پانۆراما- ڕووداو و چالاکیەکانی باشووری کوردستان

گەرمترین ڕووداوەکانی باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ و چڕبوونەوەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیایە.

بێریڤان شاهۆ

 

سلێمانی- سەدەی ٢١ سەدەیەكە پڕ لە قەیران و ئاڵۆزی بۆ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، ئەم قەیرانە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ژنانەوە هەیە و لە ئاستێكی قووڵ-دا ژنانی تووشی قەیران و بنبەست كردووە، سیستمی پیاوسالاری، كە ئەمڕۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەستپێشخەری دەكات، لە شەڕ و پێكدادانێكی تونددایە بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە و لەبەر ئەمەش کۆمەڵگەی تێوەگلاندووە و بووەتە هۆکاری چڕبوونەوەی هێرش لەسەر ژنان، تا دەگاتە ئاستی شەڕ و كۆمەڵكۆژی، بەڵام لە پاڵ ئەم دۆخەدا چەندە هێرشی فكری و جەستەیی و كۆمەڵایەتی و سیاسی چڕتر دەبنەوە، ئەوا بەهەمان ئەندازە و زیاتریش بەرخۆدان و هێزی تێكۆشانی ژنانیش ڕوو لە زیادبوون دەكات و لەو پێناوەشدا بەردەوام قوربانیداوە.

 

نموونەی ئەم قوربانیدادانەش پێشەنگانی شۆڕشی نوێ گەلەکەمانن، لەوانەش، هەڤاڵ ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە ساڵی ٢٠١٣دا لە شاری پاریسی فەرانسا لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە ئامانجگیران و شەهید کران، هەموو ساڵێک لەلایەن وڵاتپارێزانەوە لە باشووری کوردستان بە مەراسیمێکی شایستە یاد دەکەنەوە و وەکوو ساڵانی ڕابردووش لە کەرکوک و بناری قەندیل بە پێشکەشکردنی سمینار و کۆبوونەوە یاد و خەباتی هەر سێ ژنە تێکۆشەر بەرزڕاگیرا و لە شاری سلێمانیش، خەڵاتی ساڵانەی ساکینە جانسز بەخشرایە هەریەک لە دایە ئەستی، کە بە هۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە بناری قەندیل شەهید بوو و مامۆستا جیهان تەها، کە بە شێوەیەکی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هێنرا.

 

لە ٢٥ەمین ساڵیادی پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بە دەستپێشخەری دەستەی بەڕێوبەری کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری بۆ پرسی کورد، بە ئامادەبوونی ڕێکخراو و کەسایەتی پارچەکانی کوردستان، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەوان بۆ ماوەی یەک ڕۆژ چالاکی مانگرتن بەڕێوە چوو.

 

٨ی ئادار

ژنان بە هەڵگرتنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە ٨ی ئاداری ئەمساڵ واتە ٢٠٢٤ مۆرکی خۆیان لە چالاکیەکاندا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە شاری سلێمانی كۆمیتەی ئامادەكاری ٨ی ئادار بە دروشمی ” ژن ژیان ئازادیی، بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین” کە پێکهاتبوون لە ژنانی تەڤگەری ئازادیی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، کۆنگرەستار، دایکانی ئاشتی لەچک سپی و کەمپەینی یەکڕیزی ژنان، چەند چالاکیان لە شارەکانی سلێمانی و کەرکوک وەک؛ لێدوان، نیشاندانی كولتووری كۆنی كوردەواری ژنان و شەو چەرە، سەردانی مەزاری ژنانی بێناونیشان و دانانی تاجەگوڵینە ، سەردان و دانانی تاجەگوڵینە لەو شوێنانەی ژنانی پێشەنگ و تێکۆشەر فریال سلێمان و ناگیهان ئاکارسەل بە ئامانج گیران و شەهیدکران، هەروەها هەڵواسینی وێنەی ئەو شەهیدانە لە شوێنە گشتییەکان، بەڕێوەبردنی سمینار سەبارەت بە هەژموونی سیستەمی سەرمایەداریی و پیاوسالاری لەسەر کۆمەڵگە و ڕۆڵ و پێگەی ژن لە ناو گەلی کورد، سەردانیكردنی ژنانی كاركەر و ڕەنجدەر و پێشكەشكردنی گوڵ و نامیلەكە و ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجام درا.

