"دەستوەردانی حزبی ئاستی زانکۆکانی دابەزاندووە"

زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، هێشتا لەو ئاستەدا نین گڕوتین بدەنە خوێندکار و حەزی فێربوونی زانست دروستبکەن، چونکە کەلێنی زۆریان تێدایە و پڕن لە کەموکورتی، هۆکاری سەرەکی کەموکورتییەکانیش دەستێوەردانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانە بۆ سیستمی خوێندن و حەڕەمی زانکۆ.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵی ١٧٨٤ بناغەی شاری سلێمانی دانرا، دوابەدوای بناغەی شار، بناغەی مزگەوتی گەورە و کتێبخانەی میرنشین دامەزرا، بەهۆی ئەوەی شاری سلێمانی لە مێژووەوە گرنگی بە خوێندن و پێشکەوتنی ڕۆشنبیری داوە، لە ساڵی ١٩٦٨ بەپێی یاسای ژمارە ١٤٣ی خوێندنی باڵا لە شاری سلێمانی بەردی بناغەی زانکۆ دانرا و دواتر لە ساڵی ١٩٨١ بەناوی زانکۆی سەڵاحەدینەوە گوازرایەوە بۆ شاری هەولێر، پاشان لە ساڵی ١٩٩٢دا زانکۆی سلێمانی ئێستا دامەزرا.

 

زانکۆکانی کوردستان لە مێژووی خۆیاندا چەندین نەوەیان پێگەیاند، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا هەمیشە جێگەی ترس بووە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە بەرەبەرە ئاستی زانکۆکان دابەزێندران و ئەو هێز و ئیرادەیەی زانکۆ هەیبوو شکێنرا، ئاستی زانست تێیدا دابەزی و خوێندکار لە خوێندن دوورخرایەوە، تا ئێستاش لەگەڵ کەموکورتییەکاندا زانکۆکان بەردەوام و هۆکاری پشت لاوازی زانکۆکانیش دەستتێوەردانی حزبەکانی دەسەڵاتە لە حەرەمی زانکۆکاندا.


 

"ئاستی زانکۆ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو دابەزیوە"

ژینۆ خالید، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە بواری پیسبوونی ژینگە لە کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکان، دەربارەی کەموکورتییەکانی زانکۆ و ئاستی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان، ئاژامەی بەوەدا ئاستی زانکۆ ئەگەر لە ڕووی دیکۆر و ڕووکەشەوە سەیر بکرێت کامپێکی نوێ و جوان هەیە، بەڵام ئەمە بۆ بەشی کشتوکاڵیش نییە و لێی بێبەش بووە، لە کاتێکدا کشتوکاڵ ژێرخانی ئابووری هەموو وڵاتێکە بەڵام لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە کامپی زانکۆ مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت.

 

"لە ڕووی سیستمی خوێندنیشەوە کەلە ئێستادا سیستمی بۆڵۆنیایە، سیستمێکی نوێیە، بەڵام ئەوەی کێشەیە خواستی خوێندکار بۆ خوێندن نییە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە ١٥ ساڵ پێش ئێستا ئەو خولیا و حەزەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەبوو بۆ خوێندن لە ئێستادا نەماوە و تواوەتەوە، چونکە هەرچەندە شێوازی پرسیاردانان ئاسانتر دەکرێت بۆ خوێندکار بەڵام هێشتا خوێندکار دەرناچێت."

 

"یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی زانکۆکان و خوێندن، نەبوونی هەلی کار و دامەزراندنە"

ژینۆ خالید باسی لەوەکرد خوێندکاری ئێستا وزەی نەماوە بۆ خوێندن هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی دامەزراندن، "کاتێک بە خوێندکارێکم دەڵێم بۆ ناخوێنی و پەرە بە زانستەکەت نادەی پێم دەڵێن خۆ دانامەزرێین و هەلی کار نییە بۆ بخوێنین" وتیشی کۆی گشتی ئەو پڕۆسانەی لە زانکۆکاندا دەخوێندرێن بۆ دروستکردنی تاکێک نییە کە بتوانێت دوای دەرچوونی کاری پێبکات.

 

ئاماژەی بەوەشدا کاتێک مامۆستا دنیایەک کەموکورتی هەیە و موچەی پێنادرێت و بایکۆتی دەوام دەکات چۆن بتوانێت ئاستی خوێندکار بەرز بکاتەوە، یاخود مامۆستایەک لەسەر گیرفانی خۆی پێداویستی بۆ خوێندکار دابینبکات چۆن توانای هەیە گرنگی زیاتر بدات بە بەرەوپێشچوونی زانست و ئاستی زانکۆ کە هیچ پێداویستییەک لەبەردەستیدا نییە بۆ زیاتر لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی، هۆکاری گشت ئەم کێشانەشی گەڕاندەوە بۆ خراپی ئابووری هەرێمی کوردستان.

 

"کاتێک حیزب دوردەخرێتەوە شکۆ بۆ زانکۆ دەگەڕێتەوە."

