کۆچبەریی تایبەتمەندیی ژنانی سوەیدا دەدزێت و بارگرانییەکانی ژیان قورس‌تر دەکات

ئازاری کۆچبەران ەنها لە زیانە مادییەکاندا كۆتایی نایەت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەستکردن بە لەدەستدانی سەربەخۆیی و ئاسوودەیی و ئارامی لەلایەن ژنانەوە، ئەوکاتەی خۆیان بینییەوە ناچارن کاروباری خێزانەکەیان بەڕێوەببەن.

ڕۆشێل جۆنیور

 

سوەیدا ـ دەرچوون لە ماڵ بۆ ژنانی ئاوارە تەنها گواستنەوە نەبوو بۆ شوێنێکی تر، بەڵکو دەستپێکی گەشتێک بوو لە ئازاری ڕۆژانە کە وردەکارییەکانی ژیانیان گرتەوە، لە لەدەستدانی تایبەتمەندی و سەختی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، تاوەکو بارگرانییە ماڵییە زیادبووەکە و فشارە دەروونییەکان و نیگەرانی لە داهاتووی منداڵەکانیان لە نێوان لەدەستدانی خانوەکان و سەرچاوەکانی بژێوی، ژنان هەوڵی دووبارە بونیادنانەوەی ژیانیان دەدەن لە هەلومەرجێکدا کە هاوشێوەی ئەوە نییە پێشتر ڕاهاتبوون پێی، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و زیادبوونی پێداویستییەکان.

 

سەحەر یوسف باسی ئازاری ئەو ژنانە دەکات کە پەنایان بۆ ناوەندەکانی مانەوە برد دوای جێهێشتنی ماڵەکانیان، کە تێیدا لە رۆژانی سەرەتادا ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لە ژووری هاوبەشدا نیشتەجێبوون کە بێبەش بوون لە پێداویستییە بنەڕەتییەکان و تایبەتمەندی.

 

ڕوونیکردەوە، کە بوونی چەندین خێزان لە یەک ژووردا، خەوتن و گۆڕینی جلوبەرگ و شۆردنیان و ئامادەکردنی خۆراکی کردبووە کارێکی سەخت، بەتایبەت لەگەڵ دووریی توالێتەکان لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون و کەمیی کەلوپەلی پاکوخاوێنی و خاوێنکردنەوە.

 

ئاماژە بەوەشکرد، کە مەرجە سەختەکانی نیشتەجێبوون مەترسیی لەسەر پاکوخاوێنی و گواستنەوەی نەخۆشی و فایرۆسەکان دروستکردووە، سەرەڕای ئەو فشارە دەروونییانەی کە ڕەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی ژنان و پەیوەندییان لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەبووە، بەوپێیەی هەندێکیان توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە ڕۆژانەییەکان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا کەمتر بووەتەوە لە ئەنجامی ماندووبوونی دەروونی.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو ژنەی لە ماڵەکەی خۆیدا دەژیا و بە سەربەخۆیی کاروباری خێزانەکەی ئەنجامدەدا، لەپڕ خۆی لەبەردەم دۆخێکی جیاوازدا بینییەوە، کە تێیدا ناچارە وردترین بڕگەکانی ژیانی بەشدار بکات لەگەڵ کەسانی تردا، لەناو کەمیی ئەو ئامراز و پێداویستییانەی کە ڕۆژانە پشتی پێ دەبەستن.

 

"ماڵ و بژێویمان لەدەستدا و لە سفرەوە دەستمان پێکردەوە"

ڕەشا شوفی، ئاوارەیەک لە گوندی "ئوم حارەتێن" لە گوندەکانی باکووری سوەیدا، دەگێڕێتەوە کە خێزانەکان لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکەدا ناچاربوون ئاوارەببن، ژنان و منداڵان دەرچوون، لەکاتێکدا گەنجان تا قۆناغەکانی کۆتایی بەرگرییان دەکرد، هەروەها دانیشتووانەکە بە ئاسانی گوندەکانی خۆیان جێنەهێشتووە، بەڵام سەختیی ڕووبەڕووبوونەوەکان ئاوارەی کردن.

 

وتیشی: خێزانەکەی نەیاننوانیوە زۆربەی کەلوپەلەکانیان یان بەڵگەنامە فەرمییەکانیان ببەن لەگەڵ خۆیاندا، تەنها کەمێکیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، لەوانەش پەڕتوکەکانی کچەکەی کە خۆی بۆ تاقیکردنەوەکانی ئامادەیی گشتیی ساڵی ٢٠٢٥ ئامادە دەکرد.

