زیرەکی دەستکرد و ساختەکاری دیجیتاڵی: چەکێکی نوێ لە دەستی توندوتیژی باوکسالاریدا

وێنەی دروستکراو چیتر تەنها دەستکاریکردنی دیجیتاڵی نین، بوونەتە ئامرازێک بۆ ناوزڕاندن و هەراسانکردن و هەڕەشەکردن لە ژیانی ژنان، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەرپرسیارێتی "شەرەف و ناوبانگ"یان دەزانن.

سارا پورخەزری

 

کرماشان- لە ژیانی هەندێک ژناندا، وێنەیەک تەنها ڕەنگدانەوەی سیماکانیان نییە، دەتوانێت ببێتە تۆمەتێک کە هێرشیان بکاتە سەر، بیانوویەک بۆ بێڕێزیپێکردنیان و هەڕەشەیەک بۆ سەر ژیانیان، لەو کۆمەڵگەیانەی کە ژنان بە سیستەمێکی ڕەقی سانسۆر و سنووردارکردن قەتیس کراون، یەک وێنە، تەنانەت وێنەیەکی تەواو هەڵبەستراویش، دەتوانێت بەس بێت بۆ ئەوەی ژیانی ژن پێچەوانە بکاتەوە، چارەنووسی ئەو بە ڕاستی دیاری نییە، بەڵکو بەو شێوەیە دیاری دەکرێت کە ئەوانی دیکە چۆن لەبارەیەوە بیردەکەنەوە و بڕیار دەدەن بە ناوی "شەرەف و ناوبانگ"ەوە چی بەسەریدا بسەپێنن.

 

لە کرماشان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێکی گەنج لە ژێر چاودێری وردی باوک و براکانیدا دەژی، کە بڕیاریان داوە ڕێگری لە درێژەدان بە خوێندنی بکەن، تەنها دوای داوای لێبوردنێکی زۆر توانی ناوی خۆی تۆمار بکات لە خولێکی درووماندا، نەک لەبەر باوەڕبوون بە مافی فێربوون یان سەربەخۆیی، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەی کاتەکانی داگیر بکات و دەرفەتێکی سنوورداری پێبدات تا هاوسەرگیرییەکەی لە ماڵەوە بەجێبهێڵێت.

 

لەم ژینگە خنکێنەرەدا وێنەیەکی هەڵبەستراوی ژنێکی گەنج لە باوەشی گەنجێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبووەوە، لە شارۆچکەیەکی بچووکدا کە هەواڵەکان بە خێرایی دەڕۆن، وێنەکە پێویستی بە هیچ بەڵگەیەک نەبوو لەسەر ڕەسەنایەتییەکەی تا ببێتە بنەمای بڕیاردان و شەرمەزارکردن، پێش ئەوەی ڕاستییەکان بزانرێت، تۆمەتەکان دەستیان پێکردبوو و پێش ئەوەی دەستکاریکردنەکە ئاشکرا بێت، ژنە گەنجەکە پێشتر ڕووبەڕووی خێزانەکەی و بازنەی کۆمەڵایەتی بووبووەوە.

 

ئەم ڕووداوە یەکێک لە جۆرە دووبارەبووەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەخاتە ڕوو، کە تەکنەلۆژیای سەردەمی بەکاردەهێنرێت بۆ بەردەوامکردنی شێوازە کۆنەکانی کۆنترۆڵکردن و بێڕێزیکردن، ژنە گەنجەکە کە پێشتر ئازادی نەبوو تەنانەت سادەترین وردەکارییەکانی ژیانی خۆی بڕیار بدات، لەناکاو خۆی بینیەوە بووە بە زیانبەرکەوتووی وێنەیەک کە دروستی نەکردووە، تۆمەتبار کرا بە تاوانێک کە ئەنجامی نەداوە.