ئەو مامۆستایە ڕوونیکردەوە زانکۆیەک بەو هەموو کەموکورتییەوە بەردەوام بێت بوونی نەبێت باشترە، "چونکە خوێندن و زانستێک پێدەگەیەنێت کە شەلەلە و تاکێکی نیوە پێدەگەیەنێت"، ئەوەشی خستەڕوو کە هێزی فێربوون لە کوشتندایە و ناکرێت زانکۆ بەم شێوەیە بێت، داوا دەکات دەستی حیزب لەناو زانکۆکاندا دابماڵدرێت، حیزب نەبێتە بەشێک لە بەڕێوەبردنی سیستمی زانکۆکان، دەشڵیت: "چونکە کاتێک حیزب دوردەخرێتەوە شکۆ بۆ زانکۆ دەگەڕێتەوە."

 

ئەو مامۆستایە گرنگی زانکۆ دەخاتە ڕوو لە مێژوودا کە هەموو شۆڕشێک لە زانکۆوە دەستی پێکردووە و کۆمەڵگا لە چاوی مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ بووە، وتیشی: "لە ئێستادا خوێنکاری زانکۆ هێندەی بۆی گرنگە خۆی دەربخات ئەوەندە بۆی گرنگ نییە زانست کۆبکاتەوە"، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و سیستمی پەروەردە لە بنەڕەتەوە.

 

 

 

"ئاستی خوێندن چەنێک خراپ بێت نابێ کۆڵی لێبدەین"

ڕاز سەعید، سەرۆک بەشی تەلارسازی لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی، باسی لەوەکرد لەماوەی مێژووی زانکۆدا هەوڵدراوە ئاستی زانستی خوێدنکار و مامۆستا درێژ بکرێتەوە، هەبوونی چەندین کێشەوگرفت نەبووەتە هۆی دابەزاندنی ئاستی زانستی زانکۆ، دەڵێت "ئەگەر نزمیەک لە ئاستی زانکۆ و خوێندندا هەبێت پێویستە پاڵپشتی بکەین و کۆڵ نەدەین و هەوڵ بدەین دۆخەکان باشتر بکەین نەک بڵێین ئاستی زانکۆ دابەزیووە"، ئاماژەی بەوەشدا ١٥ ساڵ بەر لە ئێستا مامۆستای کەم هەبوون بۆ خزمەتی زانکۆ و خوێندکار و زانست بەڵام لە ئێستادا مامۆستای باش و بە ئەزموون هەن بۆ بەرەوپێشبردنی زانکۆ.

 

"چارەسەری سەرەکی تێگەیشتنە لە ویستی خوێندکار و شێوازی پێدانی زانست"

ئەو مامۆستایە ڕوونیکردەوە نەوە بە نەوە گۆڕانکاری ڕوودەدات، بۆیە پێویستە لە ویستی نەوەی نوێ تێبگەین، بزانین بە چ شێوازێک زانست وەردەگرن، چونکە تێگەیشتنیان بۆ شتەکان جیاوازە و بە جیاواز بیردەکەنەوە لە ناوەکانی ساڵانای ڕابردوو، "پێویستە مامۆستاکان لەوە تێبگەن نەوەی ئێستا جیاوازە و بەراوردی نەکەن بە خۆیان، هەوڵبدەن ڕێگای نوێ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی زانستیان پێبگەیەنن، چونکە ئەوانیش خاوەن کۆمەڵێک کێشەوگرفتن، خۆیان لەگەڵیان هیلاک بکەن چونکە نەوەی نوێ پێگەیاندنی کەسانێکن لە دواڕۆژدا وڵات و کۆمەڵگا لەسەر دەستیان بەڕێوەدەچێت."

 

هەندێک کات بە دڵ نەبوونی بەشێک خوێندکار هان نادات بۆ کۆکردنەوەی زانست

ڕاز سەعید باسی لەوەکرد هەندێک لە خوێندکارانی زانکۆ کە گرنگی بە خوێندنەکەیان نادەن، هۆکارەکەی بە دڵ نەبوونی ئەو بەشەیە کە تیایدا وەرگیراوە، زۆرینەیان بە ویستی خۆیان لە بەشەکاندا وەرناگیرێن بۆیە ئینتیمای زانستییان نییە.

 

یەکێکی دیکە لە کێشەی خوێندکاران نەبوونی کارە لەو بوار و ئاستەی کە تێیدایە، خوێندکار بە جۆرێک دەخوێنێت کە بە پراکتیکی کاردەکات دەچێتە دۆخێکی دەروونی ناخۆشەوە، چونکە بەو شێوە لە شتەکان تێنەگەیشتووە و هەست دەکات خۆی تیادا نابینێتەوە، چونکە بازاڕی کارکردن ئەو شێوازەی قبوڵ نییە بەڵکو شێوازێکی تریان دەوێت، بۆیەش تا کێشەکانی زانکۆ چارەسەر نەکرێت، نەوە دوای نەوە لە خوێندن و زانست دوورتر دەکەونەوە.

 

ت.پ