"ژنان دەتوانن ئەزموونی ژنانی پێشەنگ بکەنە وانەیەک بۆ ژیانیان"

 ئێستا کات کاتی ئازادی ژنانە، پلاندانانیان بۆ ژیان بە نووسینەوەی ژیانیان و تێکۆشانیان، دەتوانن ببنە ژنی پێشەنگ بۆ ڕووبەڕووبوونەی دوژمنانی کورد و کۆمەڵگەی پیاوسالاری.

 نیهایەت ئەحمەد

 

سلێـمانی- ژنان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێک لەو پیشەیەی کاری تێدا دەکەن، یاخود لە بوارەکانی تردا پێویستە پلان دابنێن  بۆ بەرەوپێشچوون و ئەزموونی ژیانی ژنانی سەرکەوتوو بکەنە ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتنەکانیان، چونکە ئامانجی گەورە دەبێت پلانی باشتر و قوربانیدانی گەورەتری پێببەخشرێت، ژنان هەمیشە لە ژیاندا دەستکەوت و بەرهەمیان هەبووە، وەک یەکەم توێژی کۆمەڵگە، لە شۆڕشی کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی و بە کۆمەڵگەبوونەوە، کاری بۆ پێشکەوتی ژیانی مرۆڤایەتی کردووە، ژنان ئەزموونی ژیان بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسنەوە بۆ ئەوەی سود لە پلان و ئامانجیان وەربگیرێت.

 

ژنان دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن لە هەر کارێک بیانەوێ ئەنجامی بدەن، ژن هێزی تەنها لەوەدا نییە کە بونیاد دەنێت، بەڵکو هێزی ئاڵگاری بەرامبەر هەموو کۆت و بەندەکاندا هەیە، کەرەستەکانی ژیان لە دەستی ژناندان، خەونەکانیان دەکەن بە ڕاستی بە پلاندانانیان بۆ ئەو ئامانجەی بەدەستی دەهێنن، کارەکانی دەنگی خۆیەتی هەواگیدەری ئەوەشە کە ژنان دەتوانن ئەوەی خۆیان دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن، لە دانانی هەر پلانێک بۆ ژیان، لە هەر هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نابێت بترسێت لەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستی و ئەو بیروڕا کۆنەپارێزەی کە ژن لە چوارچێوەی چوار دیواردا تەوق دەکات، چونکە ترس و خۆقەتیس کردن، ژنان گۆشەگیر دەکەن. بۆیە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاڵانگارییەکان هەنگاوێکە بەرەو ئەو داهاتووەی کە ڕۆژگارێک بوو تەنیا یەکێک بوو لە خەیاڵەکان.

 

 "ژن بۆ سەرکەوتن لەو پلانەی هەیەتی ئەزموونی ژنێکی پێشەنگی بەسە"

کاتێک ژن پلان بۆ ئامانجێک دیاری دەکات، پێویستی بەوەیە سود لە ئەزموونی ژنانی پێشەنگ ببینێت، مێژووی ژنان، بە تایبەت ژنانی کورد، پڕاوپڕە لە ئاڵگاری و شکاندنی بەربەستەکانی کۆمەڵگە و سیستم و دەسەڵات، بۆیە گرنگترین شت بۆ ئەو ژنانەی هەنگاو بۆ ئامانجێک دەنێن، دەبێت لاپەڕەی مێژووی ژنان هەڵبدەنەوە، ژن بۆ سەرکەوتن لەو پلانەی هەیەتی ئەزموونی ژنێکی پێشەنگی بەسە، هەروەها پێویستە ئەم پلان و هەنگاوە لە دەرەوەی سیستمی دەوڵەت و بە خۆپارێزی ژنان لە دەوڵەت-نەتەوە، دەسەڵاتداری و سیستمی پیاوسالاری ئەنجام بدرێت، چونکە ئەگەر پشت بە ڕێکخستنی خۆی ببەستێت، ئەوکات خۆی دەپارێزێت، بۆیە پێویستە لە دژی عەقڵیەتی سیستمی پیاوسالار خۆپارێزی بکەین و بە پەرەپێدانی سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک خۆپاراستنمان بەهێز بکەین، چەندە ژنان خۆیان بەڕێوەببەن و سیستەمی بەرێوەبەری دیموکراتیک پەرەپێبدەن، زیاتر دەتوانن خۆیان و ژیان بپارێزن و لە مێژووی هەیی ژن و ئامانجەکانیان نزیک ببنەوە.

