گەشتێک لە نووسینی بێناوەوە بۆ دەنگێک کە بەرگری لە کێشەکانی ژنان دەکات

سەلما مەسعوود عەداس لە نووسینەوە بە ناوی خوازراو "هاوية إعلام"ەوە گواسترایەوە بۆ ڕۆژنامەگەری و لێکۆڵینەوە لە پرسەکانی ژنان، ئەم گەشتە مافی ئەو، مافی ژنانی دیکەی وەرگرتەوە کە لە ژێر ناوی خۆیاندا بنووسن و بە ئازادی دەنگی خۆیان لە باشووری لیبیا گەورە بکەن.

عەزیزە حسێن

 

لیبیا – لە باشووری لیبیا، بۆ ژنێکی گەنج، پراکتیزەکردنی ڕۆژنامەگەری تەنها هەڵبژاردنی پیشە نەبوو، هەروەها بە واتای چوونە ناو کایەی گشتی و بەدەستهێنانی بینین و دامەزراندنی ئامادەیی لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانەدا بوو کە بە هەستیارییەوە سەیری ئەو ژنانەی دەکرد کە لە میدیادا کاردەکەن.

 

هەر لە چوارچێوەی ئەم ژینگەیەدا بوو کە سەلما مەسعوود عەداس، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەر گەشتەکەی دەستپێکرد، لە ساڵی ٢٠١٣ لە سەبا دەیخوێند، بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە دەستی پێنەکرد، بەڵکو لە پشت پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینەوە بوو بە ناوی "هاوية إعلام"، لەوێ کەشی بۆ نووسین و فێربوون دۆزیەوە، دوور لە پرسیارە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری ئەو ژنانەی کە لە میدیادا کاردەکەن.

 

سەلما مەسعوود عەداس سەبارەت بە سەرەتاکانی خۆی وتی: سەرەتا دیدێکی ڕوونم نەبوو کە ببمە ڕۆژنامەنووس، زۆرم خۆشدەویست نووسین و بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان بکەم، هەروەها کارکردن لە بواری میدیادا هەڵبژاردنێکی ئاسان نەبوو لەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژیام.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەستم دەکرد میدیا پێویستی بە پلەیەکی دیاریکراو لە بوێری هەیە، بەتایبەتی بۆ ژنێک لە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپەرستدا، دەستمکرد بە نووسین بۆ خۆم، دواتر ماڵپەڕێکی ئۆنلاینم دروستکرد کە ناوم لێنا ”هاوية إعلام”، سەرەتا ناوی ڕاستەقینەی خۆمم لەسەر بەکارنەهێنابوو، بەدوای کەشێکدا دەگەڕام کە بتوانم تێیدا بنووسم و تاقیکردنەوە بکەم بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ببمەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، تێگەیشتم کە ئەوە لە ناسنامە تێپەڕیوە، ئارەزووی ڕاستەقینەم هەیە بۆ ئەوەی تێبگەم لەوەی لە دەوروبەرم ڕوودەدەن و بیگەیەنمە کەسانی دیکە.

 

نووسین لە ژێر ناوێکی خوازراودا

سەلما مەسعوود عەداس ڕوونیکردەوە، کە شوێنکەوتنی ڕۆژنامەکان و نووسینی بابەتی هەواڵ یارمەتیی داوە پەرە بە تواناکانی ڕۆژنامەوانی بدات، وتی: بە شوێنکەوتنی ڕۆژنامەکان و نووسینی بابەتەکانی هەواڵ و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستکردنی مادەی ڕۆژنامەوانی فێربووم.

