"توێژەران هاوکاری ناکرێن کە توێژینەوەکانیان بخەنە خزمەتی کۆمەڵگەوە "

هێشوو سلێما ١٥٠ تویژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامداوەو ڕۆژانە لە تاقیگەدا سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەیەو دەڵێت: "لە کاتێکدا زانست ئەو بوارە ڕاستەقینەیەیە کە دەبێت گرنگی پێبدرێت بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوەو هاوکارییان ناکرێت".

بێریڤان کەمال

سلێمانی- هێشوو سلێمان، بەکالۆریۆسی لە پزیشکی ڤێرتەنەری و بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، لە وڵاتی مالیزیا دکتۆرا و پۆست دکتۆرای بە پلەی یەکەم لە بواری خوێنزانی و نەخۆشیزانی بەدەستهێناو و لەلایەن شازادەی وڵاتی مالیزیاوە مەدالیای زێڕینی پێبەخشراوە.

 

پزیشک هێشوو لە ئێستادا پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی و سەرپەرشتیاری خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرایە و ڕۆژانە لە تاقیگەدا لەگەڵ خوێندکارەکانی سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستین.

 

نزیکەی ١٥٠ توێژینەوەی زانستی ئەنجامداوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە بوارەکانی پزیشکی ڤێرتەنەری و پزیشکی گشتی و دەرمانسازی، لەو ڕێگەیەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری نوێی نەخۆشییەکان دەدەن.

 

" ڕۆژانە لە تاقیگەدا سەرقاڵی کاری توێژینەوە دەبم لەسەر ئاژەڵەکان "

لە دەستپێکی چاوپێکەوتنەکەدا هێشوو سلێمان باسی بەسەربردنی ڕۆژەکانی لە تاقیگەدا لەگەڵ ئاژەڵەکان کرد و وتی: "کارکردنم لەگەڵ ئەم ئاژەڵانە هەستێکی زۆر خۆشم پێدەبەخشێت، یەکەم شت کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەم دڵنیایی کردنەوەیە لە خواردن و ئاوەکەیان چونکە ئەوانیش وەک من ڕۆحیان هەیە و حەزناکەم تینوو برسی ببن و خواردنێکی تایبەتیان بۆ ئامادە دەکەم کە پێکهاتەی بەسوودی بۆ ئەوان تیادایە، فەرشەکەیان چێک دەکەمەوە و هەفتەی دوو جار بۆیان پاک دەکەمەوە کە بەهۆی میز و پیساییەوە پیس دەبێت پاشان دەست بە تاقیکردنەوەکانم دەکەم."

 

ئاماژەی بەوەکرد، ئاژەڵەکان لەو تاقیگەیەدا دابەش کراون بۆ سێ گروپ: یەکەم گەورەکانن بۆ زاوزێکردن بەکاردێن، دووەم دایکەکانن کە شیر دەدەن جیاکراونەتەوە تا بەچکەکانیان دەبن بە دوو هەفتە، و سێیەم گروپ بەچکەکانن کە هەراش دەبن و دەگەنە تەمەنی ٦-٨ هەفتەیی کە بۆ تاقیکردنەوە بەکاردەهێندرێن.

 

ئاژەڵەکان  پێویستیان بە چاودێریکردنی بەردەوام هەیە و پلەی گەرمای ٢٥ پلەی سیلیزی بۆ ئەوان گونجاوە و دەتوانن تیایدا بژین، توانای بەرگەگرتنیان لە سەرمادا زیاترە بەڵام بەرگەی پلەی گەرمای بەرز ناگرن و دەخنکێن.

 

دەربارەی بەکارهێنانی ئاژەڵ بۆ تاقیکردنەوە، هێشوو سلێمان وتی: "کەسانێک کە لەم بوارەدا پسپۆڕ نین زۆر پرسیارمان لێدەکەن دەربارەی بەکارهێنانی ئاژەڵ بۆ تاقیکردنەوە، دەمەوێت بڵێم کە بۆ بەرهەمهێنانی هەر دەرمانێک لە جیهاندا کە بۆ چارەسەری پزیشکی بەکاربهێندرێت و زیانی بۆ مرۆڤ نەبێت سەرجەمیان لەسەر مشک و جرجی تاقیگەیی تاقیدەکرێنەوە چونکە فیسیۆلۆجی لەشیان ٪٩٠ لە مرۆڤەوە نزیکە ئەگەر وانەبێت ناتوانرێت دەرمانی نەخۆشییەکان بدۆزرێتەوە کە بۆ لەشی مرۆڤ بێزیان بن."

