ژنێکی کورد لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کوژرا
ئەمڕۆ ژنێکی کورد بە ناوی لەیلا عەلیڕەمایی تەمەن ٣٥ ساڵ و دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی بێسارانی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران لەو شارە کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەبارەی کوشتنی ژنێک لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ژنێکی کورد بە ناوی لەیلا عەلیڕەمایی تەمەن ٣٥ ساڵ و دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی بێسارانی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران لەو شارە کوژرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بکوژەكە ناوی کەیوان باسەمیە ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانە، ڕووداوەکە لە شارۆچکەی هیجرەت، ناسراو بە جووجەسازی لە دەورووبەری مەریوان ڕوویداوە.
باس لەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەکان پاڵەپەستۆیان خستووەتەسەر بنەماڵەی عەلیڕەمایی بۆ ئەوەی خۆیان لە وتووێژ لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان بەدوور بگرن، بەڵام لە ئەنجامدا توندوتیژی لێکەوتووەتەوە.
زەهرا ئیفتخارزادە بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پاراستنی ژنانی ئاتنا ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦۳ ژن لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون.