دایکانی منداڵانی ئۆتیزم لە باشووری لیبیا ڕووبەڕووی پشتگوێخستن دەبنەوە

لە نەبوونی پشتیوانی فەرمیدا، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە هیوا بەخشن و تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلەی ناوەندی تایبەتمەند و گشتگیر بۆ چاکسازی، دایکان لە باشووری لیبیا پیشەنگایەتی تێکۆشان بۆ منداڵە ئۆتیزمەکانیان دەکەن.

مونا تۆکا

 

لیبیا - سەرەڕای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان "٢٠٠٨" و ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ "١٩٩٠" لەلایەن لیبیا، کە منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم مافەکانیان بۆ خوێندن و چاکسازی و چاودێری تەندروستی مسۆگەر کردووە، ڕاستی لە باشووری لیبیا ڕەنگدانەوەی نەبوونی نزیکەی تەواوەتی سیاسەت و ناوەندە تایبەتمەندەکانە، لە ژێر ڕۆشنای ئەم نەبوونیەدا، دایکان قورسایی بارگرانییەکە لە ئەستۆ دەگرن، هەوڵدەدەن دەستپێشخەرییە بچووکە ناوخۆییەکان دابمەزرێنن کە هەستێکی هیوا بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، هەرچەندە سنوورداریش بێت.

 

لە شاری سەبها، چالاکی وەرزشی و کات بەسەربردن بۆ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم ڕێکدەخرێت، لەوانەش سواربوونی ئەسپ لە یانەی "ئەسپسوارەکانی قەرزابیە"، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی ژنانی فزان، سەرەڕای سروشتی هێمای ئەم دەستپێشخەرییە، تیشکی خستە سەر بابەتێکی فراوانتر: نەبوونی ڕۆڵی حکومەت و بوونی دایکان وەک بزوێنەری سەرەکی خەبات بۆ مافەکانی منداڵەکانیان.

 

منداڵانی ئۆتیزم... بەبێ ناوەندی چاکسازی

جەمیلە جەملی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئەنجومەنی ژنانی فزان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی دایکانی منداڵانی ئۆتیزم باسی لە ئەزمونی خۆی و ئەو ئاڵەنگاریانە کرد کە ڕووبەڕووی دایکان دەبنەوە لە باشووری لیبیا، وتی: ئێمە پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکەین کە خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم بکات، جا لەڕێگەی وەرزشەوە بێت یان چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، ئێمە تەنها دەزگایەکی هەماهەنگین لە نێوان پارکەکان و ناوەندەکانی ئەسپسواری و لایەنەکانی دیکە کە گرنگی بەم بەشە دەدەن، ڕاستی سەخت ئەوەیە کە هیچ بەرژەوەندییەکی ڕاستەقینە بۆ منداڵانی ئۆتیزم نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوەندە ئێستا هەیە زۆر بچووکە و بەس نییە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی منداڵان، کە تەنها ١٥٠-٢٠٠ منداڵ تێدەپەڕێنێت، بە بەراورد بەوانەی لە ناوچەکانی دیکەی باشووردا هەیە، ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەم ناوەندانە نزیکن لە نەبوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵان پێویستیان بە خول و پەروەردە و چارەسەرکردن هەیە، بەڵام دایکان پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتیش هەیە، من شاهیدی ململانێی کەسێکی نزیک بووم لەگەڵ منداڵەکەی، بەتایبەتی دوای ئەوەی تەمەنی بوو بو١٤ ساڵ ، چونکە ئاڵەنگاریەکان دوو هێندە دەبن کاتێک منداڵێک لە منداڵییەوە دەگاتە تەمەنی گەورەی، دایکان لەڕووی دەروونییەوە ئازار دەچێژن، چونکە دەبینن منداڵەکەیان توانای جوڵە و خواردن و پەیوەندیکردن نییە، ئەمەش دایکان دەخاتە ژێر فشارێکی بەرچاوی دەروونییەوە، هەروەها ئەو دامەزراوەیەی لەگەڵ خوشکەکەی دامەزراندووە ئامانجی پاڵپشتیکردنی دایکانە، پەروەردەکردنیان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانیان لە ماڵەوە، هەروەها ئامرازی پەروەردەی و خولی ۆەروەردەیییان بۆ دابین دەکات کە یارمەتی منداڵان دەدات بۆ قسەکردن و پەیوەندیکردن.

 

چالاکییەکانی کات بەسەربردن

جەختی لە گرنگی چالاکییە وەرزشییەکان کردەوەوتی: هەوڵدەدەین بۆ سازدانی بۆنە و ئاهەنگەکانی وەک ئەسپسواری، بازاڕ، و پارک بۆ منداڵان، بەو پێیەی یارمەتیان دەدەن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی جوڵە و پەیوەندی مەجازی و بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوون، هەروەها دایکان هەست بە سوودی دەروونی دەکەن، بە دەرچوون لە ماڵ و بەشداریکردن لەم چالاکییانەدا، هەروەها کەمکردنەوەی ئەو خەمۆکی و گۆشەگیرییەی کە چاودێری منداڵانی ڕۆژانە دەیسەپێنێت، ئەم دەستپێشخەرییانە دەرچەیەکی دەرچوون و دەرفەتێک بە دایکان دەدەن بۆ کۆمەڵایەتی بوون.

 

دایکان... سەرنجی ئازار و خەبات

جەمیلە جەملی ڕوونی دەکاتەوە، کە کارکردن لەگەڵ دایکانی منداڵی ئۆتیزم بە هەنگاوی وردە وردە دەست پێدەکات، وتی: ئێمە لە ئەنجومەن هەنگاوی وردە وردە دەنێین بۆ ئەوەی دایکان فێری چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانیان بکەین، لەوانە خولی دەستکاریکردنی ڕەفتار، خولی قسەکردن، و خولی تواناکانی ژیان، هەوڵدەدەین کۆبوونەوەی گفتوگۆ بۆ منداڵان و دایکانیان ڕێکبخەین بۆ ئەوەی بتوانن پرسیارە یاسایی و پەروەردەییەکانیان بکەن.

 

ئێمە کاردەکەین بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی بچووک و پشتیوان بۆیان، کەئامانج لێی ئەوەیە منداڵان لە گۆشەگیری دەربهێنرێت و دەرفەتیان بۆ دابین بکرێت بۆ پەیوەندیکردن و فێربوون و گەشەکردن بە شێوەیەکی تەندروست.

 

سەبارەت بە ڕاستی ئازاربەخشی باشوور، وتی: هەموو دایکێک بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە، منداڵان پێویستیان بە خولی بەردەوام و ناوەندی تایبەتمەند هەیە، بەڵام حکومەت لەم بوارەدا ئامادە نییە، هەروەها دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان تاکە چارەسەری کاتین، بەڵام بەس نین بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ئەم توێژە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دایکان وەک سەرنجی سەرەکی ئازارەکان دەمێننەوە، بەو پێیەی ئۆتیزم کاریگەرییەکی بەرچاوی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.

دەنگی دایکان... خۆ دەستپێشخەری وەک جێگرەوەیەک بۆ حکومەت

مەسعودە ساڵح باسی لە ئەزمونی خۆی کرد وەک دایکی منداڵێکی تووشبوو بە ئۆتیزم، وتی: ئێمە لەم ناوچەی باشوورە زۆر بەدەست نەبوونی ناوەندی چاکسازیی تایبەتمەند بۆ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دەناڵێنین، هەر لەو ساتەوەی منداڵێک دەستنیشان دەکرێت، دەبێت دەستیان بگات بە ژینگەیەکی چارەسەری گشتگیر کە پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان لەخۆبگرێت، وەک قسەکردن، گۆڕینی ڕەفتار و خولی پەروەردەی تواناکانی ژیان، هەروەها ئەم چاودێرییە نەک تەنها بۆ منداڵان، بەڵکو بۆ دایکانیش پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانن فێربن چۆن بە شێوەیەکی دروست کارلێک لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن لە ماڵەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە لە ناوچەکەماندا ناوەندێکی پەروەردەی تایبەتمەند نییە، ئەمەش ناچارمان دەکات بە مەودای دوور و درێژدا بگەڕێین، بۆ دۆزیۆەوەی چارەسەر و پەروەردەی گونجاو، بوونی ئەو جۆرە ناوەندانە نوێنەرایەتی تیشکێکی هیوا و ژیانێکی نوێ دەکات بۆ منداڵەکانمان، دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان پێدەبەخشێت بۆ تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە و خوێندن بە شێوەیەکی دروست.

 

ڕوونیشیکردەوە، سودێکی زۆرمان لەو خولانە وەرگرتووە کە وەرمانگرتووە، وەک خولی دەستکاریکردنی ڕەفتار و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم، هەروەها فێرکردنی بێژەکردنیان.

منداڵێکی تووشبوو بە ئۆتیزم زۆرجار سەرەتا قسە ناکات، بەڵام ئەم خولانە شێوازی کاریگەریان بۆ دابینکردووین بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە پاڵنانی ئەوان بۆ قسەکردن و پەیوەندیکردن، بۆ ئەوەی بتوانن لە کەسێکی ئاسایی نزیک بنەوە و کارلێکیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا ئاسای بێت.

 

چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی

یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان مافی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم بۆ چاودێری و چاکسازی دووپاتدەکەنەوە، وەک ڕێکەوتننامەی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان "٢٠٠٨": ئەمەش مافەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ خوێندن و چاکسازی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکات، هەروەها حکومەت پابەند دەکات بە پێشکەشکردنی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە پێویستەکان.

 

ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ "١٩٩٠": ئەمەش مافی هەموو منداڵێک بۆ ژیان و گەشەکردن و پەروەردە و پاراستن لە پشتگوێخستن و جیاکاری مسۆگەر دەکات.

 

نەبوونی ئەم مافانە لەسەر زەمینە، بەتایبەتی لە باشووری لیبیا، دەستپێشخەرییەکانی خۆبەخشی دەکاتە پێویستییەک نەک بژاردەیەک، دایکان دەخاتە پۆستی داکۆکیکاری سەرەتایی بۆ منداڵەکانیان.

 

ئازارەکانی دایکانی منداڵانی ئۆتیزم لە باشووری لیبیا وێنەیەکی زیندوو لە پەراوێزخستنی ئاڵۆزتر ڕەنگدەداتەوە: نەبوونی حکومەت، خزمەتگوزارییە لاوازەکان و بەرزبوونەوەی فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانە، سەرەڕای دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانی وەک چالاکییە وەرزشییەکان و بازاڕەکان، چارەسەری کۆتایی لە ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینەدایە کە مافی منداڵان و دایکان لە دڵی سیاسەتی گشتیدا دادەنێت، تا ئەو کاتەی ئەمە ڕوودەدات، دایکان وەک یەکەم هێڵی بەرگری دەمێننەوە، ئازارەکانیان دەگۆڕن بۆ دەستپێشخەری بچووک کە جیاوازی دروست دەکەن، دووپاتی دەکەنەوە، کە هەر هەنگاوێک، تەنانەت هەنگاوێکی سادەش، واتای گەورەی هەیە لە ژیانی منداڵەکانیاندا.