زەوییە کشتوکاڵییەکان دەسووتێن و دەسەڵاتیش بە خەمەوە نییە

چەندین ڕووداوی کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان ڕوویانداوە، هەندێک هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ گەرمای هاوین، بەڵام هێرشی دەوڵەتی تورکیا و سیاسەتی شەڕی تایبەت هۆکاری سەرەکین.

سلێمانی

 

چەند ساڵێکە لە باشووری کوردستان سووتانی ناوچە جیاجیاکان بەتایبەت دەشت و شاخەکان یاخود دارستانەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان بەدی دەکرێت، سووتانەکان بە ڕێژەیەک زۆرن ڕۆژانە لە میدیاکاندا باس دەکرێن، زیانیان بە هاوڵاتیانیش گەیاندووە، چونکە بەشێک لەو زەویانە زەوی کشتووکاڵین و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی ئەوەی لە سەنتەری شارەوە نزیکن، بوونەتە هۆکار بۆ پیسبوونی هەوای شار.

 

لە هەواڵەکاندا باس لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما دەکرێت، کە هۆکار بێت بۆ سووتاندنی خاک، بەڵام ڕووداوەکان هێندە تەشەنەیان سەندووە، بوونەتە جێی گومان، کە ئایا وەرزی هاوین هۆکارە یاخود ڕوودانی ئەم ڕووداوە دەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە، هەندێک لە چالاکوانانی ژینگەپارێز ڕەخنە لە سووتانی ڕووبەری بەرفراوانی ناوچە جیاجیاکان دەگرن، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستەکانی بە هەند وەرنەگرتووە.

 

ئامانجی دەوڵەتی تورکیا بەتەنها خەڵکی مەدەنی نییە بەڵکو خاکەکەشیەتی

پێویستە باس لەوە بکەین دەوڵەتی تورکیا هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات، تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی وەک تالان، دزی، کوشتن، ئەشکەنجە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بۆردوومان و سووتاندنی دارستانەکان و ناوچە جیاجیاکان لە لایەن سوپای داگیرکەری تورکیا بەردەوامە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر دارستان و دارە زەیتوونەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی، لە ڕێگەی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستانیش چەندین ناوچەی کشتوکاڵی بۆردوومان کردووە، تا ئێستاش هێرشەکانی بەردەوامە.

 

بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، تەنها بۆ لەناوبردنی هاوڵاتییان نییە، بەڵکو جینۆسایدی ژینگە یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی، لە هێرش و بۆردوومانەکانی وێڕای بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنیی، بە بۆردوومان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی ویستی لەناوبردنی خاکی باشووری کوردستانی هەیە، بە تەنها لەساڵی ڕابردوو بەهۆی بۆردوومان و ئاگرەوە، زیاتر لە ٥٨ هەزار دۆنم و دارستان سووتاوە.

 

بەپێى ئامارەکانى بەرگرى شارستانى هەولێر، لە ڕۆژی ١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ٣١ـی ئایار، ٤٠٧ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە لە شوێنە جیاوازەکانی هەولێر کەوتوونەتەوە، کە پێنج  ڕووداوی دارستان و باخچە، ١٣ ڕووداوى پوش و پەڵاش و شەش عەمباری سووتەمەنی، یەک کێڵگەى پەلەوەرى لەخۆگرتبوو.

 

ئەگەرچی تا ئێستا بە ئاشکرا کەس لەسەر سووتاندنی زەوییەکان دەستگیر نەکراوە و سزا نەدراوە، بەڵام تاوانەکانی دژ بە ژینگە لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، کە دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی ئێران بە سووتاندنی دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان ئەنجامی دەدەن، ئەوەمان پێدەڵێن کە سووتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕووبەری گرد و شارەکان لە باشووری کوردستانیش دەکرێت سیاسەتێکی لە پشت بێت و بۆ لەناوبردنی کۆکی ژینگەیی و خاک بێت.

 

بەشێک لە ڕووداوەکانی مانگی حوزەیران بەم شێوەیە بووە:

هەولێر

لە بەرواری ٤ی حوزەیران، لە گوندی سمایل ئاوای سەربە شارۆچکەی خەبات لە پاریزگای هەولێر، بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە ٥٢٥ دۆنم زەویی کشتوکاڵی داچێندراو بە گەنم سووتا.

 

هەولێر

لە بەرواری ٥ی حوزەیران، هۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە، ٣٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای هەولێر سووتا، هۆکارەکەی دیار نییە.

