"جەنگی جیهانیی سێیەم لەسەر ژنانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت"

سەدەیی ٢١ دەبێت ببێتە سەدەی ژنان و ڕووبەڕوو بوونەوەی جەنگی جیهانیی سێیەم، کە لەسەر ژنان بەڕێوە دەبرێت، پێویستە ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆببنەوە و ببنە یەک دەنگ لە دژی دەسەڵاتی هەژموونگەرایی.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە باشووری کوردستان شەڕی تایبەت دژی ژنان بەڕێوە دەچێت، ئەمە لە جیهاندا بە هەمان شێوەیە، هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکارە بۆ شکاندنی ئیرادەی ژنان و سیستمی سەرمایەداری و بە کاڵاکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا هۆکارن بۆ بوون و بەردەوامیدان بە جەنگی جیهانیی سێیەم، کە لەسەر کەسایەتی و ئیرادەی ژنان بەڕێوە دەچێت، هەبوونی جەنگەکان کاریگەری لەسەر ژنان جێ دەهێڵێت، ژنان بەرکەوتەی سەرەکی کۆمەڵگە و جەنگەکانن، مێژووی ژنان بۆمان دەردەخات هەموو کات بەدیل گرتن و سەرکۆنەکردن لەلایەن پیاوانەوە بۆ سەر ژنان هەبووە.

 

سیستمی دەسەڵات بووەتە هۆکاری نەبوونی ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا، هەروەها هێشتنەوەیان لە دەرەوەی مێژوودا و دەوری سەرەکیان هەبووە لە سەرکۆنەکردنی ژنانی مێژوونووس. وەک دەبینین لە کۆندا ژنانی نووسەر و سیاسەتمەدارمان نەبووە یاخود هەبوونیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، هەروەها ژنان لە کۆندا لەژێر ناونیشانی پیاوێکدا نووسەر بوون، کە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و دەسەڵاتێکی سیاسیی ناتەندروست، کە ژنانی ناچاری خۆشاردنەوە کردووە، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: مێژووی شارستانی لە هەمان کاتدا مێژووی لەدەستدانی ژنە، لەسەر ئەم بنەمایە دەزانین ژنان لە دەرەوەی مێژوودا هێڵدراونەتەوە، پێویستە بەدوای دۆزینەوەی ڕاستی ژندا بگەڕێین کە لە کۆنەوە واتای خۆی لەدەستداوە و ئەو ڕێبازەی ژن دەهێنێتەوە ژیان کردن، کە بەدیدی ژن سەرلەنوێ مێژووی ژنان بنووسرێتەوە و بخوێندرێتەوە.

 

سەدەیی ٢١ بووەتە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم دژی ژنان  

پلانەکانی باشووری کوردستان و وڵاتانی داگیرکەر هۆکاری سەرەکین بۆ بەردەوامیدان بە جەنگی جیهانیی سێیەم، هەروەها سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هۆکارە بۆ بەکاڵاکردنی ژنان و هێشتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، لە ڕێگەیی ڕاگەیاندراوێکی پاژک و کەژەکە، لەبارەی زیادکردنی تێکۆشان و خۆپاراستنی جەوهەری، هۆشیاری دەدرێتە ژنان دەربارەی جەنگی جیهانیی سێیەم و هەوڵدان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو جەنگە، ئەگەر چی جەنگی جیهانیی سێیەم ڕاگەیاندراوە، ژنان و کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکاندا ڕووبەڕووی جەنگی جیهانیی سێیەم بوونەوتەوە لە کایەکانانی یاسا، ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەی و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پەرە بە جەنگی جیهانیی سێیەم دەدەن، سەرەڕای هەبوونی جەنگی جیهانیی سێیەم دژی ژنان، هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئەوەندەی دیکە هۆکاری تواندنەوەی ژنان و زاڵبوونی جەنگی جیهانیی سێیەمە لە دژی ژنان.

 

هەروەها هەبوونی قەیرانە ئابووری و سیاسیەکان هۆکارەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هەبوونی جەنگی جیهانیی سێیەمە، دروستکردنی قەیرانەکان لەلایەن دەسەڵاتداران و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بەشێوازێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە بابەتەکان ئاسایین، یاخود هاوڵاتیان بە شێوازێکی ئاسایی لە قەیرانەکان بڕوانن، لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت توانای ژنان و کۆمەڵگە لاواز بکەن و توانا فکری و شۆڕشییەکەیان لێ زەوت بکەن، لەگەڵ دروستکردنی قەیرانەکاندا هەوڵ بۆ بەڕێوەبردنی دەدەن و بەردەوام درێژەپێدەری قەیرانەکانن بۆ لەناوبردن و هەموو چین و توێژەکانی ژنان، منداڵان، یاسا، کولتوور، کۆمەڵگە، پەروەردە و ئایین و ...هتد دەکەونە بەر لێشاوی جەنگی جیهانیی سێیەم.

 

سیستمیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هۆکارە بۆ بە کاڵاکردنی ژنان

لە ڕێگەی خودهۆشیاریەوە، ژنان دەتوانن ڕووبەڕووی جەنگی جیهانیی سێیەم بۆ سەر ژنان ببنەوە، ژنان دەبێت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم جەنگەدا بکەن، هەبوونی ئەقڵیەتی پاوانخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بارودۆخێکی سەختی بۆ ژنان خوڵقاندووە، ژنان بۆ درێژەدان بە خەبات و ڕووبەڕووبونەوەی ئەم جەنگە پێویستە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە و بەردەوامی بە چالاکیەکان بدەن، پێویستە ژنان لە سێبەری پیاواندا بێنە دەرەوە و بۆ کارەکانایان پشت بە پیاوان نەبەستن، تا بتوانن ڕووبەڕووی ئەو جەنگە ببنەوە.

 

ئەگەر باس لە باشووری کوردستان بکرێت، لە هەر شوێنێک زیاتر ژنان پێویستیان بە هۆشیاری هەیە لە دژی بە کۆیلەکردنیان، کە دەسەڵات و سیاسەتی لە پشتەوە و داگیرکارییەکانیش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخەکە هەیە، ژنان لە دامودەزگاکانی حکومەت و پۆستەکانی دەسەڵاتدا مافی بەدەستگرتنی پۆستیکی باڵایان پێنادرێت، یاخود لە ژێر سێبەری پیاوێکدا هەوڵدەدەن کارەکانیان ئەنجام بدەن، هە،وو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ترسان لە کار و تواناکانی ژن و هۆشیار بوونەوەی ژنان لە کایەکان و سیاسەتی هەڵەی باشووری کوردستاندا.

 

ژنان لەڕێگەی خود هۆشیاریەوە بەرەنگاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری ببنەوە

کەژەکە و پاژک لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا ئاماژە بەوە دەدەن، کە ژنان چەند لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دوربکەونەوە خۆیان لە جەنگی جیهانیی سێیەم بەدوور دەگرن، بە دوورکەوتنەوەی ژنان لە ئەقڵیەتی پاوانخوازی لە کۆمەڵکوژی دووردەکەونەوە، لە ڕێگەی شۆڕشی خۆبەڕێوەبەریەوە دەتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، لە ڕێگەی خۆبونیادنان و زانیاریەوە دەگاتە ئاستیک تا بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، هەروەها بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵات و هەبوونی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری لە هەرێمی کوردستاندا پێویستە ژنان خۆبەڕێوەبەری ڕابگەیەنن، ئەمەش بە هۆشیارکردنەوەی فکری و زانستی و بەڕێوەبردنی کۆڕ و سیمینار و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پۆستە دیارەکان لە هەرێمی کوردستاندا بە ئەنجام دەگات.

 

لە کۆتاییدا پێویستە ژنان جەخت لەسەر بانگەوازییەکەی کەژەکە و پاژک بکەنەوە، کە تیشک دەخەنەسەر پێویستی تێکۆشان لە چوارچێوەی "ژن، ژیان، ئازادی "دا، کە دەبێت لە  دژی سیستمی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی پاوانخوازی ژنان خۆپاراستنیان بەروەپێش ببەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژنانی جیهان لە دەوری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆدەبنەوە و دەبنە یەک دەنگ، لە ڕێگەی کار و خەباتی ژنان، پێویستە سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی ژنان و بەرەوپێشچوونی ژنان و ڕووبەڕوو بوونەوەی جەنگی جیهانیی سێیەم دژی ژنان.