 

ئامرازێک بۆ توندوتیژی دژی ژنان

سەمیرە خ.، کە زانیاری زیاتری لەسەر دۆسیەکە هەیە، وتی: کاردانەوەی خێزانی کچەکە پێناسە ناکرێت، تەنها شتێک کە دەتوانرێت بوترێ ئەوەیە کە ڕزگاری بووە، سەرەڕای چەند ڕۆژێک توندوتیژی و هەڕەشە و فشاری دەروونی لەسەر دەستی باوک و براکانی، چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، سەرەڕای پێداگریی بەردەوامی کچەکە لەسەر ئەوەی تەنانەت ناسنامەی ئەو گەنجەی لە وێنەکەدا دیارە نازانێت، خێزانەکە بڕیاریاندا سکاڵا لەسەری تۆمار بکەن، بە ئامانجی ناچارکردنی کچەکەیان، بەڵام بە نزیکەی ڕاستەوخۆ دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە دانیشتنەکە وەستا، چونکە بە خێرایی دەرکەوت کە وێنەکە بە تەواوی دروستکراوە و بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بەرهەم هێنراوە و ئەو کەسەی تێیدا هاتووە ئەکتەرێکی بیانییە.

 

ئەم ڕووداوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن وێنەیەکی دروستکراو دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا کە خێرا تاوانباریان دەکات نەک تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لە کاتێکدا زیرەکی دەستکرد توانایەکی بەرفراوان بۆ گەشەپێدان و سادەکردنەوەی ژیان پێشکەش دەکات، بەڵام خراپ بەکارهێنانی دەتوانێت بیکاتە ئامرازێک بۆ پێشێلکردنی تایبەتمەندی و ناوزڕاندن.

 

دەستکاریکردنی وێنەی ژنان لە هاتنی ئەم تەکنەلۆژیاوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی بەربڵاوی بەرنامەکانی وەک فۆتۆشۆپ، کە بۆ گۆڕین و سێکسیکردنی وێنە بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە و ناوزڕاندن و بئڕێزیکردن بەکاردەهێنران، ئەمڕۆ لەگەڵ پێشکەوتنی زیرەکی دەستکرد، ساختەکاری ئاسانتر و ڕاستیانەتر بووە، لە کاتێکدا ژنان لە بەردەم دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و دەروونییە جدییەکاندا دەمێننەوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان بە دروستکردن یان بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانەوە نییە.

 

لەو چوارچێوەیەدا مەعسومە س.، ڕۆژنامەنووس وتی: زۆرجار دەنگ و وێنەی ژنان لەلایەن پیاوە جیاوازەکانەوە دەستکاری کراوە و دواتر بۆ مەبەستێک بڵاوکراونەتەوە کە گوایە ئامانجیان ناوزڕاندن و زیانگەیاندن بە ناوبانگیان بووە، بەڵام کێشەی بنەڕەتی لە خودی تەکنۆلۆژیادا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە هەر کەرەستەیەک یان توانایەک، کاتێک دەکەوێتە دەستی پیاوسالاری، دەبێتە چەکێکی مەترسیدار کە دژی ژنان بەکاردێت.

 

فشارەکانی خێزان دەبێتە هۆی خۆکوشتن

لەم ساڵانەی دواییدا وێنەی دروستکراو بۆ تۆڵەسەندنەوە و ناشیرینکردنی ژنان بەکارهێنراون، ئەمەش لە پارێزگای لوڕستان بوو، کە وێنەی ساختەی زیاتر لە ٢٠٠ ژن لە کەناڵێکی تێلێگرام بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و تەکنیکەکانی دەستکاریکردنی وێنە بڵاوکرایەوە، ئەم ڕووداوە دەرئەنجامە دڵتەزێنەکانی لێکەوتەوە، چەند ژنێک لە ژێر قورسایی فشاری خێزانی و کۆمەڵایەتی خۆیان کوشت، ئاشکرا بوو کە تاوانبارانی سەرەکی کەناڵەکە سێ پیاو بوون.

 

ئەم ڕووداوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نادروستی وێنەکان نکۆڵی ناکات لە ڕاستی زیانەکانیان، لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنان بەرپرسیار دەکات لەو شتانەی کە لەسەریان بڵاودەکرێنەوە، دەستکاریکردنی دیجیتاڵی دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ هەراسانکردن و توندوتیژی و ناوزڕاندن و هەڕەشە لە پارێزراوی و ژیانیان بکات، تەنانەت ئەگەر هیچ هەڵەیەکیشیان نەکردبێت.

