ژنێکی ٩٦ ساڵ بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان سزا درا
بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆماری تورکیا، ژنێکی نەخۆشی تەمەن ٩٦ ساڵ بڕیاری قەدەغەکردنی گەشت و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی دوور لە کەسوکاری بەسەردا سەپێنرا.

ناوەندی هەواڵ
لەناوچەی سوێرەگ-ی سەر بە رحا لە باکوری کوردستان، ژنێکی تەمەن ٩٦ ساڵ بە ناوی "عالییە یابانسوی" بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان سزا درا.
سەرەڕای ئەوەی ئەو ژنە ڕاپۆرتی تەندروستی هەیە و ناتوانێت سزا وەربگرێت بەهۆی نەخۆشی مێشکییەوە، بەڵام کەیسێکی لەسەر کرایەوە و بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان بڕیاری سزادانی بۆ دەرچووە.
هۆکاری ئەو تۆمەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ٩-١-٢٠١٩، کاتێک دیمەنێکی ئەو تۆمارکراوە و بێ ئەوەی خۆی ئاگاداربێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، لەسەر ئەم بابەتەش کەسێک بەناوی (م.ی) سەردانی داواکاری گشتی ڕحای کردووە و سکاڵای لەسەر ئەو ژنە تۆمارکردووە.
داواکاری گشتی ڕحاش بەتۆمەتی "سوکایەتیکردن بە شکۆ و ڕێزی سەرۆک کۆمار" کەیسێکی لە دژی ئەو ژنە کردەوە و بەهۆی نەخۆشییەکەشیەوە بڕیاری قەدەغەی گەشتکردنی بەسەردا سەپێنرا.
لە بەرواری ١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ یەکەمین دانیشتنی دادگا لە سوێرگە بەڕێوەچوو، تیایدا جەلیل تانش، پارێزەری عالییە یابانسوی باسی لەوەکرد ئەو دیمەنەی تۆمارکراوە دیارنییە عالییە قسەی بە کێ وتووە.
بە هۆی ئەو بارودۆخەی ئەو ژنە تەمەن ٩٦ ساڵە تیایدایە، دادگا بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی گەشتی دوور، تەنانەت بۆ چارەسەری پزیشکیش، داواکار پۆلیسی ئەو شارەی ڕاسپاردووە تا دۆخی باشتر دەبێت پاشان بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری قەیسەری.
جەلیل تانش پارێزەری یابانسو هەرچەندە تانەی لە بڕیارەکە داوە و ڕایگەیاندووە، یابانسو ناتوانێت بەتەنها خۆی پیویستیەکانی دابینبکات و ئەو شارەی بۆی گوازراوەتەوە نزیکەی هەشت کاتژمێر دوورە و کەس ناناسێت لەو شارە، بۆیە ئەو بڕیارە ئەشکەنجەدانە، بەڵام دادگای سوێرەگ تانەی پارێزەرەکەی ڕەتکردووەتەوە.
ت.پ