تورکیا پابەندی ستانداردی بوومەلەرزەزانی نابێت لە باکووری کوردستاندا

بەهێزترین بوومەلەرزە کە لە ماوەی سەدەیەکدا تۆمارکراوە، بە گوڕی ٧.٤ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیا بوو، کە زیاتر لە ٤ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، پسپۆڕانی ئەندازیاری دەڵێن، ستانداردەکانی بوومەلەرزەزانی تیایدا جێبەجێنەکراوە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- نزیکەی کاتژمێر ٤ی بەیانی ڕۆژی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزە کە لە ماوەی سەدەیەکدا تۆمارکراوە، بە گوڕی ٧.٤ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیای هەژاند و بوومەلەرزەکە تا دووری لوبنان و ئیسرائیل گەشتووە، بوومەلەرزەکە لە ٢٣ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی نورداگی لە پارێزگای غازی عەنتابی تورکیا، بە قووڵایی ٢٤.١ کیلۆمەتر بووە.

 

لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە زیاتر لە چوار هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ڕزگارکەران لە هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، بوومەلەرزەکە کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە.

 

بەپێی وتەی یونس جەزەر، بەرپرسی خزمەتگوزارییەکانی کارەساتەکانی تورکیا، لە باکووری کورستان و تورکیا زیاتر لە ٢٩٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٥ هەزار و ٨٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی سوریا-سانا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش، زیاتر لە  هەزار و ٤٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٧١١ کەس لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان لە ناوچەکانی حەلەب، حەما، لازقییە و تەرتوس گیانیان لەدەستداوە.

 

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە پێنج هەزار و ٦٠٠ باڵەخانە وێران بوون کە یەکێکیان نەخۆشخانەیەکی دەوڵەتییە لە شاری ئەسکەندەرون.

 

بوومەلەرزە لە نێوان کارەساتی سروشتی و ئەندازیاری

ئەندازیاری پێکهاتەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی کیشۆر جایسڤاڵ بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە: لە کاتێکدا شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا، وەک ئەستەنبوڵ، چەندین بینایان هەیە کە بەپێی کۆدە بوومەلەرزەزانییە مۆدێرنەکان دیزاین کراون، بەڵام شارەکانی باکووری کوردستان کە لە نزیک ناوەندی بوومەلەرزەکەوەیە چەندین بینای بەرزی کۆنتری تێدایە کە بەو کۆدە توندانە دروستنەکراون.

 

تورکیا کۆدی بیناسازی تاڕادەیەک بەهێزی هەیە، بەڵام زۆرێک لە بینا کۆنەکان هەن کە پێویستیان بە نوێکردنەوەی بوومەلەرزەزانی هەیە بەتایبەتی لە شارەکانی باکووری کوردستان، لە کاتێکدا هێشتا ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە کاریگەری دیزاینی بوومەلەرزەیی بیناکان شیکاری بۆ دەکرێت، لە شاری ئەدەنە لە باشووری تورکیا، کەمپی تەندروستی یەکگرتووی ئەدەنە کە ڕووبەرەکەی ٥.٩ ملیۆن پێی چوارگۆشەیە، لە ساڵی ٢٠١٧ تەواو بووە و سیستەمێکی دابڕانی بوومەلەرزەیی تێدایە، لەسەر بنەمای سیستمی سێ پاندۆلۆم دامەزراوە کە لەلایەن سیستمی پاراستنی بوومەلەرزە (EPS)، ڤالیخۆ، کالیفۆرنیا پەرەی پێدراوە و لە دوای بوومەلەرزەکە نەخۆشخانەکە بە پارێزراوی ماوەتەوە.