 

ئەمەش ئەوەیە کە ڕۆکسانا س،، ئەزموونی کرد کاتێک وێنەکانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگیرانەکەی پێشوویەوە دەستکاری کران و بە ئاشکرا بڵاوکرانەوە، وتی: ئەو لاپەڕەیەکی ئینستاگرامی بەناوی منەوە دروستکرد و دەموچاوی منی لەسەر وێنەی ژنانی کەم پۆشراو دانا، هەروەها دڵنیا بووم ئەو بووە، چونکە تاکە کەس بوو دەستی بە وێنە ڕاستەقینەکانم بگات، سوپاس بۆ خوا خێزانەکەم لە تەنیشتمەوە وەستابوون، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر، زۆر ترسام تەنانەت لە ماڵەکەش دەربچم، کاتێک سکاڵامان تۆمار کرد، یەکەم کاردانەوەی پۆلیس ئەوە بوو کە من تاوانبار بکەن، پرسیاریان کرد، بۆچی وێنەکانت خستۆتە دەستی کەسێکی دیکە؟ هەرچەندە ئەو کەسە دەزگیرانی پێشووم بوو نەک کەسێکی نامۆ.

 

دۆسیەی ڕۆکسانا س.، ئاشکرای دەکات کە چۆن ژنان تاوانبار دەکرێن بە پێشێلکارییەک کە ئەنجامی نەداوە، لەبری ئەوەی تاوانبارەکە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، وەڵامی پۆلیس بۆ تاوانبارکردنی ئەو بوو نەک پاراستنی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سیستەمێکی پیاوسالاری بوو کە ژنان بەرپرسیارن لە ناوبانگی خۆیان و دەسەڵاتی چاودێری و بڕیاردانی ڕەفتارەکانیان بە کۆمەڵگە دەبەخشێت.

 

ئەم ئەقڵیەتە لە چەمکی "کەرامەتی ژن"دا دەردەکەوێت، کە ژنان وەک گومانلێکراو دەخاتە ڕوو تەنانەت کاتێکیش دەبنە زیانبەرکەوتووی ناوزڕاندن و هەراسانکردن، جێگای سەرسوڕمانە، هەندێک لەو پیاوانەی کە پاڵپشتی پاراستنی کەرامەت دەکەن، هەر ئەوانەن کە وێنەی ژنان وەک ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە و نێڕێزیکردن بەکاردەهێنن، ئەمەش ئاشکرای دەکات کە ئەم چەمکانە هەندێکجار بۆ کۆنتڕۆڵکردن دەقۆزرێنەوە نەک بنەمای ڕەوشتی ڕاستەقینە.

 

لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد، بووەتە هۆی دروست کردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختە کە دەگەڕێتەوە بۆ ژنانی بێتاوان، زیانەکان لە زیانبەرکەوتووی ڕاستەوخۆ تێدەپەڕێت، ترس و خۆسانسۆری لە کەسانی دیکەدا دەچێنێت و پاڵیان پێدەنێت بۆ ئەوەی لە ترسی ناوزڕاندن یان توندوتیژیدا خۆیان لە کایەی دیجیتاڵیدا دەرنەکەون.

 

بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە بە واتای بەرتەسککردنەوەی ژنان یان بەرپرسیارکردنی ئەو شتانە نییە کە بەرگەی دەگرن، بەڵکو لێپرسینەوە لەو کەسانەی ناوەڕۆکی هەڵبەستراو بەرهەم دەهێنن و بڵاوی دەکەنەوە و دابینکردنی پاراستنی یاسایی و دەروونی بۆ زیانبەرکەوتووان، کێشەکە لە خودی تەکنەلۆژیادا نییە، بەڵکو لە بەکارهێنانیدایە بۆ بەردەوامکردنی باڵادەستی پیاوسالاری، هەروەها لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنان سزا دەدات لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەریان ئەنجامدراون لەبری ئەوەی تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.