پورە غەزال: خۆزگە ئەو ڕۆژە منیش لە گوند بوومایە و لەگەڵ منداڵەكانم ئەنفال بوومایە

پورە غەزال كە منداڵ ونەوەكانی ئەنفال بوون، بەردەوام دەڵێت: تا ئێستا خەمی لەدەستدانی چوارمنداڵ و نەوەكانم لەبیرنەچۆتەوە، زۆر لەدوایان گەڕاین نان و خواردنمان دەبردە زیندان دەچوینە تۆپزاوا بەڵام ڕێگەیان نەدەدا.

شیا کۆیی  

 

کۆیە- مانگی ئایارمانگێكی کارەساتبارە بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان هاوكات بیرەوەرییەكی تاڵیشە لە مێژووی ژنانی كورددا،كە لەم رۆژەدا سەدان ژن بێ خێزان و ماڵ بوون وئاوارەی شارەكان بوون بێ ئەوەی هیچ بژێویەك بۆژیانیان هەبێت، مانگی ئایار هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەكانی ئەنفال و لەناوبردنی هەزاران ژنی كورد بەدەستی ڕژێمی بەعس. 

 

قۆناغی چواری ئەنفال لە سنوری قەزای كۆیەی گرتەوە كە بۆماوەی سێ ڕۆژ لە ڕۆژانی ٥ تا ٧ی ئایار لە ساڵی ۱۹۸۸ بەردەوام بوو، لە ناوەندی  کۆیەو گوندەکانی سنووری کۆیە لە ٦٩ شوێن تووشی پرۆسەی ئەنفال بوونەوە و کۆی گشتی ئەنفال لەسنوری کۆیە ٨٥٦ هاوڵاتی ئەنفالکران كە هەمویان ناویان نووسراوە لەسەر مۆنۆمێنتی ئەنفال لەدەشتی كۆیە ئەوەندەی داتاكراوە لای بەڕێوبەرایەتی ئەنفال وشەهیدای كۆیە، کۆی گشتی ئەنفالکراون ٥٤٨یان ئەندامانی خێزان بوون لەوژمارەیەش  ژماری ژنەكان نزیكەی١٠٠ ژنە ونزیكەی ٣٠٠ منداڵن لەهەردوو ڕەگەز. 

 

زۆرترین هاوڵاتی ئەنفالکراو لەگوندەکانی (گۆمەشین و کڵێسە)یە کەبەم شێوەیە لە گوندی گۆمەشین ١٠٦ هاوڵاتی ئەنفالكراون ولەگوند كڵێسە ١٠٣كەس ئەنفال كراون. 

 

 لەم راپۆرتەدا ژنێك لەوانەی منداڵەكانی وكەسوكاری ئەنفالكراوە، قسەمان بۆ دەكات بەدەم گریان وهەنسكەوە هەروەك بڵێ ئەمرۆ منداڵەكانی لێی جیابۆتنەوە نەك ۳۷ ساڵی بەسەردا تێپەڕیبێت. 

  

غەزال حەوێز حەمەد لە دایكبووی ساڵی  ۱۹۳۲ـەو خەڵكی گوندی گۆمەشینی دەشتی كۆیەیە سەربەشارۆچكەی كۆیە-هەولێر، غەزال لای خۆیان بە خەزاڵ بانگی دەكەن، چوار منداڵی ئەنفال بووە، بەناوەكانی ( رەزا، فاتیح، سەبری ، مەهدیە) لەگەڵ نەوەكانی كە ژمارەیان ٦ منداڵە، وەك خۆی ئاماژەی پێدا لە سەرەتای مانگی ٥ی ۱۹۸۸ شاڵاوی ئەنفال دەستیپێكرد و منداڵەكانی لەدەستدا. 

 

پورە غەزال وتی: ئەو رۆژەی ئەنفالەكە بوو من لە كۆیە بووم، چوار منداڵم ئەنفالە دوو كچ و دوو كوڕم گیران، كچێكیانم لە گوندی گەڵناغاز بوو بەخۆی و چوار منداڵی ئەنفالكراو سەبری كچم، لە كۆیە بوو خۆی و دوو منداڵی و هاوژینەکەی ئەنفالكران و رەزای كورم چوار كورو سێ كچی هەبوو ،بەس ئەو منداڵەكانی دەرچوون و فاتیحی كوڕم سێ مانگ بوو هاوسەرگیری کردبوو ئەنفالكرا، جگە لەوەی برام و ئامۆزام و زۆربەی خزمەكانمان كە ژمارەیان زیاتر لە ٥۰ كەسە هەموو ئەنفالكران لە تایفەی ئێمە و هەمو ئەوانەی لە گوندی گۆمەشین ئەنفالكران ژمارەیان ١٠٦ كەسە. 

 

پورە غەزال بە گریانەوە وتیشی: كارەساتی ئەنفال زۆر گەورەیە قەت ئەو رۆژەم لە بیر نەچۆتەوە، من مەیلی خۆم بە  تاقە كورەكەمەوە ئیبراهیم نابوو ئەویش چەند مانگێك لەمەو بەر لە ساڵی ۲۰۲٥  لەگەل هاوژینەکەی بە رووداوی هاتوچۆگیانیان لەدەستدا دوای ئەو بێ منداڵ مامەوە ئیستا لای نەوەكانمم. 

 

"لەگەڵ ژنەکان ڕۆژانە دەچووینە کرێکاری" 

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ئەنفالەكە من و هاوژینی کوڕەکەم مابووین، لەگەڵ ژنەكان ڕۆژانە دەچووینە كرێكاری، هەموو ژنەكان زۆر زۆر خراپ بوون. ژیان زۆر ئەستەم بوو ماڵ و مووڵكمان هەموی لەدەستدا، ئاژةڵەكانمان لە مەڕو ماڵات هەموی لەناو چون رژێم رەزوو باخەكانیشی سوتاندین نەوكانم ئەوانەی دەرچوبوون بێ كەس مابوون ناچار دەبوو بژێویان بۆ پەیدابكەین. 

  

پورە غەزال وتیشی: خۆزگە منیش ئەو رۆژە لە گوندی بام لەگەڵ منداڵەكانم ئەنفالكرابام، من لەم رۆژەوە تەنیا بەشم گریانە و نزادەكەم ئەوەی سەبەب بێت جەرگی بسووتێت و خواحەقمان بكات، ئیستاش دیسان دەڵێن گۆرەكانیان هەڵداوەتنەوە و لە ڕێگەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن گوایا دەناسرێنەوە، بەڵام من دەڵێم چۆن منداڵەكانم بناسمەوە كاتێك تەنیا ئیسك و پروسكن، بەوەش تەنیا برینمان دەكولێتەوە، تا ئێستا خەمی لەدەستدانی چوارمنداڵ و نەوەكانم لەبیرنەچۆتەوە، چی بكەین دەبوو ئێمەش لەگەڵ ئەوان بمردباین و زۆر لەدوایان گەڕاین، نانو خواردنمان دەبردە زیندان دەچووینە تۆپزاوا دەمان بینی گەنجەكان دەستیان بەسترابوو لەجامەكانەوە دەستیان بەرزدەكردەوە بۆمان بەڵام نەیانهێشت بیان بینین.