژی گولـلە خوشکە تەمەن ٤١ ساڵەکەی کوشت، کە دایکی سێ منداڵ بووە و لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و لەگەڵ خوشکێکیدا ژیاوە.
-٣٠ی تشرینی یەکەم، شایان عەلی، ژنە چالاکوانێکی کوردی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و خەڵکی کەرکوک بوو، مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی "سوكایەتی و قسەی نەشیاو" بە دادوەر و دادگاكانی عیراق دەستگیرکرا و لەلایەن دادگای کەرکوکەوە بڕیاردرا بە سزادانی بۆ ماوەی دوو ساڵ و گواسترایەوە بۆ زیندانی بەغدا و بە گوماناوی لە زینداندا گیانی لەدەستدا.
تشرینی دووەم/١١
-٧ی تشرینی دووەم، له گهڕهكی واستی شاری کەرکووک، تۆمهتبارێك كه تهمهنی ٢٠ ساڵه به دهمانچه تهقهی له خوشكهكانی خۆی كرد و خوشكێكی خۆی، كه تهمهنی ١٥ ساڵه كوشتووه و دوو خوشكی دیكهشی بریندار كردووه، كه ئهوانیش تهمهنیان ٢٠ و ١٠ ساڵانه.
-١٢ی تشرینی دووەم، ژنێکی گەنج بە ناوی لاڤە سەدرەدین عیزەدین، کە تەمەنی ١٦ ساڵە، لەناو ئاوی زێی بچووک لە شارۆچکەی تەقتەق سەر بە شاری کۆیە بە گوماناوی خنکا.
-١٤ی تشرینی دووەم، تەرمی دوو ژن کە خوشکی یەکن و لە دایکبوونی ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٥ن، لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزرانەوە، کە بە چەکی کڵاشینکۆف لەلایەن براکەیانەوە کوژراون.
کانوونی یەکەم/١٢
-١ی کانوونی یەکەم، له شارۆچکەی شهقڵاوه تۆمهتبارێك بهناوی ڕ، ش، ف، تەقەی له دایك و خوشكێكی کرد و گیانیان لەدەستدا.
-٤ی کانوونی یەکەم، ژنێك، کە دانیشتنی دادگای لە بەرامبەر هاوژینەکەی هەبووە، لە نهۆمی یەكەمی بینای دادگای سلێمانی خۆی هەڵداوەیە خوارەوە و بریندار بوو.
-٥ی کانوونی یەکەم، ژنێک بە ناوی پـ، أ، ح، لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٣ و دانیشتووی گوندی گردجان سەر بە شارەدێی چوارقوڕنە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی أ، م، ح لە دایکبووی ١٩٧١ ئەشکەنجە دراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
-٨ی کانوونی یەکەم، لە شارەدێی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕین، باوکێک بە دەستڕێژی گولـلە کۆتایی بە ژیانی کچە تەمەن ٢٦ ساڵیەکەی هێنا، کە دایکی دوو مناڵ بووە.
-١٢ی کانوونی یەکەم، لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، کە خەڵکی شارەدێی هەڵشۆیە، بەهۆی سووتانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەڵادزێ کرا و پاش چەند بەهۆی ڕێژەی سووتانەکەیەوە گیانی لە دەستدا.
-٢٠ی کانوونی یەکەم، لە گوندی بلەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفان لە سنوری پارێزگای هەولێر، کچێک بەناوی وەفا رەجەب کە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە بە گوماناوی خنکا.
-٢٢ی کانوونی یەکەم، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ، بە ناوی (س، ا،) لە گوندی موسەكی سەر بە شارەدێی سیوەیل لە سنوری شارباژێڕ بە فیشەک کوژرا.
٢٤ی کانوونی یەکەم، دوای کوشتنی کچێک لە گەڕەکی ئازادی شاری سلێمانی، پۆلیسی سلێمانی دوو کەسی بە تۆمەتی کوشتنی کچەکە دەستگیر کرد، کە هەردوو تۆمەتبار (م، أ، ک) لەدایكبووی ١٩٨٩ و (أ، ح، ع) لەدایکبووی١٩٨٧، کە عەرەبن و ژنە کوژراوەکە بە سەردان چووە بۆ ماڵیان.
لە عێراق حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بەرزە
بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاماری بەشی ڕووداوە سێکسییەکانی بەشی پزیشکی دادوەریی عێراق، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ـدا ٤٢١ حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژیی لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە، کە ٣٢٧ حاڵەتیان ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە، هەروەها بەپێی ئامارەکانی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و شەش مانگی ئەمساڵدا لە دادگاکانی عێراق ٥٣ هەزار و ٨٨٩ سکاڵای توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراون.
شایەنی باسە وێرای هەبوونی ئەو ڕێژەی بەرزەی توندوتیژی، لە ٤ـی ئابى ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموواری یاسای باری کەسى ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ کرد و یاساکە لە خوێندنەوەی سێیەم و پەسەند کردنیدا ماوەتەوە. بەپێی وتەی شارەزایان لە هەمووارەکەدا مەزهەبگەرایی و تائیفەگەریی قوڵدەبێتەوە و مافەکانی ژنان و منداڵانیش پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەک لە کاتی جیابوونەوەى ژن لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت، هاوکات ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن نۆ ساڵ و هاوسەرگیریکردن لە دەرەوی دادگاکان دەدات، چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنانیش هەمووارکردنەوەی ئەو یاسایە بە هۆکاری زیادبوونی توندتیژییەکان لە دژی ژنان دەزانن و هۆشداریی دەدەن لە زیادبوونی ڕێژەکە.