 

شارەکانی باکووری کوردستان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە

تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا بوومەلەرزەی گەورەی بەرکەوتووە، لە ساڵی ١٩٩٩ بوومەلەرزەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا ڕوویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٧ هەزار کەس و زیانێکی بەرچاوی لە گەورەترین شاری وڵاتەکەی ئەستەنبوڵ گەیاندووە، کارەساتەکە بووە هۆی پێداچوونەوە بە کۆدەکانی بیناسازی بوومەلەرزەزانی، بەڵام ئەمە لە شارەکانی باکووری کوردستان گرنگی پێنەدراوە و هەربۆیە دوای بوومەلەرزەکەی ٦ شوبات زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

زۆرجار ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەدا دەمرن، بەهۆی کەوتنی خشت و بلۆکی بیناسازییەوەیە، بەپێی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمریکی، دانیشتوانی باشووری تورکیا لەو پێکهاتانەدا دەژین لەڕادەبەدەر بەرکەوتەی بوومەلەرزەن، کە بیناسازی بلۆک و خشتی بەهێزنەکراون و چوارچێوەی کۆنکرێتی نزمیان تێدایە، بە پێی کۆدە ئەندازیارییەکانی بوومەلەرزەزانی بەهێزنەکراون.

 

بەهۆی شەڕەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، زاستی ئەندازیاری پشتگوێخراوە

لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ململانێکان بۆ ماوەی ١٢ ساڵ ستانداردەکانی بیناسازیی لەناوبردووە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەوە ڕاپۆرتە ئەندازیارییەکان باس لە ڕووخانی بیناکان لە حەلەب و ئیدلب دەکەن، چونکە بیناکان کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە و دواتر دووبارە دروستکراونەتەوە، کەرەستەی کوالیتی نزمیان تیادا بەکارهێندراوە کە کۆنکریتەکانیان کۆن و لاوازبوون یان هەر کەرەستەیەک کە لەبەردەستدا بووبێت بەکاریان هێناوە، ستانداردەکانی بوومەلەرزەزانی لە بیناکاندا بەکارنەهاتووە.

 

تورکیا و سوریا یەکێکن لەو وڵاتانەی کە خاوەنی کۆدی زۆرباشی بوومەلەرزەن و سەرباری ئەو پشێوییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەی کە لە ئێستادا لە ئارادایە، بەڵام گەندەڵی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا هەیە، کە ئەمەش دەردێکی جیهانی کوشندەیە هۆکاری دروستبوونی زیانی گەورەن، وەک ئەوەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەوە بیندرا، لە هەمان کاتدا گرنگی کەمتر بە بەهێزکردنی بیناکان دراوە لە شارەکانی باکووری کوردستان.

 

کاریگەری بوومەلەرزەکە لەسەر باشووری کوردستان

پسپۆڕانی بواری ئەندازیاری بوومەلەرزەزانی باس لەوە دەکەن کە کاریەگەری بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیان بۆ باشووری کوردستان مایەی ترس و دڵەڕاوکێ نیە و کاریگەرییەکان لاوەکین، بەم شێوازە هەڵسەنگاندیان بۆ کردووە.

 

لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە دروستبوونی درز لە جۆینی نێوان کۆنکریت و دیواری جیاکەرەوە شتێکی ئاساییە و هەر ڕوودەدات، هەبوونی جوڵە تا رادەیەک بەپێی بەرزی نهۆمی باڵەخانەکە شتێکی ئاساییە بینا هەیە ۲٠،۳٠ تا ۸٠ سانتیم جوڵە لە بینایەکی ٤٠، ٥٠ نهۆمی دەکرێت بە پێی جۆری دیزاینی باڵەخانەکان.

 

بەڵام پسپۆرانی بواری ئەندازیاری ئاماژە بەوە دەدەن بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی چاودێری و پەیڕەونەکردنی کۆمەڵێک ڕێنمایی ووردی ئەندازیاری لە کوردستان بەهەمان شێوە ئەگەری دروستکردنی مەترسی هەیە لەسەر باڵەخانەکان، لەبەر ئەوەی وەک پێویست ستانداردەکانی بوومەلەرزەزانی لە کاتی دروستکردنی باڵەخانەکاندا بەکارناهێندرێت.