 

" بواری زانستی ئەو بوارە ڕاستەقینەیەیە کە دەبێت گرنگی پێبدرێت "

هێشوو سلێمان ئاماژەی بەوەکرد کە لە جیهاندا ڕێژەی توێژەرانی ژن کەمترە لە پیاوان و هۆکارەکەی بۆ پەروەردەی نا دروست گەڕاندەوە و وتی: "ژنان بەشێوەیەکی وا پەروەردەکراون کە هەست بە بێ توانای بکەن و لەو ئاستەیا نەبن ئەو شتەی دەیانەوێت ئەنجامیبدەن بەڵام دەبێت ئەو ڕێچکەیە بشکێنین و ئەو توانایە لە خۆماندا بدۆزینەوە و لە هەوڵدان بەردەوامبین و بتوانین شوێن دەستمان دیاربێت، چونکە زانست ئەو بوارە ڕاستەقینەیەیە کە پێویستە گرنگی پێبدرێت و ژنان تیایدا نابێت هەست بە جیاوازی بکەن."

 

لە درێژەی ڕونکردنەوەکانیدا وتی" "کە کۆمەڵگە بە گشتی بە جۆرێک پەروەردەکراوە کە ئارەزووی بابەتی زانستی ناکەن و شوێن بابەتە چێژبەخشەکان کەوتوون کە ڤیدیۆیەکی زانستی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە سەیرکردنی زۆر کەمە."

 

" ئاستەنگی بەردەم توێژەران، توێژینەوەی زانستی بەرەو لاوازی بردووە"

دەربارەی ساردبونەوەی توێژەرانی زانستی پزیشک هێشوو باسی لەو ئاستەنگیانە کرد کە دێتە ڕێگەی توێژەران و وتی: "هیچ کەسێک هاوکاریان ناکات، بە مامۆستاکانی هاوڕێم دەڵێم وەرن توێژینەوەی زانستی ئەنجامبدەن، بەڵام توێژینەوە کردارییەکان بە لایەنی کەمەوە ٥٠٠٠ دۆلاری دەوێت و ئەوانیش بەو موچە کەمەوە کە چەند مانگ جارێک وەری دەگرن ناتوانن توێژینەوە ئەنجام بدەن و زۆرینەیان لە بوارەکە دەکشێنە دواوە."

 

وەک توێژەرێکی ژن باسی لەوەشکرد کە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی توێژینەوەکانیان داوای هاوکاری لە کەسانی دیکە لە دەرەوەی وڵات دەکەن، کە بەشێک لە تاقیکردنەوەکانیان دەنێرن بۆ توێژەران لە وڵاتانی دیکە لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەی کە ناتوانن پێیان بدەن ناویان دەخەنە ناو توێژینەوەکەیانەوە.

 

وەک بەشێک لە ئەزموونی ئەو توێژەرە ژنە لە کاتی خوێندنی لە وڵاتی مالیزیا ئاماژەی بەو جیاوازیانە کرد کە لە هەلومەرجی پێویست بۆ توێژەرانی زانستی هەیە، کە لە وڵاتانی دەرەوە یاسا و ڕینماییەکان پەیڕەو دەکرێن و مامۆستایانی زانکۆ هەل مەرج و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنرێت کە توێژینەوەکان ئەنجامبدەن و سەرجەمی پێداویستییەکان لە ئامێری تاقیگەیی، و بودجە و کارمەندانی پسپۆڕیان بۆ دابینکراوە.

 

" توێژەران هاوکاری ناکرێن کە توێژینەوەکانیان بخەنە خزمەتی کۆمەڵگەوە "

پزیشک هێشوو سلێمان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گرنگە توێژینەوەی زانستی بخرێتە بواری جێبەجێکردن و بۆ خزمەتی کۆمەڵگە بەکاربهێندرێت و وتی: "ئێمە ئەنجامی توێژینەوەکانمان ڕادەگەینین بۆ نمونە کە جۆرێک لە گەڵا دەدۆزمەوە کە بۆ نەخۆشی شەکرە سودی هەیە، بەڵام  دواتر ئەرکی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و کۆمپانیاکانە کە بودجەیەکی باشیان هەیە بە پێی هەنگاوە زانستییەکان بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگینا توێژینەوەکان تەنها لەسەر ڕەفەکان دەمێننەوە و خۆڵی لەسەر دەنیشێت مەگەر خەڵک خۆی بتوانێت سودی لێببینێت".