ڕۆژنامەنووسان لە باشوور و ڕۆژئاوا: تێکۆشانی میدیایی بۆ ئازادی ڕادەربڕین دەکەین
لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕۆژنامەنووسانی کورد بە ئامانج دەگیرێن و هاوکات لە دڵی کوردستاندا تێکۆشان و بەرخۆدان لە دژی هێرشەکانی سەر ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت.

ئاڤزەم ڤیان
ناوەندی هەواڵ- لە ناو ئەو ئاسمانانەی کە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حکومەتی تورکیاوە سێبەری لەسەرە، دەنگی حەقیقەت بەردەوامە لە دەنگدانەوە، هێرشە بەردەوامەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا تەنیا هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگدانەوەکانی ئازادی و بەرخۆدان، بەڵام پێنووسێک کە دژی سیاسەتی ستەمکارانە بوەستێت، بە ئاسانی ناشکێت، ڕۆژنامەنووسانی کورد تەنیا قوربانی ئەو هێرشانە نین، بەڵکو پێشەنگن لە شەڕێکدا دژی عەقڵیەتێک کە ئازادی ڕادەربڕین وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دەبینێت، هەر ڕاپۆرتێک کە بڵاوبکرێتەوە، هەر وێنەیەک کە تاوانەکانی شەڕ تۆمار دەکات، درزێکی دیکە لە دیواری سانسۆر و سەرکوتکردندا دروست دەکات، ئەوان تەنیا شایەتحاڵی مێژوو نین، بەڵکو تەلارسازەکانی هۆشیاریشن؛ دەنگێک کە بەرانبەر ئەو بێدەنگییە سەپێندراوەدا هەڵکشاوە. لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە هەرێمی کوردستان هەوڵی دروستکردنی ترس و سانسۆر دەدەن، ئەم ڕۆژنامەنووسانە بە بوێری و پابەندبوون بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان درێژە بە شەڕی گێڕانەوەکان دەدەن، بێدەنگی چەکی ستەمکارانە؛ وە دەنگی ڕۆژنامەنووسان ئەم بێدەنگییە دەشکێنن.
سەبارەت بە ئەم هێرشە سەرکوتکارانەی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان کەلەسەر ڕۆژنامەنووسان دەیکات بیروبۆچوونی ژیان خەلیل، ڕۆژنامەنووسی ژن تیڤی لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و بێگەرد خەلیفزادە لە سلێمانیمان وەرگرت.
ڕۆژنامەنووس ژیان خەلیل سەبارەت بە رۆڵی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە ئاشکرا کردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا وتی: زیاتر لە ١٠ ساڵە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شۆڕش پێکهاتووە، هاوکات لەم ١٠ ساڵەدا گەلێک کەس بە ئامانجی ئەوەی هێرش و ئەو ڕووداوانەی کە لەسەر خەڵکی هەرێمەکەدا ڕوو ئەدات و بەرخۆدانی شەڕڤانانی کورد بە تایبەت ژنان ئاشکرا بکەن، لەناو خەباتی ڕۆژنامەوانیدا ئەرکیان گرتەئەستۆ، بۆیە لەم چوارچێوەدا هەم بە دیمەن ڕاپۆرت ئامادە دەکەن و هەم بەڵگەنامە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە، ڕای گشتیش هەموو ئەو بەڵگەنامە و ڕاپۆرتانەی کە لەسەر میدیای کوردی لە ڕۆژئاوا بڵاو دەبێتەوە بە گرینگ و کاریگەر دەبینێت، بەڵام هەندێک لایەن هەن کە ڕاستییەکان دەبینن، بەتایبەتی ئەو بەڵگەنامانەی کە باس لە تاوانەکانی شەڕ دەکەن لە ناوچەکەدا ،دەبینێت و بە نەبیستراو دەیانزانن، هەرچەند دەزانین کە هەموو ڕاستییەکانی شەڕی باکوور و ڕۆژهڵاتی سووریا لە لایەن ڕۆژنامەنوسانی کورد و بەتایبەتی ژنانەوە ئاشکرا بووە و بۆتە نموونەیەک بۆ جیهان.
"حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی تورکیا هاوکاری یەکترن"
ژیان خەلیل سەبارەت بە ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیا بۆ بەئامانجگرتنی میدیای کوردی وتی: لە ڕاستیدا بە ئامانج گرتنی هەواڵگری ودەزگاکانی ڕاگەیاندن لە رۆژئاوای کوردستان و تەنانەت لە باشووور و باکوریش هێرشێکە کە زۆر ڕاشکاوانە دەکرێت، ئەگەر باسی باشووری کوردستان بکەین، کۆمپانییای گزنگی بەربەیان کە بەرنامە بۆ تەلەڤیزیۆنی ژن بەرهەم دەهێنێت، لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە هێرشی کرایە سەر،کە پاڵپشتی هەمان عەقلییەتی دەوڵەتی تورکیا دەکە. ئامانجی کۆمپانییای گزنگ ئەوە بوو کە دەنگ و ڕەنگی ژنانی باشوور بگەیێنێتە جیهان، دیارە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەنگی حەقیقەت و ڕاستی سەرکوت بکات، لە باکووری کوردستان هێرشی دەستگای میدیای کورد و گرتنی ڕۆژنامەنوسان هەمان کردەوەیە کە لە باشوور دەکرێت بۆیە دەڵێم حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی تورکیا هاوکاری یەکترن. بەڵام ڕوونە کە ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن چونکە دەنگی کوردی تەنیا بە کۆمپانییایەک یان میدیایەک نییە بەڵکو لە هەر شوێنێک بن دەتوانن دەنگی ڕاستی دەرببڕن، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت بە دەستپێکردنی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە زۆرینەیان سەربە میتی تورکن، وێنەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدەن، بڵاو دەکەنەوە. بەتایبەت لەم کۆتاییەدا بە ئامانجگرتنی رۆژنامەنوس شەهید عەگید ڕۆژ، کە لە بەنداوی تشرین ببوو بە دەنگی بەرخۆدانی شەڕڤانان و گەل، دەوڵەتی تورکیا جارێکیتر ڕووی ڕاستی خۆی نیشاندا، هەرچەند کە شەهیدبوونی عەگید ڕۆژ بۆمان زۆر بە ئازارە، بەس بەم هێرشانەی کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ترساندی ڕۆژنامەنووسانە دەتوانم بڵێم کە هێز و ورەمان و بڕیارداریمان بۆ بەرخۆدان لەبەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان بەرزتر دەبێت، لە کوردستان بە سەدان کەس هەیە کە شوێنپێکەوتووی نازم، جیهان، عەگید، عەزیز،گولستان و هێرۆن.
"حکومەتی هەرێم ماف دەداتە دەوڵەتی تورکیا"
لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە بێدەنگییەکانی حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسان وتی: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەنووسانی کورد لە باشووری کوردستان، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی بە دەوڵەتی تورکیا داوە کە لەکوێ،چۆن و لەسەر کێ بێت بتوانێت هێرش پێکبێنێت، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ئەو مافەی وەرنەگرتبا ئەوا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەوەندە بە چاونەترسی هێرشی نەدەکرد، بۆیە حکومەتی هەرێم پیویستە بەرپرسیارتی هەموو ئەو هێرشانە لە ئەستۆ بگرێت، دەوڵەتی تورکیا دوژمنی گەلی کوردە و لە کوێ بێت ئەوا هێرش دەکات، بۆیە کورد دەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بوەستێتەوە، پێوێستە کورد دوژمنایەتی یەکتر نەکەن و ڕێگری لە هێڕشی دەوڵەتی تورکیا بکەن، جێگای داخە کە لە بەشێکی کوردستان کورد دەکوژرێن بەڵام حکومەتی هەرێم بێدەنگ و بێ هەلوێستە، هاوڕێکانمان عەزیز کۆیلوئۆغڵو، گولستان تارا، هێرۆ بەهادین، هەروەها کەسایەتییەکانی وەک زەلال و سالیحە کە خەباتیان دەکرد بۆ بە ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگە و گەل، بوونە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، ئەگەرچی کە لەو ناوچەدا کەسانێک حەزیان لە ئازادی و دادپەروەری نییە، دەبنە هۆکاری شەهادەتی مرۆڤی ئازادیخواز، دیسان ئەوا دەنگی ئازادی کپ نابێ شوینکەوتووانی ئەو هەڤاڵانە هەتا کۆتایی لەبەرامبەر ئەو عەقلییەتە کۆنەپەرەستەی حکومەتی هەرێم کە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات دەوەستن و تێدەکۆشن.
"پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕۆژنامەنووسان کەمە"
ژیان خەلیل لە درێژەی قسەکانیدا بۆ بەهێزتر کردنی هەڵوێستی نیودەوڵەتی دەربارەی سەربەخۆیی ڕۆژنامەوانانی کورد ئاماژەی بەوەکرد، لە کوردستاندا گەلێک ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ هەن کە دەنگی ڕاستی ڕادەگەیەنن، هاوکات زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانیش دەربارەی تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا ڕاپۆرت بەڵگە دەکەن و بۆ یەکێتی ئەوروپای دەنێرن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنێن، بەس لەراستیدا پشتیوانی یەکیێتی ئەوروپا بۆ ڕۆژنامەنووسان کەمە، ئەگەر هەموو ئەو ڕاستی و بەڵگانەی کە بەرهەم کراون خەباتی لەسەر بکردرا ئەوا دەوڵەتی تورکیا ئەوەندە بە ئاسانی و ئاشکرا لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان هێرشی نەدەکردە سەر گەل و بەتایبەت ڕۆژنامەوانانی بە ئارمانج نەدەگرت.
"ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان گرنگ و پیرۆزە"
رۆژنامەنووس ژیان خەلیل سەبارەت بە بەرخۆدانی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیادا وتی: ڕۆژنامەنووسان منداڵی کۆمەڵگەن، بۆیە پێویستە کە ئامانجی سەرەکییان دەربڕینی دەنگی کۆمەڵگەکەیان بێت. ڕۆژنامەنووسانی کورد دەبێت دەنگی گەل بن، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان لە خزمەت دوژمنی گەلدا دژی کۆمەڵگە دەجەنگن، رۆژنامەنووسانی کورد بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژهەوڵاتی سوریا پێویستە دەنگ و ڕاستی ئەو گەلەی کە ڕۆژانە لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان دەکات ئاشکرا بکەن، دیارە ڕۆژنامەنووسان تەنیا تیشک ناخەنە سەر بەرخۆدانی خەڵک، بەڵکو بۆ خۆیان خەریکی بەرخۆدانییەکی گەورەن، بە تایبەت ئەگەر لێرەدا باس لەسەر بەرخۆدانی بەنداوی تشرین بکەین کە لە ئێستادا رۆژەڤی سەرەکییە ،ڕوونە ڕۆژنامەنووسێک بەزەحمەت لە سەر دیمەنی بەرخۆدان بنووسێت، لێرەدا ڕۆژنامەنووسان گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی دەنگی ئەو خەڵکە بن کە بەرەنگاری هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە، بۆیە ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان گرنگ و پیرۆزە کە لە ئەنجامی تێکۆشینیان بە قارەمانی شەهید دەبن.
"ڕۆژنامەنووسانی باکوور ڕۆژهەڵاتی سووریا منداڵی ئەم گەلەن و لەناو شۆڕشدا گەورە بوون"
ڕۆژنامەنwوس ژیان خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا لەگەڵ هێرش و فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە درێژەدانی خەباتەکەیان وتی: ئێمەی ڕۆژنامەوانی کورد ناترسین، ڕاستە لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لەسەر گەلەکەمان دەیکات،غەمگین دەبین، بەس ناترسین، ئاشکرایە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ترساندنی ڕۆژنامەنووسانی کوردە، هەرچەندەش هێرشەکانی زیاتر بکات، بەس ئەو ناگاتە خەیاڵەکانی، بە ئامانجگرتن و شەهید کردنی هاوڕێیانمان ، ڕق و کینەمان بۆ دەربڕینی ڕاستی تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا زیاتر دەکات، بە تۆمارکردنی تاوانەکانی شەڕ دژ بە گەلەکەمان و هاوڕێیانمان بە پێنوسی خۆمان ،دەنگی ڕاستی و حەقیقەت دەگەیەنینە گەل، ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەوڵاتی سوریا منداڵی ئەم گەلەن و لەناو شۆڕشدا گەورە بوون بۆیە دەوڵەتی تورکیا پێوێستە بزانێت کە ناتوانێت بمانترسێنێت و ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە چونکە ئێمە وەک ڕۆژنامەنووس جارێکی دیکە ئەو ڕاستیانە ئاشکرا دەکەین و پیشانی جیهانیان دەدەین.
"ڕۆژنامەنووسانی کورد دەنگی بەرخۆدانی گەل نیشان دەدەن"
ڕۆژنامەنووس بێگەرد خەلیفزادە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا وتی: دەوڵەتی تورکیا بەردەوام دژایەتی گەلی کوردی کردووە و هەوڵیداوە کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان گەل بکاتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی.هاوکات بینیومانە کە ڕۆژنامەنووسانی کورد بەردەوام هەوڵدەدەن کە ئەم هێرشانەی کە لەسەر گەلەکەیان دەکرێت بە بەڵگە بکەن و ئەرکی خۆیان پێک بێن، دیارە کە لە ماوەی بەرخۆدانی گەل لە بەرامبەر هێرشەکاندا، ڕۆژنامەوانانی کورد ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، تەنانەت لە شوێنە مەترسیدارەکانیش جێگەیان گرتووە تا بتوانن دەنگی ڕاستی بەرخۆدان و هاوکات دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا بە جیهانییان نیشان بدەن، بۆیە ئەم فیداکارییەی ڕۆژنامەنووسان بە تایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ببنە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بێگومان ئەمە تاوانی شەڕە، کە ئەم تاوانانە بووە هۆکاری ئەوەی کە چەند هاوڕێی ڕۆژنامەوانمان وەک نازم داشتان، جیهان بیلگین،ل ە کاتێکدا لەسەر ئەرکی خۆیان بوون و لەسەرەتای بەرخۆدانی شەرڤانان لە بەنداوی تشرین دەنگی ڕاستییان بڵاو دەکردەوە، لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا کرانە ئارمانج و شەهید بوون.