 

هاوکات لە بناری قەندیل، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان (ڕژاک) و بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاکوان و ئازادییخواز، ئاهەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش بەڕێوەچوو.

 

بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی، سەنتەری ئەکادیمی و کۆمەڵێک کەسایەتی یەکسانیخواز، بەدروشمی یەکسانی لە کار و کرێدا، بۆ ژنان و پیاوان چالاکیەکیان ڕێکخست. لە قەڵادزێ فێستیڤاڵێکی هونەری چەند بۆ گروپێکی هونەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گروپی میوزیکی نامرێ سازکرا. لە بارەگای یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری کەرکووک، مەڕاسیمێکی ڕێزلێنان بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان و  ژنانی ژینگە دۆست و فەرمانبەر ڕێکخرا و بە چاندنی نەمام ئەو ڕۆژەیان لە تەواوی ژنان، بەتایبەت ژنانی گەریلا و شەڕڤان پیرۆز کرد.

 

لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانیش لەلایەن یەکێتی ژنانەوە، پێشانگایەکی شێوەکاری بە ناوی (ڕەنگە جیاوازەکان) بۆ ١٨ شێوەکاری ژن کرایەوە. ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد (ڕێپاک)، بە دروشمی “ژنان لە خۆڵەمێش خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بونیاد دەنێنەوە” ، مەڕاسیمێکی تایبەتیان بۆ ژنانی چالاکوان و خەباتکار و ڕۆژنامەوان و ئەندامانی پارتەکانی ژنان ڕێکخست و چەندین چالاکی جیاوازی تێدا ئەنجامدرا.

 

ناوەندی ئەرشیف توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی  چالاکوان و ئەکادیمیست و ئەندام لە رێکخراوەکان، پانێڵێک بۆ ناساندنی هەریەکە لە پەرتوکی گوڵدانی ژن، لەلایەن "نەرمین عوسمان"، ئەنفال، لەلایەن "چۆمان هەردی"، هەروەها  گەریدەی حەقیقەتی ژنە تێکۆشەر ناگیهان ئاکارسەل، لەلایەن فەریدە ساز کرد.

 

سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی سلێمانی پانێڵێکی بە ناونیشانی (پێگەی ژن لە قورئان و یاسادا)  بۆ هەر یەکە لە گەشە عەبدوڵا، مامۆستای زانکۆ، ڕازاو محمود، یاساناس و  پارێزەر شۆخان ئەحمەد رێکخست.

 

لە هۆڵی کتێبخانەی کەلار لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش، هاوپەیمانی ژنانی کوردستان کۆنفرانسێکیان لە بارەی گرفتەکانى ژنان ڕێکخست.

 

لە هەڵەبجە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان خەڵاتی قەڵغانی سەركەوتن بە چەند ژنێك بەخشرا، یەكێك لەو ژنە سەركەوتووانە تووشبووى نەخۆشی شێرپەنجە بوو.

 

لە شاری سلێمانی لەلایەن ناوەندی حەوت ڕەنگ، پێشانگایەکی شێوەکاریی بۆ گروپی کۆتری خەیاڵی ژنانی شێوەکاری شاری سنە، کە لە هەشت ژن پێکدێن کرایەوە.

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان کۆڕبەندی میدیای ژنانی عێراقی ڕێوڕەسمی سێزدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میدیای ژنانی ڕێکخست کە تێیدا ڕێز لە ١٢ ژنی یەکەمی میدیای عەرەبی و بیانی گیرا و خەڵاتی ئەتواری ٢٠٢٤یان پێ بەخشرا.

 

هەروەها لە ٨ی ئاداری ئەمساڵ حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ژن تی ڤی بە ئامادەبوونی ئەندامانی کەناڵەکە و بەشێک لە ژنانی ئازادیخواز، چالاکوان و ئەندامانی پارتەکان، بەڕێوەچوو، هەریەکە لە نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی ئازادی ژنانی کوردستان-ڕژاک، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بە کەناڵی ژن تیڤی بەخشی.

