ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئیدلب ڕووبەڕووی ئازار و زەحمەتی دەبنەوە

چەندین ژن لە ئیدلب بەهۆی تۆپباران و تەقینەوەو پاشماوەکانی جەنگەوە بە سەختی بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریان قاچ و دەستەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش بۆتە بەربەستێک بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان و ڕووبەڕووی نادادی و پەراوێزخستن دەبنەوە.

لینا ئەل-خەتیب

ئیدلب- لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە ساڵانێکە لە سوریادا هەیە چەندین ڕەشی خراپ ڕووی داوە و خەڵکیش لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، شەڕەکە بە تایبەتی کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان هەبووە و زۆرێک لە ژنانی ئیدلب بەهۆی یۆپباران و تەقینەوە و پاشماوەکانی جەنگەوە دەست و قاچیان لەدەستداوە.

 

"لە ئەنجامی تەقینەوە بێسەروبەرەکان قاچم لە دەستدا و دەستم شێواوە"

حەدیل ئەلسابیح تەمەن ٢٨ ساڵان لە گوندی سەراقیبەوە کۆچی کردووە بۆ کامپی ئیدلب، سەبارەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت و تێڕوانینی کۆمەڵگە لەسەر کەسایەتییەکەی دوای برینداربوونی، ئاماژەی بەوەکرد، کە لە تەقینەوەیەکدا برینداربووە و وتی: "لە خوێندنگای منداڵاندا خەریکی وانەدان بووم، لە نزیک خوێندنگەکە و تەنیشتی من تۆپێک کەوت و بەهۆیەوە قاچی ڕاستم لە دەست داو بەشیکی دەستیشم شێواوە".

 

حەدیل ئەوەیخستەڕوو کە قاچێکی دەستکردی بۆ خۆی دروست کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت کەمێک بڕوات و بجوڵێتەوە، لە هەمان کاتدا، ئەو پێویستی بە چارەسەری جەستەیی هەیە، بەڵام باری دارایی ئەو بەس نییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمەش ئەو سنوردار دەکات بۆ هەموو وردەکارییەکانی ژیانی و ئەو پێویستی بە یارمەتی کەسێکی تر هەیە.

 

سەلام دیبۆ نەک هەر قاچی لە دەستدا و هەموو خەونەکانی بە ئاودا ڕۆیشت

سەلام دیبۆ تەمەن ٢٥ ساڵ لە بینیش دوای ئەوەی بووە خاوەن پێداویستی تایبەت خەم و نائومێدی بۆ ژیانی زیادی کرد، ئاماژەی بەوەکرد کە دوای ئەوەی لە کاتی خوێندندا قاچی لەدەستدا، هەموو شتێک سەرەوبن بووەوو وتی: " "تراژیدیاکەم لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکرد لە ساڵی دووەمی کۆلێژدا، پارچە مووشەکێک بەر گیانم کەوت و قاچم بڕدرایەوە، بۆیە هەموو خەونەکانم تێکشکێنران".

 

سەلام دیبۆ ڕایگەیاند کە دوای ئەوەی قاچی لەدەستدا وازی لە خوێندن هێناو چیتر پلانی بۆ داهاتوو دانەنا، ئەوەشی خستەڕوو کە ژنێکی گەنجی زیندووە و وزەیەکی زۆری هەیە، بەڵام دوای ئەوەی بووە قوربانی تەقینەوەکە زۆربەی کاتەکانی بە تەنیا لە نێوان دیوارەکانی ژوورەکەیدا بەسەر دەبات.

 

"لە کۆمەڵگەدا ژنان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، کەوایە ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت بن چۆن دەبێت؟"

ڕانا ئەلبوخوری تەمەن ١٦ ساڵ لە خان شێخوون دوای کەمئەندامبوونی تەنیایی هەڵنەبژاردووە، بەڵام دەوروبەری ئەو کارەیان بەسەریدا سەپاندووە، کاتێک داوای سەردانی هەندێک لەهاوڕێکانی دەکات لەلایەن براکەیەوە توندوتیژی زارەکی و جەستەیی بەرامبەر دەکرێت براکەی ڕانا بە بیانوی ئەوەی هیچ ئاسایشێک نییە و ناتوانن بیبەنە خوێندنگە ناهێڵێت ڕانا درێژە بەخوێندن بدات.