ئاگرەکە لە گوندی ئاواینا لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتووەتەوە، هاوڵاتییانی سنوورەکە بۆ ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە نەکات، خۆیان بە تراکتۆر و کەرەستەی جوتیاری ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.

 

ئامێدی

لە بەرواری ٦ی حوزەیران، دەوڵەتى داگیرکەری تورک، گوندى گوهەرزێیى لە سنوورى چیاى مەتیناى سەر بە شارۆچکەى ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە ئاگر لە گۆڕستانى گوندەکە کەوتەوە، کە کۆنترین گۆڕستانى ناوچەکەیە، هەر هەمان ڕۆژ بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سنووری گوندی گوهەرزێ لە دامێنی چیای مەتینا بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە سنوورەکە و ڕەز، باخ و دارستانی سنوورەکە گڕیان گرت، سەرەڕای ئاگرکەوتنەوەکە ڕێگە نەدەدرا دانیشتوانی سنورەکەش ئاگرەکە بکوژێننەوە.

 

چەمچەماڵ

لە بەرواری ٩ی حوزەیران، ئاگر لە پووش و پاوانی گوندی مۆفەر لە سنووری چەمچەماڵ کەوتووەتەوە، ئاگرەکە سەرەتا لە شوێنی مەڕوماڵاتی ماڵێکەوە دەستیپێکردووە، دواتر تەشەنەی کردووە بۆ پووش و پاوانی سنوورەکە.

 

هەولێر

لە ١٠ی حوزەیراندا، لە گوندی باغەمرەی شەهاب لە سنووری شارەدێی دارەتوو لە پارێزگای هەولێر ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەهۆیەوە ڕووبەرێکی زۆری پووش و پاوان سووتا، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نادیارە.

 

سلێمانی

لە ١١ی حوزەیراندا، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێكى فراوان لە سنوورى سیتەک کەوتەوە و لە ئەنجامیشدا نزیکەی ٥٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی سووتا.

 

چۆمان

لە بەرواری ١٦ی حوزەیراندا، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێکی گەورە لە دەروازەی شارۆچکەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتەوە و بەوهۆیەوە ڕووبەرێکی زۆری پوش و پاوانی سنوورەکە سووتان، سەرەڕای سووتانی ڕووبەرێکی زۆری سنوورەکە هاوکات چەندین داری بەردار و دارمازوو و گێوژیش سووتاون.

 

بەرواری باڵا

لە ١٩ی حوزەیراندا، لە دوای بۆردوومانەکەی پاش نیوەڕۆی ١٨ مانگەوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئاگر لە سنووری هەردوو گوندی کانێ و سگێرێ لە بناری چیای مەتینیا لە شارۆچکەی ئامێدی کەوتەوە، بەپێی زانیارییەکان سەدان داری سروشتى و دارى نێو باخی گوندنیشینان سووتاون.

 

چەمچەماڵ

لە ٢٢ی حوزەیران، ئاگرێکی گەورە لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ کەوتەوە، زیانی گیانی و ماددی نەبووە.

 

پێنجوێن

لە ٢٣ی حوزەیران، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێكى فراوان لە گوندەکانى کانی شابان و ئەحمەد کلوان لە سنوورى پێنجوێن کەوتەوە، بەهۆى ئاگرەکەوە نزیکەی ٢٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی سووتا.

 

سلێمانی

لە ٢٤ی حوزەیراندا، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێكى فراوان لە گوندەکانى بزێنیان و سیرەمێرگ لە سنوورى سیتەکى سەر بەپارێزگاى سلێمانى کەوتەوە، لە ئەنجامیشدا نزیکەی ١٥٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سرووشتی سووتا.

 

چەمچەماڵ

لە ٢٦ی حوزەیران، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێكى فراوان لە سنوورى شارۆچکەى چەمچەماڵ کەوتەوە و لە ئەنجامیشدا نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و داری سرووشتی سووتا.

 

جگە لەم هەواڵانەی وەک دەق بڵاوبوونەتەوە، چەندین گوند و ناوچەی دیکە هەن ساڵانە ئاگریان لێدەکەوێتەوە و پوش و پاوانەکان دەسووتێن، هەندێکیان هاوڵاتیان وەک ناوچەی گەشتیاری بەکاری دەهێنن، وەک چیای ئەزمەڕ و گۆیژە، کە لەم ساڵدا چەندین جار ئاگری لێکەوتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکرد.