زیلان کەمانگەر دەستبەسەرکرا و بەرەو شوێنێکی نادیار گواسترایەوە
زیلان کەمانگەر، خەڵکی کامیاران دوای هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی دەستبەسەرکراو بەرەو شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
 
					ناوەندی هەواڵ
فشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر چالاکوانان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی لە زیادبوونە، لەم چوارچێوەیەدا، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران هەڵیانکوتایەسەر ماڵی زیلان کەمانگەر کە خەڵکی شاری کامیارانە.
لەکاتی هەڵکوتانەسەر ماڵیاندا، زیلان کەمانگەر لەلایەن هێزەکانی ئیتیڵاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا، بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی دادگا نیشان بدرێت.
باس لەوە دەکرێت، لەکاتی هەڵکوتانەسەر ماڵەکەدا، پشکنین کراوە و دەست بەسەر مۆبایلی ئەندامانی خێزانەکەدا گیراوە.
بەپێی زانیارییەکان، پاش دەستبەسەکردنی، زیلان کەمانگەر گواستراوەتەوە بۆ زیندانێک لە سنە.
زیلان کەمانگەر کچی زیندانیکراوی سیاسیی پێشوو، حوسەین کەمانگەرە، کە ساڵی ٢٠٢٢ زیندانی کرا و پاش سێ ساڵ لە زیندانی سنە ئازادکرا.