"دەوڵەتی تورکیا دژی هەبوونی گەلی کوردە"
بێگەرد خەلیفزادە لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان وتیشی: لە هەموو بەشەکانی کوردستان هیرشێکی ترسناکانە بەردەوامە و بەتایبەت ئەوا چەندین ساڵە کە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ نموونە ئەگەر باسی داگیرکارییەکانی لەسەر عەفرین بکەین تەنیا ڕەحم بە خەڵک نا بەڵکو ڕەحم بە سرووشت و خاکەکەشی ناکەن، یانی دەیانەوێت بە هەموو شێوازێک هەبوونی کوردان لە ناو ببەن، بۆیە دیار دەبێت کە دەوڵەتی تورکیا دژی هەبوونی گەلی کوردە.
"دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بێ هەڵوێستن"
بێگەرد خەلیفزادە سەبارەت بە هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفرۆکەوانەکانی لەسەر خاکی باشووری کوردستان ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج، بە تایبەت هاوڕێیانمان وەک گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە کاتێکدا کە لەسەر ئەرکی خۆیان بوون، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کرانە ئامانج، ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ئەمە دەسلمێنێت کە ڕۆژنامەوانانی کورد لە ڕێگای پێنووس و کامێراکەیان توانیویانە ببنە دەنگی گەلەکەیان و ڕووی ڕاستەقینەی دوژمنی گەل و خاک نیشانی جیهان بدەن، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین کە حکومەتی کوردستان هەڵوێستێکی بەرچاویان نەبووە، هەرچەندە کە لە لایەن خەڵکەوە شەرمەزار کرابێتیش بەس دام و دەزگاکانی هەرێم هیچ هەڵوێستێکیان نیشان نەداوە، ئەگەر هەڵوێستێک هەبوایا ئەوا ڕۆژنامەوان عەزیز کۆیلوئۆغڵو جارێکیتر لە سەر خاکی باشووری کوردستان نەدەبوو بە ئامانجی فڕۆکەی دەوڵەتی تورکیا.
"ڕۆژنامەنووسانی کورد بە بەرخۆدان و بەڵگە کردنی تاوانەکانی شەڕ دەوڵەتی تورک تەنگاو دەکەن"
بێگەرد خەلیفزادە لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر هەڵوێستی نێودەوڵەتی و وتی: هەوڵدرا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ڕۆژنامەنووسان بە گوێی جیهان بگەیێندرێت و لەلایەن لایەنە نیودەوڵەتییەکان وەک تاوانی جەنگ تۆمار بکرێت، هاوکات شاندێک ئامادەکرا کە سەردانی بەتایبەت لایەنەکانی باشووری کوردستان بکات، بۆئەوەی هێرش کردنە سەر ڕۆژنامەنووسان وەک تاوانی شەر هەژمار بکرێت، بەس دیارە کە ئەم هەوڵانە کەم بوون، بۆیە دووبارە شاهیدی چەندین هێرشیتر لەسەر ڕۆژنامەنوسان بووینەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا بێنێمان کە لە باکووری کوردستان لەگەڵ هێرشکردنە سەر هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و دانانی قەیوم کە دیسان چەندەها ڕۆژنامەنووس دەستبەسەرکران، لەگەڵ ئەوەشدا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دیسان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەوان عەگید ڕۆژ و شەهید کرا، ئەوە ئەمە دەسلمێنێت کە ڕۆژنامەنووسانی کورد بە بەرخۆدان و بەڵگە کردنی تاوانەکانی شەڕ دەوڵەتی تورک تەنگاو دەکەن.
"ڕێگە نادەین کە پێنووس و کامێرای هاوڕێیانمان لە سەر زەوی بمێنێتەوە"
بیگەرد خەلیفزادە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:شەهیدبوونی هاوڕێیانمان پەرۆشمان دەکات، بەڵام دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئێمە ڕێگە نەدەین کە پێنووس و کامێرای هاوڕێیانمان لە سەر زەوی بمێنێتەوە و دەبینە دەنگی هاوڕێیانمان، بۆیە ئەم هێرشانە نابێتە هۆکاری ئەوەی کە بترسین و تەنانەت دەبێتە ڕق و کینە کە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستمان توندتر بکەین و زیاتر پەرە بە خەباتمان بدەین.