دوا نەخۆشخانە لە باکووری کەرتی غەززە بێ خزمەتگوزاری ماوەتەوە
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئیسرائیل لە نزیک نەخۆشخانەی کەمال عەدوان بووە هۆی ئەوەی کە نەخۆشخانەکە بی خزمەتگوزاری بمێنێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
هێزەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان کردووە لە باکووری کەرتی غەززە، کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی هەزاران کەس، هەروەها بووەتە هۆی نەمانی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکان، دوایەمینییان نەخۆشخانەی کەمال عەدوان بوو.
لە ٢٨ی کانوونی یەکەم، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینی لە نزیک نەخۆشخانەی کەمال عەدوان دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکە بێ خزمەتگوزاری بمێنێتەوە، کە بە دوایین دامەزراوەی تەندروستی گەورە دادەنرێت لە باکووری کەرتی غەززە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشێک لە بەشە سەرەکییەکانی ناو نەخۆشخانەکە سووتاون و وێرانبوون بەهۆی توندی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لە نزیک نەخۆشخانەکە، کە لە ئەنجامدا ٥ ئەندامی ستافی پزیشکی نەخۆشخانەکە گیانیان لەدەستداوە.
هێزەکانی ئیسرائیل ستافی پزیشکی و نەخۆش و هاوەڵەکانیان ناچارکرد نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵن و بردیانە دەرەوەی نەخۆشخانەکە بۆ شوێنێکی نادیار، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین هێزەکانی ئیسرائیلی بە تەواوی بەرپرسیار بینی لە ژیانی نەخۆشەکان و بریندارەکان و ستافی پزیشکی.