 

نەورۆز

پیرۆزباییەکانی نەورۆزی ئەمساڵ گروتینێکی جیاوازی پێوە دیاربوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەویش بە هۆی ڕاگەیاندنی مزگێنی لەلایەن گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە چیاکانی کوردستان.

 

هەر بەو گرتینەوە نەورۆزی ٢٠٢٤ لە ٢١ی ئادار بە دروشمی “ئازادیی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەریی سیاسیی بۆ دۆزی کورد”، بە بەشداری گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەت بەشداری گەل لە سەرجەم شارەکانی باشووری کوردستان لە بناری قەندیل بە ئاهەنگێگی پیرۆزبایی بەڕێوەچوو.

 

ئاگری نەورۆز لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان کرایەوە و لە ئێوارەی ٢٠ی ئاداریشدا جەژنی نەورۆز لە گردی مامە یارە لە سلێمانی بە دروشمی "بەهار و نەورۆز و کاوە- مژدەی نەورۆزی هێناوە" بەرز ڕاگیراوە و هەریەکە لە کەسایەتی پیرەمێرد و زەکیە ئاڵکان بەسەرکرانەوە.

 

بە گڕوتینی نەورۆز ٤ی نیسان، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، لە ناوچەی مێرگەپانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ٧٥ نەمام چێندرا، پیرۆزباییەکانی ٤ی نیسان لە شارۆچکەی کەلار، سنووری پارێزگای کەرکوک و هەرێمی ڕاپەڕین و گوندی عەوداڵانی شارۆچکەی کۆیە بە نەمام چاندن بەڕێوەچوو.

 

لە چوارچێوەی چالاکیەکانی ڕۆژی جیهانی کتێبی ئۆجالان و هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" چالاکیەک بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو.

 

ئەنفال و کیمیاباران

هەموو ساڵێک بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە شارە جیاوازەکان لە باشووری کوردستان چالاکی ئەنجام دەدرێت. ڕژاک لە شاری کەرکووک پێشانگایەکی وێنەیی بە دروشمی “ژنان قوربانی یەکەمی جەنگن” کردەوە، لە هەڵەبجە ناساندن بۆ پەرتووکی "هەڵەبجەییەکانیش ئەنفال کران"ی نووسەر گوڵاڵەی گەرمیانی کرا، به‌ دروشمی "مه‌رگه‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، داوای یه‌كریزیمان لێ ده‌كات" تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دانرا.

 

لە ١٤ی نیساندا ٣٦ ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا تێپەڕی، تۆڕی هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانیەکان کە ١٠ ڕێکخراو لە خۆدەگرێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان لە عێراق کرد ببێتە ئەندامی داداگای تاوانی نێودەوڵەتی و لە هەڵمەتێکیشدا بە ناوی "دادگایکردنی تاوانبارانی ئەنفال لە دادگای عێراقی"،  ٧٥١ کەس لە کەسوکاری ئەنفال و کەسایەتی جیاواز، داوای دادگایکردنی تاوانباران و بە سزا گەیاندنی جاش و مستەشارەکانیان کرد. لە چەمچەماڵ، سلێمانی و گەرمیان چەندین چالاکی دیکە بەڕێوەچوون.

 

هێرش، داگیرکاری و بە ئامانجگرتنی پێشەنگانی ژن و کاردانەوەکان

لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە دژی داگیرکاری و لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، ١١٠ چالاکوانی مەدەنیی، ڕۆشنبیر، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا یاداشتێکی ناڕەزایەتیان لە بەرامبەر بوونی زیاتر لە ٢٥٠ بنکە و بارەگای دەوڵەتی تورک و شەهید و بریندار بوونی زیاتر لە ٨٥٠ هاوڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد. هەروەها ١١٤ چالاکوان و کەسایەتی دیکە داوایان لە گەلی کوردستان و عێراق و بازرگانان کرد، هەڵوێست وەربگرن دژ بە داگیرکردنی خاکی کوردستان و هەڵمەتی فراوانی بایکۆتی کاڵا و کەرەستەی تورکی بکرێت.

 

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنىش لە ڕاگەیەندراوێکدا، باسیان لە پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەری خاکی عێراق و یاسای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی جنێڤ و پرۆتۆکۆڵەکانی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرد و  ئاڕاستەى ناتۆیان کرد.

