لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە یەک مانگدا ١٩ ژن و دوو منداڵ کوژران
لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شایەتی ڕووداوە دڵتەزێنەکان بوو، لەوانە کوشتنی ١٩ ژن و دوو منداڵ، ١٣ ژنیش بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوەو ٨ ژنیش لەسێدارەدراون.
ناوەندی هەواڵ
دۆزینەوەی تەرمی شەهلا کەریمیان، ژنێکی خەڵکی شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلی توڕەی و شەرمەزارکردنی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە بە بیانووی "شەرەف" لەلایەن هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەیەوە کوژراوە، پاشان تەرمەکەی لە شوێنێکی دووردا شاردرایەوە تاوەکو دوای دوو هەفتە بە ڕێکەوت دۆزرایەوە.
لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، تەرمی ژنێکی گەنج لە کوێستانەکانی مەشهەد دۆزرایەوە کە پێدەچێت باوکی بە بیانوی "شەرەف"ەوە کوشتبێتی.
ئەم دوو تاوانە پرسی توندوتیژی دژی ژنان و تاوانەکانی "شەرەف"یان هێنایەوە پێشەوە، کە زۆر کەس وەک دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بەردەوامبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری چەسپاو و نەبوونی یاسای کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان لەم جۆرە دەستدرێژییە دەزانن.
شەهلا کەریمیان وەک هەزاران ژنی تر لە ژێر قورسایی ئەم سیستەمە پیاوسالارییەدا لە بێدەنگیدا نێژراوە، بەبێ ئەوەی دەرفەتی دادپەروەری و چاکسازی پی بدرێت.
ئاژانسەکەمان مانگانە لەسەر ئاماری کوشتن و گیان لەدەستانی گوماناوی ژنان کۆدەکاتەوەو بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرت، لە ماوەی ئەم مانگەدا ١٩ ژن و دوو منداڵ کوژراون، ١٣ ژنیش بە گوماناوی گیانیان لەدەست داوە، وە سزای لەسێدارەدان لەسەر هەشت ژن ئەنجامدراوە کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتن و پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزا دراون.
ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوول، تەرمی ئەندامانی هەمان بنەماڵە، لە نێویاندا باوکێکی تەمەن ٨٦ ساڵ و دوو کچەکەی کە تەمەنیان ٤٢ و ٤٥ ساڵە دۆزرایەوە، کە لە نزیک دەریاچەی ئاهانک لە فیروزکۆ، ئەوان بەهۆی ناکۆکی داراییەوە لەلایەن کوڕێکی بنەماڵەکەوە کوژرابوون، هەروەها زەهرا مەلاییان دانیشتووی شاری ئیلام و نەرگس ئەنوەری بە گوماناوی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
ڕۆژی ٢٤ی ئەیلوول، مهناز دەهقانی، ژنێک کە پێشتر بە تاوانی کوشتن سزا درابوو، لە زیندانی عادل ئاباد لە شیراز لە سێدارە درا.
ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوول، سێ ئەندامی بنەماڵەیەک کوژران، لە نێویاندا، ژنێک بە ناوی نادیە زەکی، خەڵکی ئیلام لەلایەن کوڕەزای هاوژینەکەیەوە کوژران، کە گوایە لەسەر ناکۆکی دارایی بووە، هەر لەو ڕۆژەدا، هانا وەیسی، خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری ڕەوانسەر، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی دواتر، کەوسەر دەروێشی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی کرماشان، بەهۆی ئەوەی بنەماڵەکەی توانای دابینکردنی تێچووی خوێندنیان نەبوو، بەگوماناوی گیانی لەدەست دا.
لە ٢٩ی ئەیلوولدا، جیران زاهیری، ژنێک کە پێشتر بە تاوانی کوشتن سزا درابوو، دوای تێپەڕاندنی نۆ ساڵ لە زیندانی ئەسفەهان لە سێدارە درا، هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی گەنج، تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن گەنجێکەوە کوژرا، کە گوایە پێشنیاری هاوسەرگیرییەکەی ڕەتکردووەتەوە، ڕۆژی دواتر مەستی مەحەزەری بە گوماناوی گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم، تەرمی سووتاوی ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵان لە کوێستانەکانی دەوروبەری ئیسلام شەهر دۆزرایەوە، تا ئێستا پاڵنەری کوشتنی و ناسنامەی بکوژەکە نادیارە.
هەر لەو ڕۆژەدا، ڕویا عەباس زادە، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ کە پێشتر بە تاوانی کوشتن سزا درابوو، لە زیندانی زەنجان لە سێدارە درا، هەروەها ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ، خەڵکی ئەردەکان لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژراوە، گوایە بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە بووە.
ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم ژنێکی بەتەمن، خەڵکی شاری قودس لەلایەن کەسێکی ناسیاوەوە بە مەبەستی دزینی زەڕەنگەرییەکەی کوژرا، هەر لەو ڕۆژەدا، تەرمی شەهلا کەریمانی تەمەن ٣٨ ساڵ دۆزرایەوە، پێشتر بە بیانووی "شەرەف" لەلایەن هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەیەوە کوژرابوو.
