هەڵەبجە، خوێندکارانی ناڕازی پۆلی ١٢ گردبوونەوە
پاش دەرچوونی ناوی خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە زانکۆلایندا، خوێندکاران بە ئەنجامەکانیان دڵخۆش نەبوون و ژمارەیەکی زۆر خوێندکار ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی.
هەڵەبجە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی پۆلی ١٢ گردبوونەوە و داوایان کرد کێشەکانیان بۆ چارەسەربکرێن و ناویان لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بێتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەی خوێندکاران لەلایەن دابان حەیدەر، خوێندرایەوە و تیایدا داوایان کرد ئەو بەشانە زیادبکرێت کە خواستی زۆری لەسەرە، بەشە ئێوارە داخراوەکانی زانکۆی سلێمانی بکرێنەوە و داواشکرا لە زانکۆی هەڵەبجە بەشی پزیشکی گشتی بکرێتەوە، هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە کەمکردنەوەی کورسی پارالێل و دووبارە کاراکردنەوەی زانکۆلاین کرا.
شلێر کەمال، دەرچووی پۆلی دوانزەی ئامادەییە و بە نوژنهای وت: ئێمە هاتووین داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆمان بکەین و ئەمە چەندین خۆپیشاندانە لێرە و لە چەندین شاری تری هەرێم بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی و داواکردنی مافەکانی خۆمان، ڕێژەی کۆنمرەی خوێندکاران زیادیکردووە و کورسیەکان کەمکراونەتەوە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو.
کاراکردنەوەی پرۆسەی زانکۆلاین داوای سەرەکی خوێندکارانە، شلێر داوا لەو خوێندکارانەش دەکات کە نمرە و بەشەکانی خۆیان بەدڵە بێنە سەرشەقام و هاوکاریان بن تا ناڕەزایەتییەکانیان بگات.
ئەمڕۆش خوێندکارانی شاری سلێمانی بۆ ٧ەمین ڕۆژ گردبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیشدا لە شاری هەولێر وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند کە لە ٩٠%ی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون و لە١٠%ی دەرچوانیش وەرنەگیراون، بەڵام زیاتر لە شەش هەزار کورسی ماوە و دوای چاوپێداخشانەوە دەتوانرێت ئەوانیش وەربگیردرێن.
ت.پ