ژنانی عەفرین بەهۆی هێرشەکانەوە ناتوانن زەیتونەکانیان کۆبکەنەوە

ژنانی گوندی سۆکخانەک لە ناوچەی شێراوای داگیرکراوی عەفرین کە لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدایە، بەرەنگاری هێرشە داگیرکارییەکانی ئەو گوندە دەبنەوە و دەڵێن: داگیرکەرەکان ڕێگەمان پێنادەن بچینە ناو خاکەکانمانەوە و کار بکەین.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دوای داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک وچەتەکانییەوە، لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە، ئەشکەنجە و پێشێلکاری و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن و زیانێکی زۆریان بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووە، ساڵانە لە کاتی دروێنەکردنی زەیتون لە عەفرینی داگیرکراو، چەتەکانی دەوڵەتی تورک کردەوەکانیان توندتر دەکەن، نەک تەنها لە عەفرین، بەڵکو لە ناوچەکانی ژێر دەستی خۆبەڕێوەبەریشدا، دانیشتووانی مەدەنی بەشداری لەو چالاکییانەدا دەکەن، بە تایبەتی لە گوندەکانی قەزای شێراوا لەسەر هێڵە سنوورییەکان لەم دۆخەدا دەژین.

 

گوندی سۆکخانەک یەکێکە لە گوندەکانی سەر بە شێراوا و لەژێر چەتری خۆبەرێوەبەریدایە و تەنها دوو کیلۆمەتر لە گوندی کیمارێی سەر بە شێراوا دوورە کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکدایە، خەڵکی گوندی سۆکخانەک بە هۆی لەشکرکێشی و چەتەکانییەوە ٧ ساڵە نەیانتوانیوە بچنە سەر زەوییەکانیان و زەیتون بچێنن، هەروەها ئەو کەسانەی دەیانەوێت بچنە سەر خاکەکانیان لەلایەن باندەکانەوە دەکرێنە ئامانج.

 

سەبارەت بە هاتنی وەرزی دروێنەکردنی زەیتون، ژنانی گوندی سۆکخانەک ئاشکرایان کرد کە ئەوان خاوەنی زەوی و دارەکانن، بەڵام ناتوانن زەیتونەکانیان لێبکەنەوە و باسی هێرشەکانی داگیرکەرییان بۆ دەزگاکەمان ڕاگەیاند.

 

''باندەکان ناهێڵن زەیتونەکانمان کۆبکەینەوە''

نازلیە عومەر جمۆ باسی لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرد و وتی: ئێمە بەرەنگاری هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک لە گوندەکان دەبینەوە، ئەوان هەوڵ دەدەن بەو هێرشانە گوندەکە لەڕەسەنایەتییەکەی بەتاڵ بکەنەوە و لەوێ نیشتەجێ ببن، بەڵام ئێمە ناهێڵین خەونەکانیان بەدیبێت، کێڵگە زەیتونەکانمان دەکەوێتە باکووری گوندەکە و تەنها٤٠٠ مەتر لێمانەوە دوورن، بەڵام بەهۆی هێرشە داگیرکەرییەکانەوە ناتوانین زەیتونەکانمان کۆبکەینەوە، ٧  ساڵە نەمانتوانیوە زەیتوون کۆبکەینەوە، باندە داگیرکەرەکان دێنە ناو کێڵگەکانمان و زەیتونەکانمان دەدزن، ئێمە دەیانبینین بەڵام هیچمان پێناکرێت، ئەوان دارەکانمان دەبڕن، گوێمان لە دەنگی ئەوان دەبێت، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ بۆ دارەکانمان بکەین، کاتێک دەچینە ناو خاکەکانمانەوە بە فیشەک و تۆپ هێرش دەکەنە سەرمان، لە عەفرین دارەکانی خەڵک دەبڕدرێن و لەڕەگەوە هەڵدەکێشرێن، بەڵام کەس ناتوانێت قسە بکات چونکە ئەشکەنجە دەدرێت، گوندەکەمان چۆڵ ناکەین، زۆر ئەستەمە بژێوی ژیانی لە گوندەکەدا پەیدا بکەیت، خەڵکەکە لە زەیتون و ئەو بەرهەمانەی بەرهەمی دەهێنن بژێوی ژیانی پەیدا دەکەن، بەڵام باندەکان ڕێگەیان پێنادەن و ئەوانیش سوود لە زەیتونەکەمان وەردەگرن.

 

''٧ ساڵە حەسرەتی زەیتونەکانمانین"

نارین محەمەد عەلی ڕایگەیاند، ئەوان خاوەنی دار زەیتونن بەڵام ماوەی ٧ ساڵە هیچیان لە دارەکانیان وەرنەگرتووە چونکە باندەکانڕێگەیان پێنادەن بچنە ناو خاکەکەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گوندەکەمان لەسەر هێڵێ بەرکەوتنە، زۆر زەحمەتی ژیان دەبینین، چەتەکان لە بەرامبەر گوندەکەمانن و ڕۆژانە بە تۆپ و فیشەک هێرش دەکەنە سەرمان، ئێمە ١٨٠ دار زەیتونمان هەیە، بەڵام ٧ ساڵە حەسرەتی زەیتونێکین، چەتە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک هێرش دەکەن و ناهێڵن بچینە سەر زەیتونەکانمان، هیچ دەوڵەتێک چارەسەرێک بۆ ئەو شەڕ و ململانێیانە نادۆزێتەوە و کۆتایی بە داگیرکاری ناهێنێت، ئێمە خاوەنی زەویین، بەڵام ئێستا وەک کرێکار بۆ خەڵک لە خاکەکەدا کار دەکەین، منداڵەکانمان بە ترسەوە گەورە دەبن،خاوەنی دۆز و مافەکانمانین و ئامادەین خاکی خۆمان بپارێزین، هەرگیز گوندەکەمان بەجێناهێڵین.