خەباتی بێ هەناسەی هەزار هەفتەی دایکانی شەممە

ئەمڕۆ کە ١٠٠٠ەمین شەممەدا، دایکانی شەممە بۆ چارەنووسی ڕۆڵە و کەسوکارە بێسەروشوێن بووەکانیان کۆدەبنەوە و بانگەوازیش دەکەن، "با لە هەفتەی ١٠٠٠ەمین دا بەربەستەکان لاببرێن"

لەنجە خورشید

 

ناوەندی هەواڵ- دایکانی شەممە، ٢٩ ساڵ لەمەوبەر بۆ داوای چارەنووسی ڕۆڵە و خزمە ​​ونبووەکانیان چوونە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای لە ئەستەنبوڵی تورکیا و گۆڕەپانەکەیان کردە شوێنی یادکردنەوە و هەموو ڕۆژێکی شەممە مێژوویان نووسییەوە و ئەم یادەوەرییەیان بە زیندووی هێشتەوە، ئەمڕۆ چالاکی دایکانی شەممە، پێدەنێتە هەفتەی ١٠٠٠ەمینەوە، واتە لە ماوەی ٢٩ ساڵدا هەموو ڕۆژێکی شەممە لە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای چالاکییان ئەنجام داوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش چالاکییەکەیان فراوانتر دەبێت. دایکانی شەممە بۆ چالاکی ئەمڕۆیان بانگەوازی دەکەن و ڕایدەگەیەنن با لە هەفتەی ئەمڕۆی ١٠٠٠ەمیندا بەربەستەکان لاببرێن.

 

چالاکییەکان چۆن دەستیان پێکرد

دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ لە تورکیا، هەزاران کەس کوژران یان بێسەروشوێن بوون، دوای ئەوەش دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی نەوەکاندا زۆرترین کەسی بێسەروشوێن، کرد، بەهۆی نەبوونی چارەنووسی ئەو کەسانەی بێسەروشوێن دەبوون، کە چەندین ساڵ تێپەڕیبوو، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) لە ساڵی ١٩٩٢ هەڵمەتێکی بە دروشمی "با ونبووەکان بدۆزینەوە" دەستپێکرد، ئەو هەڵمەتەی کە کۆمەڵەکە دەستی پێکردبوو، گۆڕا بۆ ململانێ لە دژی لەدەستچووەکانی ژێر دەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا.

 

گۆڕەپانی گەلاتەسەرای کرا بە شوێنێکی یادگاری

دایکانی شەممە بوون بە سیمبولی خەبات لە دژی بێسەروشوێن بوون، بەم هەڵمەتە زۆرێک لە خێزانەکان لە ٢٧ی ئایاری ١٩٩٥ لە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە، ئەمەش بووە یەکەم پریشکی دەستپێکی خەباتی خۆڕسکانەیان، کە کاتژمێر ١٢:٠٠ی ئەو ڕۆژە، خەڵک بۆ لەسێدارەدانی حەسەن ئۆجاک کۆبوونەوە، حەسەن ئۆجاک دوای چالاکییەکانی ناوچەی غازی لە ٢١ی ئازار دەستبەسەر کرابوو و دوای ٥٥ ڕۆژ تەرمەکەی لە گۆڕستانێکی چۆڵدا دۆزرایەوە.

 

خێزانەکان کۆبوونەوە و خواستی خۆیان دەربڕی وەک "با دیارنەمانی شاراوە کۆتایی بێت، چارەنووسی ونبووەکان ئاشکرا بێت، ئەوان بەرپرسیار بزانرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت". ئەو گروپەی کە لە ١٥-٢٠ کەس پێکهاتبوون هەموو هەفتەیەک گەشەیان دەکرد و دواجار گەیشتە هەزاران کەس، کە هەتا ئێستا بەردەوامن لە چالاکییەکانی ڕۆژی شەممە و هەموو هەفتەیەک کۆدەبنەوە و چیرۆکی بێسەروشوێنەکانیان بەیەکەوە باس دەکەن و پێکەوە داوای چارەنووسی بێسەروشوێن بووان دەکەن.

 

دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ئەو دایکانەی پشتیوانی خەڵکیان وەرگرتبوو، لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ئەو کەسانەی بەشداری چالاکییەکەیان کردبوو، ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و دەستبەسەر کران، لەگەڵ زیادبوونی هێرش و ئەشکەنجە و فشار و دەستبەسەرکردن، دایکانی شەممە لە ١٣ی ئازاری ١٩٩٩ لە لێدوانێکیان دا بۆ ڕای گشتی ڕایانگەیاند کە دەستبەرداری چالاکییەکانیان دەبن، دوای ١٠ ساڵ و لە ٣١ی کانوونی دووەم/١ی ٢٠٠٩دا، دووبارە دایکان چوونە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای و دانیشتنێکیان ئەنجامدا و لە چارەنووسی کەسوکاری ونبوویان پرسی، تا ئێستاش کە گەشتووەتە هەفتەی ١٠٠٠ەم، هەزاران کەس دێنە گۆڕەپانەکە و پشتیوانی لە دایکانی شەممە دەکەن.

 

بەم شێوەیە چالاکییەکان تەشەنەی دەسەند و ئەو خێزانانەی کە هەموو شەممەیەک دەهاتنە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای ڕۆژ بە ڕۆژ زیادیان دەکرد، ئەمە لە باکووری کوردستان و تورکیاش دەنگی دایەوە، چونکە هەموو ڕۆژانی شەممەیەک کۆدەبوونەوە و خەڵک و ڕۆژنامەنووسانیش بە دایکانی شەممە ناویان دەبردن، بۆیە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای بوو بە جێگای یادگاری بۆ خەباتی ٢٩ ساڵە، دایکانی شەممەش بوونە ئەو نووسەرانەی مێژوو کە ئەم یادەوەرییە بە زیندووی دەهێڵنەوە.

 

 

نامەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری نیوزلەندا بۆ چالاکی دایکانی شەممە

ئەمڕۆ کە هەفتەی ١٠٠٠ەمی چالاکییەکان بەڕێوەدەچێت، ٣٩ پەرلەمانتاری نیوزلەندا نامەیەکیان بۆ تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا نارد، بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن دایکانی شەممە چالاکی هەفتەی هەزارەم ئەنجام بدەن.

 

 

لە نامەکەی هۆن فێل تویفۆرد، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی نیوزلەندا، وتەبێژی کۆچبەران، ڕێکخراوی داماڵین و کۆنترۆڵی چەک و جێگری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هاتووە، "٣٩ پەرلەمانتاری نیوزلەندا داوایان لە سەرۆکی تورکیا کرد کە حکومەتەکەی ڕێز لە بڕیارەکانی دادگای بنەڕەتی دایکانی شەممە بگرێت، دایکانی شەممە ٢٩ ساڵە دەنگی خۆیان لە دژی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بەرز دەکەنەوە، دایکانی شەممە لە پرسی مافی مرۆڤدا هەڵوێست و دەنگێکی گرنگیان هەیە، ئەو نامەیەی ئێمە کە بۆ ئەردۆغانمان نووسی لە چوارچێوەی ئازادی گردبوونەوە و خۆدەربڕیندایە".

 

جێی ئاماژەیە، بریارە ئەمڕۆ، ٢٥ی ئایار چالاکی هەفتەی ١٠٠٠ەمی دایکانی شەممە لە گۆڕەپانی گەلاتەسەرای بەڕێوە بچێت.