حاڵەتەکانی دیارنەمانی منداڵان لە پارێزگای داماری یەمەن زیادبووە
دیارنەمانی منداڵان و بەزۆر وەرگرتنیان لە سەربازگە لە پارێزگای دامار نیگەرانی خەڵکی وڵاتەکەی لێکەوتەوە، چونکە لە ماوەی ١٥ڕۆژی ڕابردوودا ٧ منداڵ بێسەروشوێن بوون.
ناوەندی هەواڵ
لە سەردەمێکدا کە پێویستی بەپەلە بۆ پاراستنی منداڵان و گەنجان دەستەبەرکردنی مافەکانیان زیاتر دەبێت، حوسییەکان بە دامەزراندنی زۆرەملێ منداڵان دەقۆزنەوە.
پارێزگاری دامار لە یەمەن شایەتی زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنبوونی منداڵانی بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ٧ حاڵەتی نوێ تۆمارکراون، بەپێی ئەوەی سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە، تەمەنی بێسەروشوێنەکان لەنێوان ١٢ بۆ ١٨ ساڵدا بووە لە نێوان گەڕەکە جیاوازەکانی پارێزگای دامار و شارۆچکەکانی دیکەی ناویدا دابەشکرابوون، وەک جەبەل شەرق، ئەنس، ئەلمەنار، جەهران، و مەغریب ئەنس.
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ئاماژەی بەوەکردووە، ١٠ ملیۆن منداڵی یەمەن پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان و خزمەتگوزاری پاراستنیان هەیە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی ململانێکان لە وڵاتەکەدا و منداڵانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان بەدەست چەندین قەیرانی وەک ئاوارەبوون، نەبوونی خوێندن و بەدخۆراکی دەناڵێنن.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، شارۆچکەی ئەلعەتمە شایەتحاڵی بێسەروشوێنبوونی ٤٣ منداڵ بوو کە تەمەنیان لەنێوان ١٣-١٦ ساڵدا بوو، دوای ئەوەی ئەوان هاندرابوون بۆ بەشداریکردن لە ناوەندەکانی هاوینە کە لەلایەن گروپی حوسییەکانەوە ڕێکخرابوو، سەرچاوە ناوخۆییەکانیش ڕایانگەیاندبوو کە حوسییەکان ئەو منداڵانەیان گواستووەتەوە بۆ کامپەکانی مەشق و ڕاهێنان لە ناوچە دوورەدەستەکانی دەرەوەی شارۆچەکە.
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤی یەمەن ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنبوونی منداڵان لە پارێزگای دامار گەیشتووەتە ٣٥ حاڵەت و زۆربەیان بە زۆر لەلایەن حوسییەکانەوە وەرگیراون و براونەتە بەرەکانی شەڕەوە.