 

بڕیارەکەی بۆ بەکارنەهێنانی ناوی خۆی لەو کاتەدا دەگەڕێنێتەوە بۆ تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەو ژنانەی کە لە بواری میدیادا کاردەکەن، وتی: پێموایە ناوەکە خۆی ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمە بوو، ژنێک لە دەرگای یەکەمی خۆیەوە دەچێتە ناو مەیدانەکەوە، بەبێ ئەزموونێکی زۆر، بەڵام بە ئارەزووی ڕاستەقینە بۆ بەردەوامبوون، هەروەها ئەو ژنانەی کە ڕۆژنامەگەرییان لە ژینگەی باشووردا دەژیان ڕووبەڕووی چەواشەکاری کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، جگە لەوەش ئەوە تەنها لەسەر خودی کاری ڕۆژنامەوانی نەبوو، بەڵکو باس لەوەش بوو کە کۆمەڵگە چۆن سەیری دەرکەوتنی ژنانی دەکرد لە کایەی گشتیدا، پرسیاری زۆر هەبوون، بۆچی ژنێک لە میدیاکان کاردەکات؟ بۆچی دەردەکەوێت؟ بۆچی قسە لەگەڵ خەڵک دەکات؟

 

بە تێپەڕبوونی کات فێری ئەوە بوو کە نەهێڵێت ئەم پرسیارانە هەڵبژاردنەکانی دیکتە بکەن، ئەمەش باوەڕەکەی دووپاتکردەوە کە ڕۆژنامەگەری پیشەیەکە کە ژنان دەتوانن بە بەرپرسیارانە پراکتیزەی بکەن. ئەو پێی وایە ڕۆژنامەگەری لە باشوور جگە لە سروشتی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵگە، ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە پەراوێزخستن و سنووردارکردنی سەرچاوەکان بووەتەوە، کە ئەمەش وایکردووە چوونە ناو بوارەکە قورستر بێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی ژنان لە میدیاکاندا نابێت تەنها بە بابەتی هەواڵەکان بێت، بەڵکو دەبێت ڕۆڵی ئەوان لە پرسیارکردن و لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی زانیاریشدا بگرێتەوە، وتی: وێنەی باشوور زۆرجار پەیوەست بووە بە قەیرانە ئەمنییەکانەوە و وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ژنانی کرێکار، گەنجانی کارگێڕ، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان، ئامادەنەبوون.

 

ویستم باشوور وەک کۆمەڵگەیەکی زیندوو پێشکەش بکەم، نەک تەنها کەشێک کە تەنها کاتێک دەردەکەوێت کە قەیرانەکان ڕوودەدەن، وتی: ئەو ساتەی نووسینەکەی بەبیری دێتەوە کە سەرنجی ڕۆژنامەنووسێکی ڕاکێشا و هانی دا بەردەوام بێت، وتی: پێی وتم من لەگەڵتم، ماڵپەڕەکەت و نووسینەکەتم بینی، تۆش ژنێکیت شایەنی دەرفەتێکی، ئەم ڕستەیە بۆ من زۆر گرنگ بوو، هەندێک جار مرۆڤ تەنها پێویستی بە یەک کەسە کە باوەڕ بە تواناکانی بکات بۆ ئەوەی دەست بکات بە بینینی خۆی لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە.

 

سەلما عەداس بە هاوکاری ئەو، هاتە ناو بواری ڕۆژنامەگەرییەوە و دەستی کرد بە گرنگیدان بەو پیشەیە، وتی: کاتێک ناوم بینی کە پەیوەندی بە هەواڵێکەوە هەیە، هەستم کرد زیاتر بووە لە ئەزموونێکی زوو تێپەڕ، دەستم کرد بە تێگەیشتن لەوەی کە هەواڵ تەنها وشە نییە، لە پشت هەموو زانیارییەکەوە بەرپرسیارێتی هەیە، لە پشت هەر کەسێکەوە کە لەسەری دەنووسم ژیان و تایبەتمەندی و مافێک هەیە.

 