 

دوای ئاوارەبوون، خێزانەکە خۆیان لەبەردەم ژیانێکی نوێدا بینییەوە کە تێیدا لە سفرەوە دەستیان پێکرد، دوای ئەوەی ماڵ و موڵک و سەرچاوەکانی بژێویی خۆیان لەدەستدا، ناچاربوون پشت بە هاوکاریی خزم و دۆستان ببەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە زیانە مادییەکان بەراورد ناکرێن بە لەدەستدانی گیانی مرۆڤەکان، بە بیرهێنانەوەی ئازاری ئەو خێزانانەی کە منداڵەکانیان لەدەستداوە، لەوانەش کوڕی براکەی کە لە ١٦ی تەمموزی ٢٠٢٥دا کوژرا، وتی: ئازاری دایکێک کە کوڕەکەی لەدەستدەدات و ئازاری منداڵێک کە باوکی لەدەستدەدات گەورەترە لە هەر زیانێکی مادی.

 

دووهێندەبوونی بەرپرسیارێتی ماڵ دوای ئاوارەبوون

ڕەشا شوفی ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەختییەکان تەنها لە زیانە ئابوورییەکان و بارگرانییەکانی ماڵەوەدا کورت نابنەوە، بەڵکو درێژدەببنەوە بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتی کاردا کە یارمەتی خێزانەکە بدات لە بەدەستهێنانەوەی توانای خۆبژێوی، هەوڵدەدات دەرفەتێکی کار بپۆزێتەوە کە بگونجێت لەگەڵ بڕوانامە و ئەزموونی لە بوار پەروەردەدا، بەڵام دۆزینەوەی کارێک کە لەگەڵ سروشتی زانیاری و پسپۆڕییەکەی بگونجێت بووەتە ئاستەنگ لە سایەی هەلومەرجی ئێستادا.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئازارەکە تەنها لە زیانە مادییەکاندا نەبووە، بەڵکو کاریگەرییە دەروونییە ئازاربەخشەکەی بەخشندەیی و ناچاربوونی خێزانەکە بۆ پشت بەستن بە کەسانی تر دوای خۆبژێوی گرتووەتەوە، سەرەڕای شکانی دەروونیان لەبەرامبەر هەندێک هاوکاریدا کە تۆنی بەزەیی یان ساردیی پێوەبوو لە ئەنجامی ماندوێتیی ئاوارەیی، بەڵام هاوکاریی خەڵکی سوەیدا و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو لەلایەن ئەوانەوە، تایبەتمەندی و سەقامگیرییە لەدەستچووەکەی بۆ خێزان گەڕاندەوە.

 

تەنانەت دابینکردنی سادەترین پێداویستییە کەسییەکان قورس بوون

نەوال نەسر، ئاوارەیەک لە نەجران، دەگێڕێتەوە کە ماڵەکەی جێهێشتووە بە جلەکانی بەریەوە، پێش ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیدا بیگوازێتەوە لە نێوان چەندین شوێنی نیشتەجێبووندا.

 

وتیشی: خێزانەکە لە ماڵی خوشکەکەی لە شەهبا نزیکەی ٢٩ ڕۆژ ماونەتەوە، لەگەڵ نزیکەی ٣٠ کەسدا، دواتر گوێزراونەتەوە بۆ قوتابخانەیەک کە نزیکەی سێ مانگ تێیدا ماونەتەوە، پێش ئەوەی دیسانەوە بگوێزرێتەوە بۆ ناوەندێکی مانەوە، هەلومەرجی نیشتەجێبوونی ئێستا تایبەتمەندیی پێویستی بۆ دابین ناکات، چونکە لە باڵەخانەیەکەدا دەژیت کە نزیکەی دە ژوور لەخۆدەگرێت، پەردەیەکی هەڵواسراو نێوان ئەو و کەسانی تر جیا دەکاتەوە کە ڕووبەرێکی ئارام بۆ ژیانی ڕۆژانە دابین ناکات.

 

هەلومەرجی ئاوارەیی دەبێتە هۆی گۆڕینی سەرەتاییترین پێداویستییە کەسییەکان بۆ سەرچاوەی نیگەرانی و شەرمەزاری، خێزانەکە بێبەش دەکات لە تایبەتمەندیی پێشووی خۆی، لەژێر فشاری ڕاستیدا، نەوال نەسر ناچاربوو ئامێری جلشۆردن بکڕێت لەو بڕە پارەیەی وەریگرتبوو بۆ شۆردنی جلوبەرگ، ئەوەی هەڵبژارد بەسەر خۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکاندا، بەتایبەت دوای برینداربوونی کوڕە گەنجەکەی لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکدا.