ژنانی باشوور لە کۆنفرانسەکەی بەغداوە، داوای یەکڕیزی ژنان دەکەن
لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی دیکە دژی ژنان و نەتەوەی کورد، ژنانی باشووری کوردستان داوای یەکڕیزی و پاڵپشتیکردنی یەکدی دەکەن بۆ وەستاندندەوە بە ڕووی دوژمناندا.
تەوار پێنجوێنی
بەغدا- ٣٠ی تەمموز، لە هۆڵی ئوتێل بەغدا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ و گردبوونەوەی ژنانی مەدەنی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی ئێزدییەکان بەڕێوەچوو بەو ئامانجەی دۆخی عێراق و سوریا بەتایبەت بۆ ئێزدییەکان بخرێتە بەردەم دادگا و تاوانەکانی داعش بچەسپێنرێت و بکەرانی بە سزای خۆیان بگەن، هەروەها لەم کۆنفرانسەدا لایەنی ناوخۆی و هەرێمی نێودەوڵەتی داوایان کرد جینۆسایدی شەنگال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت و وەک چۆن لە پەرلەمانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و چەندین وڵاتی دیکە ناسێنراوە.
"بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە جینۆساید، یەکێتی نەتەوەیی و ژنان پێویستە"
شادی ئەبوبەکر، مامۆستای زانکۆ و چالاکوان، ئەوەی خستەڕوو کە ئامانجی کۆنفرانسەکە لە بنەڕەتدا بۆ خستنەڕووی هەموو ئەو هەموو کێشە و گرفتانەیە کە ژنانی شەنگال پیایدا تێپەڕیوون، هەوەرها هەوڵ بدرێت بۆ دووبارە نەکردنەوەی جینۆساید بەسەر ژنانی شەنگال، بۆ ئەمەش پێویستە یەکێتیەکی نەتەوەیی دروستببێت لە عێراقدا بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و بتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ڕووی جەستەی و فکرییەوە توانیویانە بەرخۆدان بکەن.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا، ژنان دەبێت هەمیشە ئاگاداربن کە لە هەر کات و شوێنێک بێت دەکرێت جینۆساید بکرێن، بۆیە بەستنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە پێویستە تا ئەو کۆمەڵکوژیانە بە ژنانی کورد و عێراق بناسێنرێت بتوانرێت ڕێگری لێبکەن و نەهێڵن دووبارە ببێتەوە.
"گەلی عێراق و کورد ئەگەر یەکگرتوو نەبن بە تایبەت ژنان ئەوا بەردەوام جینۆساید و کۆمەڵکوژیان بەسەردا دەکرێتەوە، بەڵام کۆدەنگی ژنان و نەتەوە جیاوازەکان هۆکارێکە بۆ ڕێگریکردن لەم کۆمەڵکوژیانە".
"ئەوەی لە شەنگال کرا بەرامبەر گەل و ژنان کارەساتێکی لەبیر نەکراوە"
نەرمین حسێن، مامۆستا و بەشداربوو لە شاری سلێمانییەوە، باسی لەوەکرد، وەک نوێنەری ژنانی کورد لە باشووری کوردستان بەشداربوون، بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی لەم شێوەیە و بەشداریکردنی ژنان تیایدا بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت "دوژمنان هەمیشە هەوڵیانداوە کورد لەناو بەرن بە تایبەت بۆ ژنان وەک ئەوەی لە شەنگال بەرامبەر بە ژنان کرا".
هەروەها وتیشی: "هەرچەندە لە مێژووی کورددا بەردەوام کۆمەڵکوژی و داگیرکاری هەبووە، بەڵام ئەوەی لە شەنگال کرا نەک تەنها داگیرکاری و هێرشێک بوو، بەڵکو کارەساتێک بوو دژی ئەو گەل و ژنانە ئەنجام درا"، ئاماژەی بەوەشکرد ئەم کۆمەڵکوژیانە بووە بە کلتورێک لەناو داگیرکاراندا دژی کورد کە ئەنجامی بدەن.
بە پێویستی دەزانێت ژنان ڕێگرییەکی سەرەکی بن لە دووبارە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنی کورد و ژنان، چونکە میلەتی کورد وەک هەر میلەتێکی دیکە مافی ژیانێکی ئازادی هەیە.