گەشتکردن بە پیشەکە لە سنوورەکانەوە

لە ساڵی ٢٠١٦ سەلما عەداس لیبیای بەجێهێشت و بە جەزائیردا تێپەڕی، پێش ئەوەی بگاتە باکووری مالی و لەوێش بەردەوام بوو لە کاری میدیایی. ئەو لە بیرکردنەوە لەو قۆناغەدا وتی: جێهێشتن بەشێک نەبوو لە پلانێکی ڕوون بۆ من، بەڵام لاپەڕەیەکی جیاوازی کردەوە، خۆمم لە ژینگەیەکی نوێ و کۆمەڵگەیەکی نوێ و ڕاستیەکی ڕۆژنامەوانی جیاوازدا بینیەوە، ناچار بووم بە خێرایی فێر بم چۆن ئەم ژینگەیە بەڕێوەببەم و بەردەوام بم لە کارەکانم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر لە بواری ڕۆژنامەگەری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و چاپکراودا کاری کردووە، ئەزموونەکان ڕێگەیان پێداوە بەدواداچوون بۆ لایەنە جیاوازەکانی پیشەکە بکات، وتی: لە ڕادیۆدا فێری بەهای دەنگ بووم و چۆن بیرۆکەکان بە ڕوونی بخەمەڕوو، لە تەلەفزیۆندا فێربووم چۆن کار لەگەڵ دیمەنەکان بکەم و چۆن لەبەردەم کامێرادا پێشکەشکار بم، لە ڕۆژنامەگەری چاپکراودا فێری گرنگی وردەکاری و پشتڕاستکردنەوە و نووسین بووم، جوڵەکەی وای لێنەکردووە هەست بکەم کە لە سفرەوە دەست پێدەکەم بەڵکو توانیم لەسەر ئەزموونی پێشووی خۆم بونیاد بنێم

 

ڕوونیکردەوە، من تێگەیشتم کە سنوورە جوگرافییەکان پرسە هاوبەشەکان نکۆڵی ناکەن، پرسەکانی پەیوەست بە ژنان، هەژاری، کۆچکردن، پەروەردە و ململانێ ڕەنگە بە شێوازی جیاواز لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەربکەون، ئەم ئەزموونە سنووربەزێنە تێگەیشتنی ئەویشی لە پرسەکانی ژنان فراوانتر کرد، پرسەکانی ژنان چیتر نیگەرانی ناوخۆیی گۆشەگیر نین، بەڵکو بەشێکن لە پرسیارە کۆمەڵایەتی و یاساییە فراوانەکان کە بە شێوازی جیاواز لە سەرانسەری کۆمەڵگەکاندا دووبارە دەبنەوە.

 

لێکۆڵینەوە لە پرسی ژنان

دوای ساڵانێک لە کارکردن لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، سەلما عەداس گەڕایەوە لیبیا بۆ ئەوەی خوێندنی بەکالرۆسی تەواوبکات و قووڵتر بچێتە ناو ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە و پرسەکانی ژنانەوە، وتی: لەو بوارەدا کارم دەکرد و فێردەبووم، بەڵام هەستم دەکرد پرسیارگەلێک هەن کە بەتەنها بە ئەزموون ناتوانم وەڵامیان بدەمەوە، دەستمکرد بە پرسیارکردن لە خۆم سەبارەت بە هۆکار و ڕەگ و ڕیشەی هەندێک دیاردە، چۆن دەتوانرێت لە دەرەوەی کاریگەرییە کەسییەکان تێبگەن، هەر لەوێشەوە بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ زانکۆ سەرچاوەی گرتووە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە خوێندنەکەی دوورکەوتنەوە لە ڕۆژنامەگەری نەبووە، بەڵکو ئامرازێک بووە بۆ ئەوەی قووڵتر لێی تێبگات، کاری ڕۆژنامەوانی فێری کردم بپرسم: چی ڕوویدا؟ کێ کردوویەتی؟ کەی و لە کوێ؟ بەڵام خوێندنی بەکالریۆس پرسیارەکانی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی بزانێت: بۆچی ڕوویدا؟ چ هۆکارێک بەرهەمی هێناوە؟ کێ سوودی هەیە یان زیانی پێدەگات؟ داتا و یاسا و دامەزراوەکان چی دەڵێن؟

 

ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر ڕێبازی ئەو بۆ پرسەکانی ژنان هەبوو، ئیتر بە سادەیی گوێی لە چیرۆکی ژنێک نەدەگرت و لەسەری نەدەنووسی، بەڵکو دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لەو بارودۆخەی کە وای لێکردووە ئەو ئەزموونە بگەیەنێت، ئایا ژنانی دیکە لە دۆخێکی هاوشێوەدا دەژین یان نا، چۆن یاسا و دامەزراوەکان ئەم پرسانە چارەسەر دەکەن.