 

دژی بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ و ئازادیخوازان، بە تایبەت بە ئامانجگرتنی فریاڵ سلێمان خالید، کە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە کەرکووک لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەهید کرا، چەندین چالاکی ناڕەزایەتی بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەچوو، لە ٢٤ی ئابیشدا بە بەشداری سەدان کەس و بە پێشەنگایەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس، دژی شەهیدکردنی هەر دوو ژنە ڕۆژنامەنووس (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین)، کە لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە ٢٣ی ئابدا لە ناوچەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی کرانە ئامانج، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بەڕێوەچوو.

 

لەسەر داوای ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەبارەت بە پرسی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد (گوڵستان تارا و ‌هێرۆ بەهادین)، لە ئەوروپاوە شاندی هاوبەشی ڕۆژنامەوانانی کورد و بیانی هاتنە شاری سلێمانی و لەگەڵ چەندین ناوەند و دەزگا و ڕێکخراو و سەندیکای جیاواز کۆبوونەوە.

 

ساڵانە ڕۆژنامەی یەنی یاشام پێشبڕكێی ڕۆژنامەنووسیی موسا عەنتەر لە بوارەکانی “هەواڵی کوردی”، “هەواڵی تورکی”، “هەواڵی وێنەیی”، “وێنە”، “کاریکاتێر”، و ڕۆژنامەنووسیی ژنان” بەڕێوەدەبات و خەڵاتی ڕێزلێنان بە سەر ڕۆژنامەنووسان دابەش دەکات، ئەمساڵ و لە گەڕی ٣١ـیەمینی خەڵاتی ڕۆژنامەنووسیی موسا عەنتەر و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادیی، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە شەهیدان “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین”.

 

خۆپیشاندانی مامۆستایان

بەهۆی  دواخستنی مووچە و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی مامۆستایان لە ساڵی ٢٠١٤ تاوەکو ئێستا بۆ ماوەی ١٠ ساڵە بەهۆی بایکۆتی بەردەوامی مامۆستایان لە چەندین شار و شارۆچکەدا پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن پەکخراوە و حکومەتی هەرێمیش هیچ باکێکی لە بەرامبەر بەم دۆخە و داهاتووی کۆمەڵگە نییە.

 

پرسی تەوتین و "هەژماری من"ی مەسروور بارزانی ساڵێکی پڕ لە سەرئێشە و مشتومڕی بە دوای خۆیدا هێنا بەجۆرێک، لە ئەمساڵدا مەسرور بارزانی و وەزارەتی دارایی حكومەتی كاربەرێكەری هەرێمی كوردستان فشارێكی زۆریان خستەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران تا پڕۆژەی هەژماری من پڕ بكەنەوە، بەڵام فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی كوردستان سەرەڕای فشارەكان ڕەتیان كردەوە داخڵی ئەو پڕۆژەیە ببن كە لەلایەن مەسرور بارزانی خاوەنداریی دەكرێت و داوایان كرد مووچەكانیان لەڕێگەی بانكە عێراقییەكانەوە تەوتین بكرێت، تا ئێستاش ئەم مشتومڕانە بەردەوامە.

 

دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ٢٥ی تشرینی دووەم

هاوشێوەی هەموو جیهان، کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بێبەش نین لەو توندوتیژییانەی کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، بەجۆرێک ناوی عێراق لە ڕیزبەندییەکانی سەرەتای ئامارەکان سەبارەت بە توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان دەبینرێت.

 

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و شەش مانگی ئەمساڵدا لە دادگاکانی عێراق ٥٣ هەزار و ٨٨٩ سکاڵای توندوتیژیی خێرانی تۆمارکراون. تۆڕى بۆردى عێراقى بۆ مافه‌ دیجیتاڵیه‌كان، ئاشکرای کرد بەراورد بە ساڵانی رابردو توندوتیژییە ئەلیکترۆنییەکان بەرامبەر بە ژنان بەڕێژەی لە ٥٠% زیادی کردوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە ژنان بەردەوام لە ناو چالاکیدان دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٦٩، کە چالاکوانان پێیان وایە پێشێلکردنی مافی ژنان و گەڕانەوەیە بۆ کۆیلەکردنی ژنان، لە دژی عەقڵییەی دەسەڵات و پیاوسالاری لە ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و هەڵمەتی ١٦ ڕۆژە چەندین چالاکی لە باشووری کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو.

