ژنانی ئەفغانی دان بە قەدەغەکردنی سواربوونی ئەسپدا نانێن

ژنانی ئەفغانی، سەرەڕای فشارەکانی تاڵیبان، بەردەوامن لە خوێندن و لە سواربوونی ئەسپ کە تەنها بۆ پیاوان دەبیندرێت، یەکێک لەو ژنانە بەناوی لەیلا فروغ دەڵێت: بەدڵنیاییەوە ڕۆژێک قەدەغەکردن و ستەمکردن کۆتایی دێت و ئازاد دەبین.

بەهاران لەهیب  

 

کابول- بەهۆی عەقڵیەتی دواکەوتوو و پیاوسالاری ئەفغانستان، لە زۆر بواردا سنووردارکردن دەسەپێندرێت، دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتدا گرت، ژنان لە زۆر لایەنەوە دوورخرانەوە و فشارەکان زیاتر بوون، بەڵام لە بواری ئەسپ سواریدا کە تەنها بە هی پیاوان دادەنرا، ژنان هەستان و یەکەم ژن لە مێژووی وڵاتەکەدا کە سواری ئەسپ بوو، ڕابۆجان بوو، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی ببێتە ئەسپ سواری، ناچار بوو جل و بەرگی پیاوان لەبەر بکات. هەنگاوی بوێرانەی ئەو بوو بە هێمای خەباتی ژنان لە دژی سنوورە کۆمەڵایەتییەکان. 

  

سەرەڕای فشار و قەدەغەکردن سواری ئەسپ دەبن 

لە بیست ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای فشار و هەڕەشەی زۆر، ژنانی ئەفغانستان لە زۆر بواردا خۆیان جیاکردۆتەوە، لە شارەکانی بامیان و پەروان کۆمەڵێک ژنی گەنج سەرەڕای دژایەتی خێزان و کۆمەڵگە، فێری ئەسپ سواری دەبن و درێژە بە خوێندن دەدەن. 

 

دوو خوشک یاساکان نازانن 

لەیلا فروغ، کە لەگەڵ خوشکەکەی ئەسما فروغ لە پەروان دەژین وتی: تەمەنم ١٣ ساڵ بوو، بە نهێنی لەبەر حەزی خۆم،  بۆ یەکەمجار سواری ئەسپ بووم، کاتێک سواری ئەسپ بووم، هەستم دەکرد کە دەفڕیم، من و ئەسمای خوشکم هەموو ڕۆژێک لە باخچەدا مەشقمان دەکرد، دەمانویست بەشداری ئەو پێشبڕکێیانە بکەین کە لە بامیان بەڕێوەدەچن، بەڵام مەرجی خێزانەکەمان ئەوە بوو کە ناسنامەکانمان ئاشکرا نەبێت بۆ ئەوەی خەونەکەمان بەدی بهێنین، ئەو مەرجەمان قبوڵ کرد. 

  

لەیلا فروغ ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنانەکانیان، دوای هاتنی تاڵیبان، گروپی سوارە لە بامیان هەڵوەشایەوە، و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: فشاری تاڵیبان ئەوەندە زۆرە کە ناتوانین بە ئازادی مەشق بکەین، بەڵام ئێستا خێزانەکەمان لە پشتمانن و ڕێگەمان پێدەدەن لە دەوروبەری ماڵ و لە باخچە و لە کێڵگەکاندا مەشق بکەین، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دێت فشار و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان کۆتایی دێت و بە ئازادی خۆمان دەگەین.