زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەس داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن

سێ هەزار و ٦٢٨ چالاکوانی مافی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، بنەماڵەی داواکاران و هتد، بە دەستپێکردنی هەڵمەتێک، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، زیندانی سیاسی زیندانی ئێڤین دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی و دەرچووی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، بە هۆی چالاکی خۆبەخشانە و مرۆیی لە نێو ئاوارەکانی شەڕی داعش، بە تۆمەتی "یاخیبوون" دەستبەسەرکراو سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئەم سزایە کە بەهۆی پەلەکردن لە دادگای باڵا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی پارێزەرەکانی بووەوە، نیگەرانییەکانی لەبارەی جێبەجێکردنی بە زووترین کات، زیاتر کردووە.

 

لە بەرامبەر ئەم سزایەدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و داواکاری لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، چالاکوانانی مافی ژنان، چالاکانوانی سیاسی، چالاکوانانی مەدەنی و هتد دەستیپێکرد، لەوبارەیەوە سێ هەزار و ٦٢٨ چالاکوان لە کەرتە جیاوازەکان هەڵمەتێکیان واژۆکرد و جەختیان لەسەر پێویستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی عەزیزی کردەوە و نووسیویانە "بەهۆی چالاکییە خۆبەخشی و مرۆییەکانی لەناو ئاوارەکانی شەڕی داعش، دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی "یاخیبوون"، سزای لەسێدارەدان بە سەریدا سەپێندراوە.

 

واژۆکارانی ئەم هەڵمەتە بە ئاماژەدان بە لێدوانی پارێزەرانی پەخشان عەزیزی سەبارەت بە "خێرا مامەڵەکردن" لەگەڵ دۆسیەکەی لە دادگای باڵا، مەترسی لەسێدارەدانیان بۆ پەخشان عەزیزی بە جددی زانی.

 

وتیشیان: ئێمە واژۆکارانی ئەم داواکارییە دەمانەوێت دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێتەوەو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی داوا لە هەموو لایەک دەکەین یەک دەنگ بین.

 

لە ٤ی ئابی ساڵی ٢٠٢٣، پەخشان عەزیزی لە تاران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، هەروەها لە ڕۆژی ١٤ی ئابی ٢٠٢٤، بە تۆمەتی "یاخیبوون" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، کە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی بەدوای خۆی هێناوە.