 

لە شەقامی موتەنەبی شاری بەغدا، ڕێکخراو و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بەشدارانی گردبوونەوەکە چەندین پانکاردیان بەرزکردەوە و لەسەری نووسرابوو، “داوا دەکەین یاسای بەرگریکار دەربکرێن کە منداڵ، خێزان و ژن لە توندوتیژی بپارێزن” و “ژنان شایانی ژیانێکی بێ توندوتیژین”.

 

گروپی ژنانی ٢٥ی تشرینی دووەم کە لە زیاتر لە ١٠ ڕێکخراوی ژنان لە سلێمانی پێکدێن لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەدا چەندین چالاکی هاوبەشی وەک؛ گردبوونەوە بە شێوەی زنجیرە و بەرزکردنەوەی دروشمەکانی “لە ژنی ئازاد مەترسە ئەو ژیانت ڕزگار دەکات، کۆمەڵکوژی سەر ژنان هۆکاری وەرچەرخان و سەرهەڵدانی ئێمەی ژنانە، ژن ژیان ئازادیی” و بەرزکردنەوەی هێمای سەرکەوتن، سەردانیکردنی شوێنی بە ئامانجگرتنی هەردوو ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا  و هیرۆ بەهادین و چەندین چالاکی دیکەیان ئەنجامدا.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس بۆ شەرمەزارکردنی تیرۆرکردنی ژنان لەلایەن دەسەڵات و داگیرکەرانەوە سەردانی مەزاری شەهید “هێرۆ بەهادین”ـیان کرد و جەختیان لە بەردەوامیدان بە تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازاد دا.

 

بە سەرپەرشتی ڕژاک و بە بەشداری  ژنانی بناری قەندیل، لە گوندی شێخان ڕێپێوانێک ئەنجامدرا و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان شەرمەزار کرا و هەروەها سمینار سەبارەت بە هۆشیاری تەندروستی و مافەکانی ژنان بۆ ژنان و پیاوانی گوند بەڕێوەچوون.

 

لە هۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری ڕێکخراوی ئازادبوون و ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، پانێلێک بە ناونیشانی”ڕەهەندەکانی توندوتیژی دژی ژن وەک تاک لە هەرێمی کوردستاندا” بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و لە شارەکانی کۆیە، هەڵەبجە، قەڵادزێ، ڕانیە و سلێمانی و کەرکوک، بە دروشمی “هیچ بیانویەك نییە بایەك بگرین بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژییەكان دژ بەژنان” چەندین چالاکی و سمیناریان له بارەى بنەما سەرەكييەكانى بريارى ١٣٢٥و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدا.

 

پشتیوانی ژنان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان

سەرەڕای ئەوەی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە ناو هەوڵدان بۆ بەدەستخستنی مافەکانیان، بەردەوامیش پشتیوانی ژنانیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کردوە.

 

لەو چوارچێوەیەشدا لە دژی هێرش و مەترسی و هەڕەشەکانی گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەرەی ژنانی باشووری كوردستان، کەمپەینێکی هاشتاگ و کۆکردنەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کردنەوەی دەروازەی سنووری دەستکردی سێمێلکایان ڕاگەیاند.

 

بە دەستپێشخەری کەمپەینی ژنان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداری بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی، گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەزگا و ڕێکخراوەکانی بواری میدیا و ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان لە بارەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان خستەڕوو.

لە لایەکی دیکەوە نزیکەی ١٥٠ ژنی باشووری کوردستان لە کەمپەینێکدا بە پەیامێک داوایان لە سەرۆککۆماری عێراق کرد هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای لە سێدارەدانی “وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی” کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەسەریاندا سەپێندراوە بدات.