 

ڕانا ئاماژەی بەوەکرد کە لەکاتی کارکردن لەگەڵ براکانیدا لەکێڵگە کشتوکاڵییەکاندا مینێک تەقییەوەو بووەهۆی ئەوەی قاچی لەدەست بدات و وتی: "کە بوومە خاوەن پێداویستی تایبەت لە مردن قورستر بوو، چونکە ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا تەنیا لەبەر ئەوەن کە ژنن ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ئاستەنگ دەبنەوە لە ژیاندا و کاتێک خاوەن پێداویستی تایبەت دەبن ڕووبەڕووی  نەبونی هەلی کار دەبنەوە، چۆن دەبێت بە دوای پەروەردە و ژیانی ئاساییدا بگەڕێیت؟ هیچ کەسێک نابینن کە یارمەتیان بدات و لە لای ئەوان بن".

 

"سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتم، من بەرپرسیارێتی منداڵەکانم لە ئەستۆ دەگرم"

جوهیدە ئەلحەمودی تەمەن ٣١ ساڵ سەرەڕای کەمئەندامبوونی ناچارە کار بۆ بژێوی ژیانی سێ منداڵەکەی بکات، سەبارەت بەو زەحمەتەی کە لە ژیاندا ڕووبەڕووی بۆتەوە ئاماژەی بەوەکرد کە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بۆتەوەو وتی: " یەکەم ئازار ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٨ هاوژینەکەم بەهۆی هێرشی ئاسمانییەوە لە دەستدا. لە هەمان کاتدا، بەهۆی ئەو پارچە گوڵـلەیەی لە پشتمی دا، من بوومە خاوەن پێداویستی تایبەت و لەسەر کورسییەک ڕۆڵ دەگێڕم، ئێمە لە ماڵەکەی خۆمانەوە کۆچمان کرد بۆ شاری ئەحسام لە جەبەل ئەلزاویە بۆ کامپەکانی ئەتما لە باشووری ئیدلب".

 

جوهیدە ئەلحەمود ئاماژەی بەوەدا کە دوای لەدەستدانی هاوژینەکەی بەتەنیا بەرپرسیارێتی منداڵەکانی گرتە ئەستۆ و لەناو کەمپەکەدا نان دەفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستیەکانی ژیان بۆ منداڵەکانی دابین بکات.

 

"پێویستە مافی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەموو بوارەکاندا بپارێزرێت"

ئەبسیە ئەلیاسین، راوێژکاری دەروونی تەمەن ٣٦ ساڵ لە شاری ئیدلب ئاماژەی بەوەکرد خاوەن پێداویستی تایبەتی جەستەیی کاریگەری لەسەر دەرونی قوربانییەکان هەیە وتی: "ئەنجامەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە لەدەستدانی بەشێک لە جەستە کۆتایی نایەت بەڵکو ژنان لە ئاستی خێزان و کۆمەڵگەدا کاریگەریان لەسەرە، هەروەها کاریگەری دەروونی هەیە کە خراپترە لە زیانی جەستەیی"، ئەبسیە ئەلیاسین دووپاتی کردەوە کە هەستی بێدەسەڵاتی و لاوازی و خۆبەدەستەوەدان دروست دەکات و هەستی نائارامی و ترس دروست دەکات.

 

ئەو ڕاوێژکارە دەرونییە جەخت لەسەر پێویستی مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار دەکاتەوە، هەروەها داوای پاراستنیان لەتوندوتیژی و چەوساندنەوە لەناو خێزان و دەرەوەی خێزان و پێدانی مووچە و پشتیوانیکردنیان بۆ درێژەدان بەخوێندن و دروستکردنی پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانیان دەکات.

 

"ژنانی سوریا بەهۆی شەڕەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە"

شایانی باسە ژنانی سوریا گەورەترین بەشی کارەساتی جەنگیان گرتووەتە ئەستۆ و ئەرکی گەورەیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان، ئەم دۆخە خراپانە خەونەکانیانی وێران کردووە و ناچارکراون لە سەختترین دۆخی ژیاندا بژین وەک هەژاری و نەبوونی چاودێری تەندروستی و بێبەشکردنی مافەکانیان.