هەروەها ڕاحیلە سیاوشی، تەمەن ٢٦ ساڵ، ڕاهێنەری ووشو، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، کە بە بیانووی ئەوەی دژی بەردەوامبوونی چالاکییە وەرزشییەکانیەتی، لەگەڵ بەشداریکردنی لە کەمپی مەشقکردندا.
ڕۆژی ٣ی تشرینی یەکەم، بە پێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئێران، ژنێکی نەناسراو کە پێشتر بە تاوانی کوشتن سزا درابوو، لە زیندانی قەزڵ حەساری شاری کەرەج لە سێدارە درا.
ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەم، فەریدە ڕەسووڵی، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵانی خەڵکی بانە، بە هۆی ناکۆکی بنەماڵەییەوە بە گوماناوی گیانی لەدەسدا، هەر لەو ڕۆژەدا، ژنێکی خەڵکی شاری مەرودشت سەر بە پارێزگای فارس، دوای ئەوەی کە دوو گەنج بە ئەنقەست بە ئۆتۆمبێلێکەیانەوە لێیاندا، بەبیانووی کێشەی تایبەتیەوە.
لە ٧ی تشرینی یەکەمدا، ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی شاری مەشهەد لەلایەن باوکیەوە بە بیانووی "شەرەف"ەوە کوژرا، جەستەی لە کوێستانەکانی دەوروبەری مەشهەد بڕاوە و سووتێنراوە، ڕۆژی دواتر، زەهرا قائمی، کارمەندی کۆلێژی زانستەکانی بنەماڵە لە زانکۆی تاران، بەهۆی ناکۆکی داراییەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.
ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەم، سارینا خەزلی دانیشتووی شاری ئەسەدئابادی سەر بە پارێزگای هەمەدان، بە گوگوماناوی گیانی لەدەست دا، هەر لەو ڕۆژەدا تەرمی سەمیە تەباری، پزیشکی بێهۆشکەر لە بارودۆخێکی گوماناویدا بە مردووی دۆزرایەوە.
جگە لەوەش سەجەدە سەندەکزاهی، دایکی دوو منداڵ، تەمەن ٢٠ ساڵە، خەڵکی گوندی "قاسمئاباد" لە شاری خاش، بە گوماناوی لەلایەن خەزوورییەوە کوژراوە.
لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا، ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ بەهۆی کێشەی داراییەوە لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژرا، هەر لەو ڕۆژەدا زەینەب خودابەندە کە پێشتر بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزا درابوو، لە ئەسفەهان لە سێدارە درا.
ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەم، حەدیس عەلی کەرمی دانیشتووی شاری ئیلام بە گوماناوی گیانی لەدەست دا، هەر لەو ڕۆژەدا ناهید هەماتی کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزا درابوو، لە سێدارە درا.
ڕۆژی دواتر، کافیە قوبادزادە، تەمەن ٣٠ ساڵ کە بە تاوانی کوشتن سزا درابوو، لە ئەسفەهان لە سێدارە درا، هەر لەو ڕۆژەدا، موژگان محەممەد نەژاد، خوێندکاری پزیشکی لە زانکۆی ئازاد لە یەزد، بەهۆی فشاری دەروونی توندی بەشێک لە پرۆفیسۆرەکانەوە بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم، تەرمی ژنێکی تەمەن ٦٧ ساڵی خەڵکی تاران دۆزرایەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێرشبەرێکی نەناسراوەوە کوژرابوو کە زێڕینگەرییەکانی دزیبوو، هەر لەو ڕۆژەدا، ڕیحانە دەرزادە تەمەن ٢٣ ساڵ، خەڵکی نیکشار بە هۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری دووەمی هاوژینەکەی کوژرا، هەروەها ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی شاری مەشهەد بە هۆی داوای جیابوونەوە لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، هەروەها سەمیرە موعینفەر، خەڵکی شاری مهاباد بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.
لە ٢٠ی تشرینی یەکەم ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵانی خەڵکی گوندێکی پاکدەشت بە هۆی ناکۆکی بنەماڵەییەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، هەر لەو ڕۆژەدا سارینا ڕستەمی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی سەرپۆل زەهاب بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیرییەوە لەلایەن باوکیەوە کوژرا.
لە ٢٢ی تشرینی یەکەم، سەعیدە خەدادادی، تەمەنی ٤٠ ساڵان بە تاوانی کوشتن لە ئەسفەهان لە سێدارە درا، هەر لەو ڕۆژەدا یاسمین شیرانی، پزیشک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، لە گوندی شیخلەر سەر بە شاری بوکان تەرمی منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە شێوەیەکی ترسناک کوژراوە دۆزرایەوە، هەروەها دوو دایک و باوکیش لەلایەن کوڕەکەیانەوە کوژراون.
شایانی باسە کە ژمارەیەکی زۆر لە کوشتنەکان بە هۆی بەرتەسککردنەوەی سیاسی و کولتووری لە سەر ئازادیی زانیاری لە ناو کۆمەڵگەدا بەبێ ڕاپۆرت دەمێننەوە، لە ئەنجامدا، ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان تەنها ڕەنگدانەوەی ئەو کەیسانەن کە لە میدیاکاندا باسکراون، ئەمەش وایکردووە گەیشتن بە ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر قورس بێت.