 

ژنانی ئێزیدیی و عێراقیی، لە سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق کۆبوونەوە، بە دروشمی “نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد”، دژی سزای لەسێدارەدان لەسەر ڕۆژنامەنووسی کورد پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەمەدی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 

شێرپەنجەی مەمک

بە هۆی ژیانی ناتەندروست و پیسبوونی ژینگە جۆری شێرپەنجەکان تا دەچێت روو لە زیادبوون دەکات، بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک لە ناو ژناندا کە لە هەر هەشت ژنێک یەکێکیان تووشی دەبێت.

 

بۆ هۆشیارکردنەوە و چۆنیەتی خۆپاراستنی ژنان لە شێرپەنجەی مەمک هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی یەکەم کە بە مانگی پەمەیی ناسراوە، بە پێی ئامارێکی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراقیش، ساڵی رابردوو ٨٨٤٩ کەس تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، لەو ژمارەیە (٨٧٠٨)ـیان ژن بوون.

 

پێشانگا و کاری دەستی

لە درێژەی کار و چالاکیەکاندا ئەمساڵیش ژنان بەشداریان لە چەندین پێشانگای شێوەکاریی و فستیڤاڵی بازاری کاری دەستی و بۆنەتایبەتەکانی وەکو؛

فێستیڤاڵی بازاڕی کەلار، کە لە ٣٠٠ کۆمپانیا و خاوەن کار پێکهاتبوون، زۆرینەیان ژن بوون و بە کاری دەستی، جلوبەرگ و خواردنە کوردەوارییەکان بەشدارییان کرد. هەروەها کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی پێشەنگایەکی هونەریی شێوەکاری بۆ ژنانی شێوەکاری عێراقی و سلێمانی بە ناونیشانی ‘نسمات بغدادية في سليمانية’ کرایەوە و لە چەمچەماڵیش پێشانگایەکی شێوەکاریی بۆ پێنج ژنە شێوەکار کرایەوە کە تابلۆکانیان گوزارشت لە گوڵەکانی کوردستانی دەکرد، لە سلێمانیش پێشەنگایەتی فۆتۆگرافی بۆ وێنە ژیانییەکانی فەتانە وەلیدی بە ناوی "تەنیاترین ژن" کرایەوە.

 

لە یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی بازاڕی كفری ١٢٠ خاوه‌ن كار و پیشه‌وه‌ر بەشداریان کرد، کە زۆرینەیان ژن بوون بە جۆرێک زیاتر لە ٦٠٪ـی فرۆشیارانیان بە ‌كاری ده‌ستی و خواردنه‌ كورده‌وارییه‌كانیان پێکهێنابوو. بە بەشداری زیاتر لە ٣٠ ژنی دەستڕەنگین فێستیڤاڵی پەری، کە تایبەتە بە دەستڕەنگینی و ڕەنجی ژنان وەک کاری دەستیی، خواردنی کوردەواریی، تابلۆ، جلوبەرگ و چەندین کەرەستەى جۆراوجۆری تر لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو. لە هەڵەبجەش پێشانگایەكى شێوەکارى بۆ ١٠ ژنە هونەرمەند بە ناونیشانی “ژنەكان هەر پەنجەیەكیان ڕەنگێكی لێ دەڕژێت” کە تێیدا تابلۆی سروشت و ژن نمایشكرا کرایەوە.

 

دەستکەوت و خەڵات

ئەمساڵیش وەکو ساڵانی ڕابردوو ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری وەرزش، زانستی پزیشکی و سینەما چەندین سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

 

نەجلە عیماد، ژنێکى خاوەن پێداویستى تایبەتە و یەکەم وەرزشکاری عێراقیە، کە لە مێژووی بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیادا مەدالیای زێڕی بەدەستهێناوە، هەروەها یەکەم وەرزشکاریشە، کە مەدالیای زێڕ بۆ شاندی عێراق لە میانی یارییەکانی ئؤڵمپیاد بەدەستبهێنێت.

 

کوردوین ئەیووب، ژنە دەرهێنەری کوردی تەمەن ٣٤ ساڵ، بە فیلمی “مانگ” لە سویسرا خەڵاتی لیژنەی هەڵسەنگاندنی ٧٧ـەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی لۆکارنۆى بەدەستهێنا.

 

لە دووەم خولی فێستیڤاڵی (ظلال الطف)ـی سینەمایی کە لە شاری میسان لە عێراق بەڕێوەچوو، لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ٦٣ فیلم داواکارییان بۆ بەشداریکردن پێشكەش کردبوو، دەوەن نەوزاد ئەکتەر و دەرهێنەری کورد تەنها ژنی کورد بوو بە فیلمی (ئین زە ڕێد) کە باس لە ئاڵەنگارییەکانی ژنان دەکات لە کەلتوور و نەریتەکاندا بەشداری کرد، توانی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ و دیالۆگ.

 

لەسەر ئاستی وڵاتانی عێراق ، سوریا، مەغریب، لوبنان و کوردستان فێستیڤاڵ (سینەما لەنیگای ژنەوە) بەڕێوەچوو و کورتە فیلمی ٧:٣٠ لە دەرهێنانی سۆنیا زەنگەنە لەسەر ئاستی (۱۷) کورتە فیلم پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بوو بە براوی دوو خەڵات.

 

لە دووەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی ئیزیس لە میسر كە تایبەت بوو بە بەپرسی ژن لە جیهاندا و لە لایەن ژمارەیەك ژنە هونەرمەندی میسر بەڕێوەچوو. هەر یەکە لە نووسەر و هونەرمەند گەزیزە بە توێژینەوەیەك بەناونیشانی ( كاریگەری جەنگ لەسەر نووسینی دەقی شانۆیی) لە سەر یەكێك لە دەقەكانی بەناوی (هێشتا قسەكانمان تەواو نەكردوە)، هاوكات هونەرمەندان نیگار حەسیب قەرەداغی بە شانۆیی ( یادەوەرییەكان) و فرمێسك مستەفا بە توێژینەوەیەك بەشداربوون و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا.

 

پزیشک لەنجە دڵشاد، خوێندکاری بۆردی عێراقی پزیشکی توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت لە پسپۆڕی تیشك و سۆنەر.

چوار پزیشكی کوردی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، کە خوێندكاری بۆردی عەرەبی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون بوون، لەسەر ئاستی عێراق توانیان پلەی نایاب بەدەستبهێنن.

لە شاری هەڵەبجە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی و ھونەری ھەڵەبجە، بە ناونیشانی “ژنەکان ئەستێرەن لە ساماڵدا جوانتر ئەبریسکێنەوە” یەکەمین فێستیڤاڵی  ئەدەبی و شیعری ژنان کە هەشت ژن بە شیعر و دەقە ئەدەبیەکانیان بەشدارییان تێدا کرد لە ھۆڵی دکتۆر مستەفا زەڵمی بەڕێوەچوو.

عایشە عەبدوڵا،  دانیشتووی شارۆچکەی چەمچەماڵ لە تەمەنی ٦٠ ساڵیی و پاش دابڕانی زیاتر لە ٤٠ ساڵ توانی بڕوانامەی قۆناغی نۆی بنەڕەتیی بەدەستبهێنێت.

 

وێژە و هونەر و شانۆ

ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا شوێن پەنجەیان دیارە و خاوەن دەستکەوتن و هونەر و وێژە بەشێکی دیکەن لە دەسکەوتەکانی ژنان.

 

لەو چوارچێوەیەدا، پەرتووکی “چەند لاپەڕەیەک لە بزووتنەوەی ژنانی عێراق” لە نووسینی خانم زوهدیە و وەڕگێڕانی نەرمین عوسمان لە زمانی عەرەبیەوە بۆ سەر زمانی کوردی، ناساندنی بۆ کرا و بڵاوکرایەوە.

ناساندن و خوێندنەوە بۆ دیوانی شیعری (تاڤگەی بەجێماو و ئیستێك و نیگایەك) لە نوسینی  كەژاڵ عەلی کرا.

 

مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی “بەشداری سیاسیی ژنان لە باشووری کوردستان” لە نوسینی کنێر عەبدوڵا بەڕێوەچوو.

 

شانۆی "دوورینەوەی ئازار" لە دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن لە شاری هەڵەبجە و سلێمانی نمایشکرا

پەرتووکی "بۆ ئەوەی زیندووبین" لە نوسینی سنەوبەر ئیسماعیل نەسروڵا بڵاوکرایەوە.

 

"گوڵدانی ژن"، لە نووسراوەکانی نەرمین عوسمان و "ئەزمونەکانی جێندەر و جینۆساید" نووسینی چۆمان هەردی و ٥ کۆمەڵە شیعری نادیە کەریم کۆیی، بە ناوەکانی "تەلیسم، تەسبیحی قەزوان، بەفر لە هەور دەترسێ، دڵ ئاوازی ژیان دەژەنێ، ئەستێرە چاو دادەگرێ" ناساندنی بۆ کرا.

 

ڕێکخراوی مەرزیە

هونەر کایەیەکی گرنگی ژیانی مرۆڤە، ژنانیش لە مێژوودا ڕۆڵی کارایان لە پێشخستن و زیندوو هێشتنەوەی هونەردا هەبووە، لەو چوارچێوەیەدا، لە ١٠ـی ئاداری ئەمساڵدا ڕێکخراوی مەرزییە، بۆ دەرخستنی تواناکانی ژنان بە ئاهەنگێک و بانگهێشتکردنی گرووپی هونەری ڕۆژدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند، ئەم ڕێکخراوە لەلایەن کۆمەڵێک ژنی هونەرمەندی باشووری کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەو چوارچێوەیەدا چەندین چالاکی و بەرهەمی هونەریان هەیە لەوانە؛

 

کلیپی “ئەگریجە” وەک یەکەم بەرهەمی ڕێکخراوی مەرزییە بۆ گەشەپێدانی توانا هونەرییەکانی ژنان بڵاوکراوەیەوە، بە دەنگی هەریەک لە دەنگبێژانی ناوداری کورد “ئەسرین سەفەری، ژیوەر حسێن، ژولیا حسێن” کە باس لە خۆڕاگریی و ئازادیی ژن و فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادیی” دەکات تۆمار کراوە.

 

ڕێکخراوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی چالاکییەکی هونەری و سیمینارێکی تایبەتی لەسەر شێرپەنجەی مەمک بە ناونیشانی “شکاندنی بەربەستەکان و دروستکردنی بەربەستەکان” بە بەشداری تووشبووانی چارەسەربووی شێرپەنجە و پزیشکانی پسپۆڕی شێرپەنجە ئەنجامدا.

 

پێشانگایەکی فۆتۆگرافیان بە ناونیشانی“تەنیاترین ژن” کردەوە، کە تایبەت بوو بە وێنەکانی هونەرمەندی ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فەتانە وەلیدی کە پێک هاتبوو لە ٤٩ وێنە و لەلایەن چەند فۆتگرافێکەوە گیرابوون.

 

لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی شانۆگەرییەکیان لە بارەی ڕەتکردنەوەی هەموواری یاسای باری کەسیی و توندوتیژی دژ بە ژنان بوو ئەنجامدا.

 

ڕێکخراوی مەرزییە لە درێژەی چالاکیەکانیاندا چەندین خولی شێوەکاری، درومان و هەڵپەڕکێ بۆ کۆمەڵێک لە گەنجان کردوەتەوە.

 

چالاکی جۆراوجۆر

بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەکەمین ساڵ بە سەر ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووخانەی ژنی کورد، سیمنارێک بۆ هەریەکە لە کەوسەر حەسەن بە ناونیشانی”هاورێیەتی ژن و کتێب” و مەحسومە ئیبراهیم بە ناونیشانی “ناساندن و گرنگی کتێبخانە”ساز کرا.

 

لە ٢٥ـی تەمووزی ئەمساڵدا، شاندێکی ژنانی باکووری کورستان، کە لە چەند پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانیی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی و تەڤگەری ژنانی ئازاد- تەژەئا پیکهاتبوون، سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بە مەبەستی بە هێزکردنی پەیوەندییەکان و دۆخی زیندانیانی سیاسی بەتایبەت دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێک لە لەلایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و نووسەران و ژنانی باشووری کوردستان ئەنجامدا.

 

لەژێر ناونیشانی (ژنانی عێراق لەنێوان توندوتیژیی و ئاڵەنگارییە سیاسییەکاندا)، کۆنفرانسێک بەڕێوەچوو و کەسانی یاسایی و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق تێیدا بەشداریان کرد و لەچوارچێوەی چەند پانێڵێکدا ڕەوشی ژنان تاوتوێ کرا.