 

"ژنان پێویستیان بە تێکۆشانە"

پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ژن، ئەزموون لە ژنانی پێشەنگ ببینێت و لە تێکۆشاندا بێت، لە پلانیان بۆ ژیان، لە بوارەکانی ئابوورییەوە تا پەروەردە، لە سیاسەتەوە تا هونەر، لە چاپەمەنیەوە تا ژیانی کار، لە بنەماڵەوە تا بوارە کۆمەڵایەتیەکان، بەم شێوەیە ژنان ئامادەیی ڕێکخستن بوونی خۆی نیشان دەدات کە خۆی بپارێزێت، دژی سیستمی پیاوسالاری و توندوتیژی بە شێوەیەکی ڕێکخستنی خۆیان بپارێزن، هەورەها ژنانی پێشەنگ لە خەبات و تیكۆشانیان بە گیان فیدایی کردن و پاراستنی خاک و نیشتمانیان و بەرەنگاربوونەوەیان و بەرەوپێشبردنی دۆزەکەیان و بەرجەستەکردنی دروشمی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت "ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگەیە" ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە، بوونەتە سیمبولی ژنان و کاریگەرییان هەبووە لەسەر کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، ئەم تێکۆشانەش پێویستە بنووسرێتەوە و بۆ مێژوو بمێنێتەوە.

 

لە ڕێگەی نووسینەوە ژنان ئەو ئامانجەی هەیانە بەدەستی دەهێنن

ژنان دەتوانن لە ڕێگەی نووسینەوەی ئەزموونەکانیان و ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی ئەمانجیان هەبووە لە پلاندانان بۆ بەدەستهێنانی خەون و خولیاکانیان، بیکە پەرتوکێک بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگ بۆ ژنانی دوای خۆیان، نەوەی نوێ سود لە ئەموونەکانیان ببینێت، پێویستە ژن هەوڵ بدات بۆ بەرەوپێشبردن ژیانی خۆی بنووسێت، چونکە دەستی نووسین بەرەو ئەو ئامانجەت دەبات کە خۆت دەتەوێت و گۆڕانگاری لەسەر کۆمەڵگەش دەکات.

 

 ئێستا کاتی ئەوەیە ژن پلانی هەر بوارێک دابنێن کە دەیەوێت پێی بگات

لەم سەردەمەدا ژنان بۆ بەرەوپێشخستنی تواناکانیان، هەر بوارێک کە دەستی بۆ دەبات بە سەرکەوتووی پلانی بۆ دادەنێت، چونکە ئێستا کات کاتی ئازادی ژنە، ژن پێگەی یەکەمی بەرەوپێشبردنی ئەو ئامانج و هەوڵ و تێکۆشانەی وەرگرتووە و بووەتە ترسی دڵی دوژمنانیش بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا، کە سەدان ساڵە هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، کە ژن پێگەی یەکەمینەکانییەتی و لە بوارە سیاسی و جەنگییەکاندا ڕۆڵی هەرە گەورەی بینیوە لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریدا، ژنانی تێكۆشەر هەمیشە لە چیاکانی کوردستان لەپێناو پاراستنی خاک و سروشتی نیشتمانەکەی لە تێکۆشاندا بووە و ئەمەش بەشێک بووە لەو پلانەی بە درێژایی مێژوو ژنان هەوڵیان بۆ داناوە و پلانیان بۆی هەبووە.