سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی هەڵوەشایەوە

پارێزەری شەریفە محەمەدی ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی هەڵوەشایەوە و سزاکەی بۆ زیندانییکردن گۆڕا، دەشڵێت: هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دووبارە دادگایی کردنەوە سزای زیندانییکردنەکەی هەڵبووەشێتەوە و ئازاد بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری شەریفە محەمەدی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی بەمجۆرە زانیاری خستووەتەڕوو.

 

ئەمیر ڕەئیسییان ڕایگەیاند، لەلایەن سەرۆکی دەزگای باڵای دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشتی ئێران هەڵوەشایەوە، سزاکەی بۆ ٣٠ ساڵ زیندانییکردن گۆڕاوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دووبارە دادگایی کردنەوە و پەنابردن بۆ ماددەی ٤٧٧ سزای زیندانییکردنەکەی هەڵبووەشێتەوە و ئازاد بکرێت.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شەریفە محەمەدی خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ڕەشتی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شارەکە بە بێ فەرمانی دادوەر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا، دواتر بۆ زیندانی لاکانی ڕەشت گواسترایەوە، لە٥ـی تەممووزی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی “یاخیبوون” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ١٦ـی ئابی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بڕیارەکە بە تەواوی پەسەند کرا.